تێڕوانینێک بۆ هەڵسووکەوتە دەروونییە نێو حیزبییەکان لە دیاسپۆڕای کوردی ڕۆژهەڵات، بە جەختکردنەوە لەسەر پرسی شەڕی خۆیشک و براکوژی (دیمۆکڕات و کۆمەڵە) و پێشنیاری ڕێگاچارەکان.
پوختە:
لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو، بزووتنەوەی کورد لە ڕۆژهەڵات (حیزبی دێموکرات و کۆمەڵە) دوای پاشەکشەی سەربازی لە دژی کۆماری ئیسلامی ڕووبەڕووی ململانێی ناوخۆیی خوێناوی و “شەڕی خۆیشک و براکوژی” بوونەوە. ئەم خوێنڕشتنە ناوخۆییە پەڵەی قوڵی بەجێهێشتووە، نەک تەنها لەڕووی سیاسی و سەربازییەوە، بەڵکوو لەڕووی دەروونیشەوە. ئەم بابەتە بە تیشک خستنە سەر دیاسپۆڕای ڕۆژهەڵاتی لە دەیەکانی ڕابردوودا، ڕەگ و ڕیشەی دەروونی گرژی و ململانێ و توندوتیژیی ڕەمزی نێو گرووپەکان دەکۆڵێتەوە. دەروونناسی سیاسی، تراوما، یادەوەری کۆ و کۆمەڵناسیی سۆز، یارمەتیدەرمان دەبێت بۆ ئەوەی تا ڕادەیەک هۆکارەکانی بەرهەمهێنانەوەی گرژی و دوژمنایەتی لە نێوان نەوە نوێیەکانی چالاکانی سیاسی کورد لە دیاسپۆڕا ڕوون بکەینەوە. لە کۆتاییدا چارەسەرەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئەم دۆخە لە ڕووی دەروونی و سیاسی و یاساییەوە پێشنیار دەکرێن.
پێشەکی:
بزووتنەوەی نەتەوەیی کوردی ڕۆژهەڵات لە دوای شۆڕشی ١٩٧٩ سەریهەڵدا و حیزبی دێموکرات و کۆمەڵە وەک دوو هێزی سیاسی کاریگەر دەرکەوتن. بەڵام پاشەکشە بەرانبەر کۆماری ئیسلامی بەرەو باشووری کوردستان، و تێڕوانینی ئایدیۆلۆژیک و پاوانخوازی بووە هۆی ناکۆکی ناوخۆیی خوێناوی نێوان ئەو دوو حیزبە، کە دواتر شەقڵێکی قووڵی دەروونی و کۆمەڵایەتی و سیاسیی لێکەوتەوە. ئەم بۆشاییانە بە تایبەت لە دیاسپۆڕای نزیک (باشووری کوردستان) و دیاسپۆڕای دوور (وڵاتانی دیکە) کە شوێنگەی ڕزگاربووان و لایەنگران و نەوەی نوێی ئەم گرووپانەن، لە شێوەی ڕەفتاری گرژ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ڕەتکردنەوەی یەکتر و توندوتیژی هێماییندا خۆیان دەردەخەن. لێرەدا، لە ڕوانگەیەکی دەروونییەوە سەیری دەرئەنجامەکانی ئەم مێژووە تراژیکە دەکەین.
دەروونناسی سیاسی شکست:
چەمکی “تراومای سیاسی” لە دەروونناسی سیاسیدا ئاماژەیە بۆ برینە بەکۆمەڵەکان کە لە ئەنجامی شکستی مێژوویی، سەربازی، یان سیاسییەوە سەرهەڵدەدەن. ئەم برینانە متمانە بەخۆبوونی بەکۆمەڵ کەمدەکەنەوە، هەستکردن بە قوربانیبوونی بەردەوام دروست دەکەن و خولگەی شەڕانگێزی دروست دەکەن. “بارتال” دەڵێت ئەو کۆمەڵگایانەی کە شکست دەهێنن، مەیلیان هەیە دوژمنایەتی لەناو گرووپدا دروست بکەن بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی هێمایین قەرەبووی شکستی دەرەکی بکەنەوە.
یادەوەری کۆ و شەڕی گێڕانەوەکان:
بە بڕوای “ماوریس هالبواکس”، یادەوەری کۆ لە ڕێگەی دامەزراوە و میدیا و گوتارەکانەوە بەرهەم دەهێنرێتەوە. لەو کۆمەڵگایانەی کە بەدەست ململانێی ناوخۆییەوە دەناڵێنن هەر گرووپێک هەوڵدەدات گێڕانەوەی خۆی بۆ ڕابردوو وەک “حەقیقەت” جێگیر بکات. ئەم کێبڕکێیە لەسەر یادەوەری، دەبێتە هۆی بەردەوامبوونی گرژی و مەحاڵبوونی ئاشتەوایی.
