بوێرانە بێژین ئورمیە خاکی کوردستانە
سەردەمانێک بوو قسە کردن لە کرماشان و ئیلام وەکوو خاکی کوردستان، جۆرێک شەرمێونی تێدا بوو لە لایەن هێزە سیاسییەکانی کوردستان و بگرە جۆرێک لە کەمتەرخەمیشی پێوە دیار بوو.
لە کۆدەنگی هێزە سیاسییەکانی کوردستان بەرەو ئیمڕۆمان کە کرماشان و ئیلام، تەنانەت وانەی کوردایەتی و کوردستانیمان پێدەڵێنەوە، زۆری نەخایاند و….
بانگەشەی فەرمی و کۆدەنگی سیاسی بۆ “ئورمیە دڵی کوردستانە”، دەرفەتەکانی یەکجار زۆرترە لە هەڕەشەکانی و ئەوەی کە ئێمە لە مێشکی خۆماندا دەیڕێسین بەم هۆکارانەیە:
دۆخێکی خۆسەپێنراوە کە ناهۆشیارانە یان بە ئەنقەست بۆ خۆمان دروست کردووە یان قبووڵمان کردووە(self- Imposed Restriction)،
پرسی “خاک” (Territory)مان وەک گرینگترین فاکتەری هاوکێشەکانمان پێناسە نەکردووە،
هاوتەریب لەگەڵ گەشەی خواستی گشتی شوناس تەوەری جەماوەری ڕۆژهەڵات، گەشەمان نەکردووە،
لەنێو یاسا کۆنەکانی خۆکرد و تێڕوانینە کۆنەکاندا گیرمان خواردووە،
هێشتا بڕوامان بە ئیرادەی گەلێک نەهاوردووە کە هاوار دەکەن: (Kî Ne Em)،
کارتێکەری فاکتەری دەرەکیمان زۆر گەورەتر لەوەی کە بوونی هەیە هەڵسەنگاندووە،
هێزی نەرمی گەورەی نەتەوەکەمان بە ئاراستەی نەتەوەیی بە کەم گرتووە،
هێشتا گیرۆدەی کۆمەڵێک هاوپەیمانی کارتۆنین کە خۆمان کردوومانن بە مەڵۆزم لە خۆمان،
لە گرینگی و هێزی جووڵێنەر و بگرە یەکلاییکەرەوەی شەڕی گێڕانەوەکان (Narrative Warfare) و شەڕی سێناریۆکان (Scenario Warfare) تێنەگەیشتوویین،
بە کوردی خۆمان، بە تەمای “جووت حەوت” دانیشتووین و خۆ دەبوێرین لە شەترەنجێک کە هەر هەڵە یان سەرکەوتنێکی سەرەتایی مۆرەکان و کردنەوەکان، سەرکەوتن و دۆڕاندنی کۆتایی یاریمان مسۆگەر دەکات و….
بڕیارێکی بوێرانەی کوردستانی و خاک تەوەر و شوناسخواز، پێویستە بۆ هاوئاراستەکردنی هەموو هێز و خواست و پێکهاتەکان؛ بۆ هاوپشتی نەتەوەیی و بۆ شوناسی بە بەرنامە:
ئورمیە خاکی کوردستانە
