جیهانی کوردستانی و سیاسەتی کوردی
باسی “پێکەوە ژیانی ئاشتییانە” شتێکە و گرینگی ژێئۆستراتژیک و ژێئۆپۆلیتیکی ناوچەکان بۆ نەتەوەیەک کە لە ڕەوتی “نەتەوە- دەوڵەت سازی”دایە شتێکی دیکە.
ورمێ بۆ ئەوان دەروازەی سەپاندنی جیهانی تورکە و بۆ ئێمە چەقی جیهانی کوردستانی،
کەرکووک و مووسڵ بۆ ئەوان، سنووری جیهانی تورک و عەرەبە و بۆ ئێمە سنووری جیهانی کوردستانی،
ئەسکەندەروون بۆ ئەوان دەروازەی جیهانی تورکی- عەربی دەریای ناوەڕاستە و بۆ ئێمە، دەروازەی جیهانی دەریایی کوردستانی،
حەمرین سنووری کوردستانی- عەرەبییە،
زنجیرە چیای”کەبیرکووە” و زاگڕۆس بۆ ئەوان دیواری شارستانییەتی ئێرانییە و بۆ ئێمە دیواری جیهانی کوردستانی و….
ئەم جیهانە جیهانی ڕووبەڕووبوونەوەی کەلەپوورەکانە و لە ڕۆژهەڵاتی ناوینیش جیهانی دیزاینکردنی نەزمی نوێ.
جا چ نەتەوەیەک و چ وڵاتێک بتوانێ خۆی لەگەڵ بەڕژەوەندی گشتی زلهێزەکان بۆ جیهانی داهاتوو بگونجێنێت ئەو براوەیە.
جیهانی کوردستانی بە دیواری تورو-زاگرۆس لە ورمێ بۆ کەبیرکووە،
لە کەرکووک و مووسڵ و حەڵەبەوە بۆ حەمرین،
بۆ ئەسکەندەروونی دەریای ئازاد،
وێنا دەکرێت و دیزاین دەکرێت و پێکدێت و سەقام دەگرێت و دەتوانێت متمانەی داهاتوو بێت و هارتڵەندی هارتڵەندەکان و چەقی جیهانی نوێ.
لە نێو چوار پایەی سەرەکی و بنەڕەتی “ڕەق ئامێر” و “نەرم ئامێر” و “مێشک ئامێر” و “سازمان ئامێر” وەکوو بنەماکانی هێز و شەرعییەت، لانیکەم سێ دانەی دەتوانێت و لە بەردەست و کۆنترۆڵی خۆماندایە و کاتێک ئەو سیانەیە دروست هزرێندرا و دروست پێکهێنرا و دوست ڕێوەبەری کرا چوارەمی ڕەق ئامێریش لە چەقیدا مسۆگەرە.
بانگەشەی پێکەوە ژیانی ئاشتیانە و برایەتی و نەرمی نواندن لە گەرمەی دیزاینی نوێی جیهانی جەدید و تێکەڵکردنی لەگەڵ سیاسەت و هێز و شەرعییەت و ژێئۆپۆلیتیک و ژێئۆستراتژیک و هەڵسووکەوتی پەمەیی، نە دەیخوات، نە دەبێت، و نە دەشکرێت.
سەرەتا پێویستە هێڵە سوورەکانمان دیاری بکەین و تێگەیاندن بچەسپێنین بە ئەویدییەکان و دواجار بانگەشەی دێمۆکڕاسی و پێکەوەژیان و ئاشتی بکەین. ئەوە بۆ قۆناغی دواڕۆژی “جیهانی کوردستانی”یە….
