ئێرانۆفیلە هایپەر نۆڕماڵیستەکانی کورد
ئێرانۆفیلە هایپەر نۆرمالیستەکان لە هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، چ لەسەر ئاستی سەرکردە یان نوخبە، سەروەری ئێران وەک دێوەزمەکی قەبە -لەوانەیە فریشتە ڕەشەکەیش- دەخەنە ڕوو کە ناتوانرێت چوارچێوەکانی بگۆڕدرێن، بە دووفاقی و ناڕوونی و بانگەشەی ئاگاداربوون لەو دیوی ئاوێنەکەوە، ڕاستی داگیرکاریی کوردستان ئاسایی دەکەنەوە، بۆ ئەوان مێژوو بەردەوامییەکی سنووردارە کە ئێران هەمیشە تێیدا بووە و هەمیشەش دەبێت و دەمێنێت، هەموو قسە و ڕەفتارەکانیان هەمان کلیشە کۆنەکانن، ئەوان لە نەزانی و هۆگری تاقم و بێدەنگیی شوێنکەوتووانی خۆیان کەڵک وەردەگرن بۆ ئەوەی بەردەوام وێنەی چوارچێوەدارکراوی ئێران لەناو مێشکی خەڵک قاپ بکەنەوە و سەرسامهێنەری بکەن.
بۆ ئەوان هەوڵی نەتەوەی کورد بۆ سەربەخۆیی یۆتۆپیایەکی بێ بنەما و خەونێکی سەرلێشێواو و ئەرکێکی مەحاڵ و پووچە، واقیعی ئێران دەبێ قبووڵ بکرێت، بە گۆڕان و گۆڕانکاری دیوارەکان بۆیاخ دەکەینەوە، و ژیۆپۆلیتیکی ئێران هەرگیز ناگۆڕێت. ئێرانۆفیلە هایپەر نۆڕمالیستەکانی کورد، هەزارتۆیەکی گەورە و سەرسووڕهێنەر لە چیرۆکگێڕانی سیاسی دروست دەکەن بۆ ئەوەی نیشان بدەن کە حەقیقەتی هەوڵی سەربەخۆیی دەبێ بکرێتە قوربانی بۆ ئەوەی واقیعی ئێرانی بمێنێتەوە، چەپن بەڵام چرا ڕێنمای ڕاست لێدەدەن، ڕاستن بەڵام چرا ڕێنمای ئێرانی لێدەدەن.
لە ڕوانگەی ئەوان ئەگەر کوردستان سەربەخۆ بێت خەڵک دەکەوێتە نەهامەتی و لە برسێیەتیدا دەمرن، هەوڵدان بۆ سەربەخۆیی ئامانجێکی شایستە و بەهادار نییە، باشترین ڕێگا ئەوەیە تاران سەرنجڕاکێش بێت، دەبێت داگیرکاری دیموکراتیزە بکەین، لە واشنتۆن و بەغداش تەوقە دەکەین و شانی داگیرکەری بە وەکالەت ماچ دەکەین؛ یەکێکیان لەگەڵ حکومەت و ئەوی تریان کە جل و بەرگی ئۆپۆزسیۆنی لەبەردایە.
شۆڕشی ژینا نییە. ڕاپەڕینی مەهسایە، ڕاپەڕینی ژن، ژیان، ئازادییە.
وەهمێکی بەکۆمەڵ لە توانابوون و تواناسازی دێمۆکڕاسی بۆ ئێران دەخەنە ڕوو، دیمەنە خوێناوییەکانی شۆڕشی شوناسخوازی ژینا بە دیموکراسیخوازی ئێرانەوە دەبەستنەوە، پێداگری لەسەر جیهانی ساختەی ئێرانی دەکەن و دنیاسازیی کوردستانی کون و سووک دەکەن.
لە ڕوانینی ئەوانەوە بەرخۆدانی نەتەوەیی و بەرگری ڕەوا شەڕی تفەنگچییەکانە، چالاکیی مەدەنی بەسە بۆ بەرخۆدان، ئەگەر ڕێفۆڕم بکەین هەموو شتێک جوان دەبێت، شارۆمەندی پلەچەندەمی زاتی بەرهەمی داگیرکاریی بە مافی شارۆمەندی یاسایی ئێرانی چاک دەبێت، شۆڕشی خوێناوی ژینا ناتوانرێت بە شۆڕشی شوناسخوازانە لێکبدرێتەوە و ئامانجیش دیموکراسی بوو لە ئێراندا، کوردستان چاو و چرای ئێرانە، ئێرانیش چاو و چرای کوردە، بارودۆخی ژێر دەسەڵاتبوونی کوردانی ئێران بەتەواوی ئاساییە و ئەو چەرمەسەری و نەهامەتی و بەشمەینەتییە، تەنیا بەرهەمی کۆماری ئیسلامییە، هەرجەندە حاشای لێناکەین هەندێک کێشە هەیە کە بە دیموکراسی و یاسا لە دواڕۆژی گۆڕانی حکوومەتی ئێران چارەسەر دەکرێت، جەبری ژیۆپۆلیتیک ڕێگە بە سەربەخۆیی نادات، خەریتەی کوردستان، ساویلەکەییە، سیاسەتی شاراوەی جیهانی لەگەڵ کورددا نییە و خۆیان لە نەزمی نوێ و نیشانەکانی گێل دەکەن یان تێیناگەن، گەل نابێ ڕادیکاڵ هەڵسوکەوت بکەن و ڕادیکاڵ بیر بکەنەوە، پێویستە کۆنترۆڵی ڕادیکالیزمی نەتەوەیی و ناسنامەخوازانە بکرێت و ئەگەر پێویست بکات بێدەنگ بکرێت و بگرە بیخنکێندرێت و لە کۆتاییدا وەک مەڕی ماندوو لەگەڵ دۆخە ئێرانییەکەدا ڕێکبکەوین، هیچ بژاردەیەک نییە جگە لەوەی ئێرانی بین و ئێرانی بمێنینەوە و گیانی خۆمان لە پێناو ئێراندا بەخت بکەین و…
ئێرانۆفیلە هایپەر نۆرمالیستەکانی کورد تایبەت نین بە یەک گرووپی سیاسی ڕۆژهەڵات؛ لە هەموو هێزەکاندا بڵاون و بڵاوەیان پێکراوە، ئەگەرچی بە زمانێکی جیاواز و ئایدۆلۆژیایەکی جیاواز و ئاڵای جیاواز و تێفکرینی جیاواز و دەربڕینی جیاواز، بەڵام لە کۆتاییدا بە یەک ئامانج:
دەبێت پشیلە لووسە ئێرانییەکە ڕێزی لێبگیرێت و پارێزوانی لێبکرێت و پیرۆزبکرێ و بپەرسترێت….
بڕوانە بۆ فیلمی داکومێنتارانەی:
Hypernormalisation, Adam Crutis, 2016. BBC
ت.ب: هایپەرنۆرمالیزاسیۆن جۆرێک لە چەقبەستوویی کۆمەڵایەتی- سیاسییە کە سیستەمی داسەپاو شکستی هێناوە و ناکارامەیە بەڵام هێشتا دەژی لەبەر ئەوەی کە هیچکەس و لایەنێک بوێری یا توانای گۆڕانکاری نییە یان هەنووکە جێگرەوەیەکی بۆ نییە و بۆیە ملی بۆ دادەوێنی و قبووڵی دەکەیت
