خەیانەتی سپی و خەیانەتی سوور
کاتێک کە خێری گشتی نەتەوە ناس ناکەیت، یان دەیزانیت و بەلاڕێدا دەیبەیت و تەنیا ئیدیعای دەکەیت، کاتێک تووشیاری دۆشداماوی پەروەردەکراویت و ناتوانیت بکەر بیت و بانگەشەیشی دەکەیت، کاتێک لە ترسی بەرژەوەندییە بچووکەکانی تاکەکەسی و ڕێکخراوەیی و حیزبیدا، بەرژەوەندی نەتەوەیەک دەکەیتە قوربانی، کاتێک لەبری تەواوکەری یەکتری، ئەویدیسازی نێوخۆیی دەکەیت بۆ لەناوبردنی یەکترینی ناوخۆیی و بە دامەزراوەیی دەکەیت و دەکەیتە ئامانج، کاتێک وردەشوناسەکان، بە ناسنامەی کۆ و ناسنامەی نەتەوەیی دەگۆڕیت و ڕێگری لە دروستبوونی پڕۆژەیەکی بەکۆمەڵ و نیشتمانی دەکەیت، کاتێک تووشی “کاریگەری بینەر” دەبیت و پێت وایە هەلپەرست بوون و مردووخۆربوون سیاسەتە، کاتێک تاقمچییەتی و ناوچەگەرایی و ئایدۆلۆژیاگەری جێگرەوەی خێری گشتی و خێری نەتەوەیی دەکەیت، کاتێک بە ناخودئاگا و خودئاگا، ئەویدی لە ناوخۆدا دروست دەکەیت و بە درۆ و بوختان و بەرچەسپ وەلایدەنیت و نێوی دەنێی سیاسەتی حەکیمانە، کاتێک هەموو شتێک دەکەیت کە گێڕانەوەی نەتەوەیی بکەیت بە قوربانی وردەگێڕانەوەکان بۆ بەڕژەوەندی تاک و تاقم، کاتێک پاساو دەهێنیت بۆ ژێردەستەبوون و ژێردەسەڵاتبوون و کۆیلەتی و داگیرکەری، و کاتێک تەنانەت پەنا بۆ دوژمن و گێڕانەوەکانی دەبەیت بۆ ڕێگریکردن لە گۆڕینی دەرفەتە مێژوویی و نەتەوەییەکان بۆ ڕزگاری و ئازادیی، نازانیت کە خۆدئاگا و ناخودئاگا، کەوتوویتە داوی خیانەتکردن لە نەتەوەی خۆت؟
خیانەت و خیانەتکار شاخ و باڵ و کلکی نییە، هەر ئەمانەن خیانەت و خیانەتکاری و دواجار چەکهەڵگرتن دژ بە نەتەوەی خۆت، ئەم خەیانەتی سپی و ئەو خەیانەتی سوور؛ تەنیا بە چڕیی جیاواز و پلەی جیاواز و جل و بەرگی جیاواز و پێگەی جیاواز….
کوردستان و ڕۆحی نەتەوەیی کورد ئەم ڕۆژانەی لەبیر ناچێتەوە کە چۆن دەرفەتە مێژووییەکانتان سووتاند و دەیسووتێنن تا گۆشت و پێست و ئێسکی ڕۆڵەکانی نەتەوەی کورد، لە گێڕەکانی داگیرکاری و دەسەڵات، بۆ هەمیشە بەردەوام بێت لە ورد و خاش بوون….
