ئەزموونەکانی ڕۆژهەڵات و پێویستی “گەشەی هاوسەنگی نەتەوەیی”
ئەزموونەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە خوێندنەوەی ڕووداوەکانی پەنج ساڵی ڕابردوو، پیشاندەدەن:
ڕەفتاری ڕۆژهەڵات لە کاتی قەیراندا، پەیڕەوی ئاستێکی یەکسان دەکات،
لە بۆنەی فەرهەنگی و کۆمەڵایەتیدا، ئەم ڕەفتارە گشتییە، زۆر نزیکترە لە یەک،
لە ڕووداوگەلی پێوەندیدار بە سیاسەت، مەودایەکی مانادار نێوان بەشە جیاوازەکانی ڕۆژهەڵات، دەبیندرێت.
بەبێ سەرنجدان بە هۆکارەکان کە لێرەدا باسیان ناکەم (هەرچەندە پێویستن و گرینگ)، ئاماژە بە چەمکێک دەکەم کە سێکوچکەی هێزە سیاسییەکان و ئێلیتەکان و کۆمەڵگا، پێویستە، کاری بۆ بکەن بۆ بەرهەمهێنانی کارلێکی گشتی نێوان هەموو بەشەکان:
گەشەی هاوسەنگی نەتەوەیی
ئەم چەمکە گەرچی لە بازنەیەکی بەرفراواندا پێناسە کراوە بەڵام لێرەدا بە واتای هەوڵدانی فرەڕەهەند و فرەلایەن بەکار دەهێنری بە مەبەستی لێکنزیکبوونەوە و یەکگرتوویی و دوورکەوتنەوە لە ناسازی و ناهەماهەنگی و دابڕان لە بوارە جیاجیاکاندا هەروەها پەرەپێدانی توانای سەرچاوە مرۆییەکان بۆ کردار و کاردانەوە و کارلێککردن لەسەر بنەمای شوناس و پێکهاتەی نەتەوەیی.
گەشەی هاوسەنگی نەتەوەیی لەم ڕوانینەدا هەروەها هەوڵدانە بۆ بۆ بیناکردنی کۆمەڵگایەکی نەتەوەیی بەهێز، تەندروست، و دادپەروەرانە لە گشتییەتی ڕۆژهەڵات بە ئامانجکردنی ڕێکخستن و حوکمڕانی، یاسا، پێوەندی و بزاوت، نوینەرایەتی و دانوستان و سازان، ئاسایش و ڕێککەوتن، دیالۆگ و ئاشتەوایی، ئەخلاق و بەرپرسایەتی و لێپرسینەوە، سەرچاوە سروشتی و سەرچاوە مرۆفییەکان، ژێرخانەکان، ڕێکخستن، وەبەرهێنان، بەرهەمهێنان، بەکارهێنان، دابەشکردن، کار، دراو، خۆشبژێوی، ژینگە، وزە، ناسنامە، بیرەوەرییەکان، باوەڕەکان، گێڕانەوەکان، داهێنان، پەروەردە، زانست، زمان، ئەدەبیات، هونەر، پێناسەی چەمکە سیاسی و فەرهەنگ و کۆمەلایەتی و یاسایییەکان، تەندروستی دەروونی تاک و کۆ و مێدیا لە سەر بنەمای شوناس و ناسنامەی چالاکی نەتەوەیی و کوردستانی و پێکهێنانی کۆمەڵگای هاوتەریب لە کاتی دەسەڵاتی داگیرکەری ئێرانیدا.
