هەر خۆڵێک هەڵپرژێنین بەسەر خۆمانیدا دەکەین کاتێک هێرش بۆ یەکتر دەبەین، بەشێک لە خودی خۆمان دەفەوتێنین. پێش ئێمە وتوویانە: “ئێمە دەبێت فێربین چۆن برایانە بژین، ئەگینا وەک نەفامەکان نابووت ئەوین”.
ئێمە، ئەوان، خود و ناخود، خویی و ناخویی، تاکەی؟ … بۆ چی؟ … بۆ کوێ؟ …
هەموومان دەڵێین حەقیقەتمان خۆش دەوێت بەڵام ڕاستی ئەوەیە ئەو شتەی خۆشمان دەوێت، بە حەقیقەتی دەزانین، بە چاوەکانمان ڕاستی دەبینین بەڵام بە قاچەکانمان لی ڕادەکەین، هەموومان خۆمان بە تابلۆ، و دۆنیا بە چوارچێوەکەی دەزانین …
تا کەی هەر لە ڕوانگەی دوێنێ، سەیری سبەی دەکەین؟ …!
هەموو شتێکمان پێکەوە پەیوەستە، “ئەم نیشتمانەمان لە باوباپیرانەوە وەر نەگرتووە بەڵکوو لە نەوەکانی خۆمان بە قەرز وەرگرتووە”. بیرمان کردووتەوە سبەی بە نەوەکانمان چی بڵێین کاتێک پرسیاری خاکی دایکیمان لێدەکەن؟
من نازانم چ وەڵامێک بدەمەوە … ئێوە دەزانن؟!
لە بیرمان نەچێت: هەرچی بۆ خاک ڕەوای دەبینین، بۆ نەوەکانی داهاتووش ڕەوای ببینین.
تۆ، ئەو، من، ئەوان … تەواو کەین.
ئیتر بەسە خۆفریودان، سەرزەنشت و ڕەخنەی دوور لە ویژدان، هەڵبەسراوی هەمەجۆرە، سووکایەتیکردن و ڕەشبینی و خۆسنووردارکردن و …
هەر کەس لەم ململانێیەدا خۆی بە براوە بزانێت، دۆڕاوە. هەموومان دۆڕاوین چونکە غرووری نیشتمانمان ڕووشاندووە، مێژوومان خەوشدار کردووە و …
یەک ڕێگا ماوە، تەنیا یەک ڕێگا:
یەکتایی، یەکبوون، یەکدیتن، هەستی یەکسانی، هەستی هاوسەنگی، پەیوەستبوون بە هاوشێوەکانی خود و …
با جوانترین چارەنووس بۆ خۆمان هەڵبژێرین، سپیدەیەک دروست کەین باشتر لە ئەمڕۆمان، “با ئێمە بین و هەمیشە بین”، “با ئێمە بین و هەمیشەیی بین”، “با کوردستانی بین و هەمیشەیی بین” …
بێهزاد
۴ی پووشپەڕی ۲۷۱۵