جنۆکەی تارانی و سیاسەتی کوردی
ئانتوان چێخۆڤ ئێژێ: “گەرچی سەرکەوتنی بەرچاوم نییە، بەڵام دەتوانم بەو شکستانەی کە بە زیندوویی لێی دەرچووم، سەرسامتان بکەم.”
لە بیرمە ساڵانی پێشوو، کاتێک کەسێک لە ئێمەمانان کە یەکەمجار دەچوو بۆ تاران، سامی گەورەیی تاران دەیگرت و دوای ئەوەی بە وێنەگری خێرای پۆلاڕۆید، ڕەسمێکی لەگەڵ بورجەکەی ئازادی (شەهیاد) دەگرت و دواتر کە دەهاتەوە، ماڵەوماڵ، دەیگەڕاند و پیشانی دەدا یان ئەگەر کاری دەکرد دوای ماوەیەک، ناوی خۆی لە “بلە” دگۆڕا بۆ “ئێبی” و شەڕواڵی دەمپێ هەروای لە پێ دەکرد یان کاتێک تاریفی تارانی دەکرد دەیگوت: “پەحوو پەح، شارە و ماشینە و بنییایەم”، ئیتر جنۆکەی تاران، دەچووە جەستەی و بەرینەدەدا. لە دوای چەند ساڵیش، مناڵان و گەنجانی لە خۆی کۆ دەکردەوە و درۆی بۆ دەکردن کە گوایە ساحێوکارەکەم گوتی بێ کچەکەم بخوازە یان بێوەژنێک بە ماشینی بێنزی کاهوویی و ویلایەک، عاشقم ببوو و هەمیشە دەیبردمەوە بۆ ماڵەکەی و….
٭٭٭٭
ئەو جۆرە نیگایە ئێستا نەک تەنیا لە ڕۆژهەڵاتی جوان نەماوە بەڵکوو نەوەی نوێ، کوردستانیان کردووە بە چەقی شوناس، و سنوورەکانی خودی کوردستانی و ئەویدی ئێرانی، لە هەر زەمەنێکی دیکە، زەقتر و بەرچاوتر و ئاشکراترە.
بەڵام مخابن ئەو جۆرە ڕوانینە بە تاران و جنۆکەی تارانی، هێشتا لە سیاسەتی ئێمەدا شەپۆل دەدات و هەر ڕۆژەو کلکی کەڵەشێرەکە لە باخەڵی لایەنێک، دەردەکەوێت.
کوردستانی ئیمڕۆ لە ڕۆژهەڵاتی نیشتمان، ئەوەندەی فەخر و شانازی هەیە و ئەوەندە سەرمایەی نەتەوەیی کۆ کردووەتەوە کە بە تەنێ، لە ڕۆژهەڵاتی ناوین، ڕووبەڕووی حاکمییەتی ئێرانی وەستاوە و ئەو سامانە نەتەوەییە لە هەڵکشان و هەڵکشان و هەڵکشانی ڕۆژانەدایە. ئەوەیشت قبووڵ نییە چێخۆڤ گوتەنی، ئەم نەتەوەیە لە شکستگەلێک، سەری بە سەلامەت هێناوەتەوە کە بەسە بۆ سەرسامکردنی هەموو مێژوو بەس بێت.
بایکۆتی گەورەی نا گوتن بە حاکمییەتی ئێرانی لە کوردستان، ئەوەندە دەهێنێت کە بیکوتینەوە بە نێو چاوانی باڵی ئۆپۆزیسیۆنی داگیرکەر و بڵێین: ئاها سەیر کە، ئەوە کوردستانە کە حەقیقەتی بەرخۆدانە و دراوی ساختەی بەناو ئۆپۆزیسیۆن نییە.
کوا بۆ دۆعانووسێک ئەم جنۆکەی تارانییە لە جەستەی سیاسەتی کوردی دەربکات.
“تاران بە دەم کەسەوە پێناکەنێ”. ئەو پردەی کە دەتەوێت لە بانی بپەڕیتەوە، ڕووبارەکەی ژێرەوەی وشک بووە….
ئیتر خۆشیمان…..