گواستنەوەی نەوەیی تراوما:
بەپێی “ڤولکان”، زەبر و زەنگی سیاسی و تراوما، لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی تر دەگوازرێتەوە. ئەو منداڵانەی لە خێزانێکدا گەورە دەبن کە تووشی شکست یان شەڕ بووگن، بەبێ ئەوەی خۆیان ئەزموونی ڕاستەوخۆیان هەبێت، ترس و ڕق و بڕوا چەسپاوەکانی دایک و باوکیان هەڵدەگرن.
بارودۆخی دیاسپۆڕای کوردی:
دیاسپۆڕا وەک “ئاوێنەیەکی یادەوەری”:
لە غیابی مەیدانێکی سیاسی ڕاستەقینەدا، دیاسپۆڕا دەبێتە قۆناغێک بۆ نواندنەوەی ڕابردوو و تاکەکان لە هەوڵدان بۆ وەرگرتنەوەی ناسنامەی سیاسی ڕوو لە جیهانی مەجازی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەکەن. بەڵام ئەم فەزایانە زۆرجار ئەو شوێنانەن کە هەست و سۆزی بێکۆنتڕۆڵ و توندوتیژی ڕەمزی تێیدا هەڵدەقوڵێت و سەرڕێژ دەکات.
دوژمنایەتی ناوگرووپی:
لە غیابی دوژمنێکی دەستڕاگەیشتگدا، واتە حاکمییەتی ئێرانی دامەزراو، وزەی شەڕاشۆیی بەرەو دوژمنانی پێشووی نێو بزووتنەوەکە ئاراستە دەکرێت. هەر گرووپێک ئەویدی نێوخۆیی بەرپرسیار دەکات لە شکستە مێژووییەکە. ئەم سازوکارە، نموونەی بەرگری دەروونییە لە فەرافکەنی (Projection).
نیازی پاککردنەوەی ئەخلاقی:
بۆ پاراستنی ناسنامەی خۆیان لە بەرامبەر ئەوانی تردا، گرووپەکان خەریکی پاککردنەوەی ئەخلاقین و خۆیان بە هێمای “پاکی” و ڕکابەرەکانیان بە “خائین” یان “سازشکار” ناودەبەن. ئەم ستراتیژییە دەتوانرێت بە میکانیزمی بەرگری “دابەشبوون” (Splitting) لە تیۆری “میلانیا کلاین” ڕوون بکرێتەوە.
فەزای ئێلێکترۆنی، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و هێزی ڕووخاندنی هێمایین:
لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا خەڵک لە ژینگەیەکی نابەرپرسیارانەدا زۆر خێراتر ڕوودەکەنە سڕینەوە و سووکایەتی و ناوزڕاندن و شکاندن و بوختان و ناونیتکەلێدان. ئەم فەزایە دەبێتە بەستێنی زاوزێکردن بۆ “دووبارەبوونەوەی ناچاری” (Repetition Cumpulsion) برینەکانی ڕابردوو.
دینامیکی دەروونی چالاک لە دیاسپۆڕا:
دووبارەکردنەوەی زۆرەملێی برین:
بە بڕوای “فرۆید”، مرۆڤەکان مەیلی دووبارە و دووبارەکردنەوەی ئەو برینانەیان هەیە کە تێینەگەیشتوون یان ساڕێژ نەبوون، بە دووبارە و چەندجارە. دیاسپۆڕا بە شێوەیەکی کردەیی سەرقاڵی ئەم دووبارەبوونەوەیە دەروونییە لە ڕێگای بەرهەمهێنانەوەی دوژمنایەتییە کۆنەکانەوە.
بەدامەزراوەییکردنی ناسنامەی قوربانی:
ناسنامەی زۆرێک لە بکەران و چالاکوانان لەسەر بنەمای “قوربانیبوون” پێکدێت. هەرچەندە ئەم دۆخە لە سەرەتادا یەکگرتوویی بەرەوپێش دەبات بەڵام لە درێژخایەندا ڕێگری لە چالاکیی کاریگەر دەکات چونکە قوربانی هەمیشە پێویستی بە دوژمنە بۆ ئەوەی پێناسەی خۆی بکات.
کێبڕکێ بۆ شەرعییەتی مێژوویی:
هەر گرووپێک هەوڵدەدات گێڕانەوەی خۆی وەک “گێڕانەوەی ڕاستەقینە” و “حەقیقەتی ڕەها” جێگیر بکات. ئەم کێبڕکێیە دەبێتە هۆی ئەوەی کە گرووپەکان لەبری دیالۆگ، پەنا بۆ “نکوڵی یەکتر” ببەن، و ئەمەش گوتاری “ئێمە و ئەوان” بەهێزتر دەکات.
