ئەگەر بانگەشەی دێمۆکڕاسیش دەکەین ناسیۆناڵیستێکی دێمۆکڕاتیک بین
لە سەرەتاکانی سەدەی نوێ، پێشبینی ئەوە کرابوو کە سەدەی بیست و یەکەم، سەدەی بەهێزبوون و ململانێی چوار بزاف دەبێت لە جیهاندا:
ناسیوناڵیسم،
بناژوخوازی،
فێمێنیسم،
سەوز،
لە چارەکی دووهەمی ئەم سەدەیەدا، دەتوانین تا ڕادەیەکی زۆر، وەدیهێنانی ئەم پێشبینییە ببینین:
لە ناسیۆناڵیسمی ئێنجیلی ئامریکایی بۆ بەهێزبوونی ڕاستی ئورووپایی، ناسیوناڵیسمی ئۆرتێدۆکس، ناسیۆناڵیسمی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی عەرەبی، عێبری، تورکی و تا ڕادەیەک ئێرانی دەوڵەت- نەتەوەکان، ناسیۆناڵیسمی ئاسیای ناوەندی تورک تەوەر، و ناسیۆناڵیسمی نەتەوە بێ دەوڵەتەکان.
بناژۆخوازەکان بە گڵۆباڵیسمی جیهادی لە ئێران و تورکیا و ئەفغانستان و یەمەن و عێراق و لوبنان و سووریا هەم لە فۆڕمی دەوڵەتی سەقامگیر و هەم هێزی پڕۆکسی.
فێمینیسم و هەوڵی بزافی ژنان بۆ گشتگیری و تێکۆشان بۆ مافەکانی یەکسانی و ڕێبەری سیاسی و کۆمەڵایەتی.
سەوزەکان بۆ پاراستنی ژینگە و تەنانەت ڕێگە کردن بەرەو ئاراستەی هێز لە چوارچێوەی بزاف و حیزب و دەسەڵات.
بە سەرنجدان بە ڕۆژهەڵاتی ناوین و پرسی پەیوەندیدار بە کوردستان، چوار داگیرکەری کوردستان، ئاوێتەیەک لە ناسیۆناڵیسم و بناژۆخوازی، وەک سازوکارێک، بەکار دەهێنن بۆ ئامانجەکانی خۆیان سەرەتا وەکوو هەوڵدانێک بۆ مانەوە و دواتر لە ڕەوتی فراوانخوازی و پاوانکردن و هەروەها کپکردن و خنکاندنی بزافی ڕوو لە گەشەی هزری نەتەوە- دەوڵەتخوازی کوردەکان.
لەم نێوەدا ناسیۆناڵیسمی نەتەوەی داگیرکەر و سەردەست و بناوخواژی لە چەشنە جۆراوجۆرەکانیدا، وەکوو شمشێرێکی دوودەم بەرانبەر بە ناسنامەخوازی سیاسی کورد، بەردەوام لە کاردا بووگن.
سەبارەت بە فێمێنیسمیش، ئەگەرچی هەوڵەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوین و کوردستان، حاشای لێناکرێت و لانیکەم لە شۆڕشی ژینادا، نواندنێکی بەهێزی بوو بەڵام هێشتا ناتوانرێت بگوترێت کە ئەم دەڵەمەیە، فۆڕمێکی وەکوو بزافی پێوە دیارە و هێشتاکوو وزەی پێویستی بۆ بزووتنەوەیەکی کارامە و کارتێکەر تێدا نابینرێت.
بە سەرنجدان بە فەرزییەی سەرەتایی بۆ ڕەوتی چوار بزووتنەوەکە، کورد، لە سەردەمی نوێدا، لەوانەیە تاقە ڕێگایەک کە بتوانێت هەم بەرەنگار ببێتەوە بەرانبەر نەمان و هەم ڕێگە ببڕێت بەرەو داهاتوویەکی خۆشبەخت و خۆشگوزەران، یەک بژاردەیە و ئەویش ناسیۆناڵیسمە.
دڵخۆشبوون و دڵخۆشکردن بە ژیان لە قەبارەی هەنووکەیی سەردەستی داگیرکەران بە ئامانجکردنی دێمۆکڕاسی و فۆڕمەکانی پێکەوەبوون و پێکەوە سازان و پێکەوە ژیان، نەک ئاسنی سارد کوتان بەڵکوو مستکوتاندنە بە سەر سنداندا. بینیومانە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا و بەردەوامیش دەیبینین ئەم خەسارە گەورەی پێداگریکردن لە سەر خواستە ماوەبەسەرچووەکان. هزر و بیر و هەوڵی ماوە بەسەرچوو، هەزار کراسی تازەشی لەبەر بکەیت هیچی لێ شین نابێت و دواجار تەنیا دەبێت بە میرات….
ئەگەر بانگەشەی دێمۆکڕاسیش دەکەین با ناسیۆناڵیستێکی دێمۆکڕاتیک بین….
