ئارمانی نەتەوەیی و ناخودئاگای نەتەوەیی
ئەو ساتەوەختەی کە تڕامپ، تەقەی لێکرا و کەوت تا ئەو کاتەی کە هەستایەوە و جەماوەر دڵنیا بوون کە زیندوویە، تەنیا چەند چرکەی خایاند. هەموو بەشداربووان، لە ناکاو هاواریان کرد: ئامریکا، ئامریکا، ئامریکا (USA). ئەم کاردانەوە، پیشاندەری جێگیربوون، بە دەروونیکراوە بوون و بە دامەزراوییبوونی نەتەوەیە لە مێشکی مرۆڤی ئامریکایی وەک ناخودئاگای نەتەوەیی.
ئارمانی ناخودئاگا هەمان دینامیسمە کە مرۆڤەکان بەرەوپێش دەبات، دەبێتە سەرچاوەی وزە بۆ گەشە، ئایدیالی بەختەوەری، و سەرکەوتن:
من عاشقی ئەو شتەم کە گەورەم بکات.
بۆیە ئارمانی نەتەوەیی وا دەچێتە نێو بنج و بناوانی مرۆڤی نەتەوەیی کە وەکوو غەریزە، ڕێنوێنی هەڵسووکەوت دەکات؛ وەکوو هەناسە هەڵکێشان، وەکوو لێدانی دڵ، وەکوو باڵانسی ڕێگە کردن و….
ئیتر بەرژەوەندی تاک و تاقم و دەستە و گرووپ و حیزب و چورتکە خستن بۆ باش و نەباش یان باش و خراپ، نایخوات، دادوەری و عەداڵەت، ئەرک و ئەمەگ و وەفاداری، دەبێتە ئارمانی نەتەوەیی، بوێری و ئازایەتی، بە ئارمانی نەتەوەیی، پێوانە دەکرێت، و سەرکۆنە و سووکایەتی و شەرم، خۆدزینەوە لە بەرپرسایەتی و ئانجا خەیانەت، لە چوارچێوەی ئارمانی نەتەوەیی، دەخەمڵێندرێت و داوەری بۆ دەکریت و بەمجورە، “عەقڵی نەبڕاوە”(Impentrable Intellect) و “غەریزەی شارستانی” (Civilized Instinct)، هێڵێکی سوور بە دەور چەمکی نەتەوە و بە دەور خاک و سەرزەمین دەکێشێت.
ئارمانی نەتەوەیی و ناخودئاگای نەتەوەیی و عەقڵی نەبڕاوە و غەریزەی شارستانی، لە مۆندیالی ئورووپا و کۆپا ئامریکا دەبینیت، هەروەها و لە گشتگیری کۆڕۆنایش، کاتێک ناخودئاگای نەتەوەیی، لە چاوترووکاندنێکدا، گلۆبالیزاسیۆنی ڕەنگامەی کرد بە بڵقی سەر ئاو.
بیهێنە بەرچاوی خۆت ئەو کاتەی کە سەربازێک لە شەڕدا، گیانی بەخت ئەکات و بۆ ئاگادار کردنەوەی بنەماڵەکەی، سەربازێک بە جل و بەرگی سەربازی، دەنێردرێتە بەر ماڵی گیانبەختکردوو و ئاڵایەکی نیشتمانی هاوکات لەگەڵ هەواڵەکە، پێشکەش بنەماڵە دەکرێت یان خوێندنگەی سەرەتایی و لەبەر کردنی سروودی نەتەوەیی و فێرکردنی چۆنییەتی هەڵکردنی ئاڵا؛
بەهێزکردنی پاڵنەرەکان بۆ چەسپاندنی ناخودئاگای نەتەوەیی و….
هەر ئەوەندە و ئیتر خۆشیتان.
ئارمانی نەتەوەیی و ناخودئاگای نەتەوەیی
July 16, 2024
2 Mins Read
138
Views