بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی زمانی دایکی
یەک: هاندانی خوێندن بە زمانی دایکی دەتوانێت یارمەتی مرۆڤ بدات بۆ پەرەپێدانی خۆشەویستی بۆ ئەدەبیات، خوێندنەوەی شیعر و چیرۆک و ئوستوورەکان کە بە زمانی زگماکی مرۆڤ نووسراون و دەتوانێت پەیوەندییەکی سۆزداری بەهێزتر دروست بکات.
دوو: زمانەکان نوێنەرایەتی مێژوو، فەرهەنگ و کولتوری ئەو کەسانە دەکەن کە بەکاریان دەهێنن. سروشتی وشە وەرنەگێڕدراوەکان ئەوە پیشان دەدات کە چەمکێک لە کولتوورێکدا هەیە کە ئەوەندە گرینگی پێدەدرێت کە ئەرکی وشەیی ناوازەی بۆ دیاری بکرێت. هەروەها زمانەکان زانیاری زیاترمان دەربارەی مرۆڤناسی پێدەڵێن.
سێ: زمانەکان، بە واتا پیچیدەکانیان بۆ شوناس، پەیوەندی، یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی، پەروەردە و گەشەپێدان، گرنگییەکی ستراتیژیکیان هەیە بۆ مرۆڤ و مرۆڤایەتی.
چوار: کاتێک زمانەکان نامێنن، تابلۆ دەوڵەمەندەکانی جیهان لە هەمەجۆریی و فەرەڕەنگی کولتووریشدا لە کیس دەچن و بەوپێیەش، دەرفەتەکان، نەریتەکان، یادەوەرییەکان، شێوازی بیرکردنەوە ناوازەکان، دەربڕینەکان، و سەرچاوە بەنرخەکان بۆ دەستەبەرکردنی داهاتوویەکی باشتریش لەدەست دەچن.
پەنج: زمانەکان ڕۆڵێکی گرینگ دەگێڕن لە پەرەپێدانی ناسنامەی کولتووری و گفتوگۆی نێوان فەرهەنگەکان، لە بەهێزکردنی هاوکاری و گەیشتن بە پەروەردەیەکی چلونایەتیانە بۆ هەمووان، لە دروستکردنی کۆمەڵگای زانستی گشتگیر و پاراستنی میراتی کولتووری، و لە کۆکردنەوەی ئیرادەی سیاسی بۆ بەکارهێنانی سوودەکانی زانست و تەکنەلۆژیا بۆ گەشەی سەقامگرتوو.
شەش: بۆ هەموو نەتەوە بێ دەوڵەتەکان، وەک نەتەوەی کورد کە لە پڕۆسەی خەبات بۆ سەربەخۆییدایە، زمان یەکێکە لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی شوناس بۆ ئەوەی کولتوور و مێژوو و نەریتەکانی بە زیندووی بهێڵێتەوە و ڕێگری بکات لە ئاسمیلەکردنیان لە فەرهەنگی گرووپی باڵادەست.
هەروەها ئامرازێکی بەرخۆدان و یەکگرتووییە، و زمانێکی هاوبەش ڕێگە بەم نەتەوەیە دەدات باشتر پەیوەندی لەگەڵ یەکتردا بکات و ئەزموون و ئامانجەکانی بگەیەنێت و بەرەنگاری توانەوە و لەناوچوونی کولتووری ببێتەوە.
حەوت: هەروەهاتر نەتەوەی کورد، پێویستی بە میراتی مێژوویی و ئەدەبی خۆی هەیە وەک ئامرازێک بۆ پاراستن و گواستنەوەی ئەدەبیاتی مێژووی زارەکی و زانستی ڕەسەن، کە ڕۆڵێکی گرینگ دەگێڕن لە داڕشتنی ناسنامەی نەتەوەیی خۆیدا.
هەشت: یەک خاڵی گرینگ لە زمانی زگماکیدا “سەربەخۆیی فیکری”یە. نەتەوەیەک کە سەربەخۆیی فیکری هەبێت دەتوانێت ناسنامەی نەتەوەیی خۆی ڕێکبخات و ئامانجی بۆ دابنێت و لە ڕێگەی کۆکردنەوەی بەکۆمەڵەوە بیخاتە سەر ڕێگای سەربەخۆیی.
نۆ: بەڵام گرینگترین خاڵ کە کەمتر باسی لێکراوە خۆشویستن و عەشق و ئەوینە بە زمانی زگماکی، ئەوەی کە ڕێگە دەدات مرۆڤ، پەیوەندییەکی قووڵ و ڕەسەن لەگەڵ ناسنامە و کولتوور و هەستەکانی هەناوی خۆیدا دابمەزرێنێت، خودی ڕاستەقینەی خۆی دەرببڕێت، هەست و سۆز و یادەوەری و خەونەکانی بە زمانی دڵ دەرببڕێت، پەیوەندی سەمیمیتر و قووڵتر نیشان بدات و دەستی بگات بە سەرچاوەیەکی بێکۆتایی ئیلهام و خەیاڵ بە زمانی زگماکی خۆی.
“کاترین کالدوێڵ هاریس”، مامۆستای یاریدەدەری دەروونناسی لە زانکۆی بۆستۆن دەڵێت: ئێمە دەنگدانەوەیەکی سۆزداری بەهێزمان هەیە بۆ زمانێک کە زوو بەدەستی دەهێنین و بە لێهاتوویی بەرز فێری دەبین چونکی زمانی سەرەتایی لە هەمان کاتدا لەگەڵ سیستەمی ڕێکخستنی سۆزدا گەشە دەکات، هەر بۆیە ئەو ڕستانەی لە سەرەتاوە فێری بووین پەیوەندییەکی نزیکیان بە سیستەمی سۆزداری مێشکەوە هەیە و زۆرتر جێگەی متمانە و قبووڵن.
بێگومان گەورەترین تاوانی داگیرکەرانی کوردستان، پێش کوشتن و سەرکوتکردن، ڕێگریکردن بووە لە ڕۆڵەکانی نەتەوەی کورد بۆ ئەوەی زمانی دایکی خۆیان خۆشبوێت و بە چاوی ڕاستەقینەی خۆیان دونیا ببینن و بە دڵێکی ڕاستگۆ و دڵسۆزانەوە لێی نزیک ببنەوە و عاشق بن و لەگەڵ خۆیان و لەگەڵ جیهان، دڵداری و خۆشەویستی و ئەوینداری بکەن.
بڕوانە بۆ:
international Mother language day, the United Nations, 2024.
international Mother language day, UNESCO, 2024.
the importance of international Mother language day, Flash Academy, 2024.
why is love more intimate in our native language, Tunmise Adebowale, 2024