نموونەی پێشنیاری بۆ دەسپێک:
ئەگەرچی مۆدێلەکان بۆ ڕەوتی باڵانسی هاوسەنگی نەتەوەیی، بە ڕێژەیەکی فراوان بەردەستن و دەکرێت و دەبێت پسپۆڕانی ئەم بوارە بۆ نەخشە و نەخشەڕێگایەکی گونجاو، قۆڵی لێهەڵماڵن، ئەم ئولگوویە وەکوو دەروازە، پێشنیار دەکرێت:
لە مۆدێلی بەردی سەهۆڵیندا، کە هەموومان تا ڕادەیەک پێی ئاشناین، ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە کاتێک چاوی لێدەکەین، تەنها یەک لەسەر سێی لە سەرووی ئاوەوە دەبینین و دوو لەسەر سێی دیکەی لە ژێر ئاودایە، لە ڕاستیدا ئاماژەیە بۆ ژێرخان و سەرخان کە بۆ سەرپێکهاتەیەکی سەرنجڕاکێش و گەشەسەندوو و متمانەپێکراو، گرینگترین پرس، بەرنامەداڕشتن و دروستکردن و پەرەپێدانی ژێرخانەکانە، دواجار، سەرخانەکانی لێ پەیدا ئەبن و بەرهەمدێن و بەدواداچوونیان بۆ دەکرێتن و کۆی ژێرخان و سەرخان، دواجار وەکوو گەشە و گەشەی نەتەوەیی فرەڕەهەند و هەمەلایەن و هەمەڕەنگ، خۆی وەک گشتییەتێک، ئاشکرا دەکات.
لەم مۆدێلەدا کە نموونەیەکی سەرەتایی لە وێنەکەدا دەبینین و بە پێی پێویستی و پێداویستییەکانی کوردستان، فاکتەرگەلێکی دیکەی پێ زێدە دەکرێت یان لێی کەم دەبێتەوە ژێرخان بریتییە لە:
مێژوو و گێڕانەوەکان،
نەریت و یاسا نەنووسراوەکان و حوکمەکان،
تێڕوانین و تێگەیشتنەکان،
بیروباوەڕی ناسنامە- نەتەوەیی،
هەستکردن بە خۆقەیرزانی و بەهاکانی خود،
دڵسۆزی بۆ بنەماڵە و هاوسۆزی و هۆگری بۆ هاونەتەوە و هاووڵاتی و خاک،
پێویستی سەربەخۆبوونی تاک و کۆ،
شێوازەکانی خۆ پاراستن،
گریمانە و گریمانە هاوبەشەکان و پڕۆژە،
نۆڕمەکان و خووەکان،
پاڕادایمەکان[فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی و ئابووری و پەروەردەیی و یاسایی و سیاسی]،
بیرو بڕواکان،
هەست و سۆزەکان.
سەرخانەکان و سەرپێچەکانیش بریتین لە:
ستراتیژییەکان،
پێوانەکان و پێوانەی بە ستانداردکراو،
ڕێساکان،
پلانەکان،
هاندانەکان،
سیاسەتەکان،
کردارەکان،
ئامانجەکان.
سەرەنجام
گەشەی هاوسەنگی نەتەوەیی، پێویستی و پێداویستی هەنووکەیی ڕۆژهەڵاتی نیشتمانە و وەکوو ڕەوتێک، کەڵکوەرگرتنە لە سەرچاوە و سامان و سەرمایەکان، سەرەتایەکە بۆ گۆڕانکاری مێنتالیتەی هەنووکەیی پەرتەوازەیی لە سەر ئەساسی زاراوە و ژێر سیستەمە نەتەوەییەکان و جیاوازی ئایین و ئایینزا و ئایدیولۆژی و سەلیقەی سیاسی، ئاراستەکردنی هەموو کۆمەڵگای کوردستانە بەرەو کردە و کردار و کاردانەوە و ئەکتی بەرانبەری نەتەوەیی خوتەوەر دژ بە ئەویدی ئێرانی و ئاراستەکردنی هەموو وزە و توانستەکانە بەرەو کۆمەڵگایەکی هاوتەریب کە لەگەڵ پێداویستییەکانی ئێستا و داهاتوو و پێویستی سەربەخۆیی دەگونجێت.
ئەزموونەکانی ڕۆژهەڵات و پێویستی گەشەی هاوسەنگی نەتەوەیی
July 7, 2024
3 Mins Read
139
Views