پێشنیارەکان :
گفتوگۆی نۆژەنکردنەوە (Resorative Dialogue):
یەک: دروستکردنی فەزای دووبارەخوێندنەوەی ئەزموونەکان، بەبێ حوکمدان و بە ئامادەبوونی ئەندامانی هەردوو دیموکڕات و کۆمەڵە، دەتوانێت سەرەتای پرۆسەی چاکبوونەوەی دەروونی بێت. ئەم گوتارە پێویستە سەرنجی لەسەر تێگەیشتن لە ئەزموونی مرۆڤی بێت نەک گرینگیدان بە شەرعییەتی مێژوویی.
دوو: گێڕانەوەسازی فرەدەنگ:
پڕۆژە فەرهەنگییەکان وەکوو کتێب، دیکۆمێنتاری، گفتوگۆی نێوان نەوەکان و… دەبێ گێڕانەوە جۆراوجۆرەکان تۆمار بکەن بۆ ئەوەی یادەوەری کۆ بتوانێت لە دۆخی مۆنۆپۆلکراوی نێوحیزبی تێپەڕبێت.
سێ: پشتگیری دەروونی بۆ چالاکوانانی دیاسپۆڕا و بەکارهێنانی دەروونناسە کۆمەڵایەتییە بیانییەکان و پسپۆڕانی لێهاتوو لە وڵاتەکانی دانیشتووان بۆ ئەنجامدانی چاکسازی دەروونی بۆ چالاکوانانی سیاسی دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان.
چوار: پرسی دەستنیشانکردنی فەرماندەران و ئەنجامدەرانی هاندان بۆ شەڕی ناوخۆ، و ئەوانەی تاوانیان ئەنجامداوە یان ڕۆڵیان لە براکوژیدا هەبووە، پێویستە لە چوارچێوەی یاسایی و تەنانەت دادگا و دادگاییکردن و سزادان پەرەی پێبدرێت و بەدواداچوونی بۆ بکرێت.
پەنج: پێویستە لایەنە کوردییەکانی بەشدار لە شەڕی خۆیشک و براکوژی بەرپرسیارییەتی شەڕەکە قبووڵ بکەن و بە فەرمی داوای لێبوردن لە خەڵکی کوردستان بکەن و لە داهاتوودا ئامادەبن لە دادگای گەل و دادگای فەرمی ئامادەبن.
شەش: گرووپەکانی چاودێری، هەردووک بەرپرسانی حزبی سەرپەرشتی لیژنەکانی دەرەوەی وڵات و ئەمینداری غەیرە حزبی، پێویستە گرووپی کاری چاودێری و وردبوونەوە پێکبهێنن بۆ دەستنیشانکردنی توخمە وروژێنەرەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، و دوای هۆشداری سەرەتایی، سەرەتا وەک تێکدەر بە کۆمەڵگا بیانناسێنن، دواتر بیر لە ڕێوشوێنەکان بکەنەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی بەرپرسیاریەتی یاسایی و دادوەری لە وڵاتەکانیاندا.
ئەنجام:
بزووتنەوەی ڕۆژهەڵات، دوای چەندین ساڵ خەبات و خۆڕاگری و شکست و شەڕی براکوژی، ئێستا لە قۆناغێکی گرینگی گۆڕانکارییە گەورەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدایە. دیاسپۆڕا لەبری ئەوەی تەنیا شوێنێک بێت بۆ بەرهەمهێنانەوەی ڕابردوو، دەتوانێت ببێتە شوێنگەی ڕووبەڕووبوونەوەی هۆشیارانەی برینەکان و ساڕێژکردنیان. ئەمەش پێویستی بە گواستنەوە و تێپەڕین هەیە لە ئینکاریی و فەرافکەنی و وەدەرنانەوە و پێکهەڵپڕژان، و چوونە نێو مەیدانی گفتوگۆی چاکسازی و فرەدەنگ.
تەنیا لەم ڕێگایەوە مرۆڤی دیاسپۆڕای ڕۆژهەڵات دەتوانێت لە دەروونناسی شکستەوە بەرەو دەروونناسی کردار و بنیاتنانەوە هەنگاو هەڵگرێت.
بۆ خوێندنەوەی زۆرتر:
BarTal, D. Sociopsychological foundations of intractable conflicts, American Behavioral Scientist, 2007.
Halbwachs, M. On collective memory, University of Chicago Press, 1992.
Volkan, V. D. Transgenerational transmissions and chosen traumas: An aspect of large-group psychology. Group Analysis, 2001.
Freud, S. Beyond the pleasure principle, 1920.
Klein, M. Notes on some schizoid mechanisms. International Journal of Psychoanalysis, 1946.
ڕوونکردنەوە: ئەم نووسینە باس لە ڕۆڵی شەڕی مەعریفی، میدیایی و دەروونی حکوومەتی ئێران لە هاندانی دیاسپۆڕا و کولاندنەوەی برینە کۆنەکانی شەڕی خۆیشک و براکوژی ناکات.

No Comment! Be the first one.