داهاتووی ڕەش یان گەش لە دەستی خۆماندایە
زۆربەی ئاماژەکان دەرخەری ئەو ڕاستییەن کە ئێران، دواجار، یان بەرەو دەردی باڵکانیزە بوون دەڕوات یان داڕمان لە چەشنی یەکێتی سۆڤییەتی پێشوو. ئەم ڕێگەکردنە بەرەو کۆتایی ئێرانی هەنووکەیی، هەم هۆکاری نێوخۆیی هەیە و هەم هۆکاری دەرەکی و ئاماژەکان، ئێستاکە زۆر ڕوونتر لەوەن کە حاشای لێبکرێت. ئەگەرچی پێشتر لەم بارەیەوە بە وردی نووسیومە بەڵام بۆ دوای داڕمان، یەک جیاوازی سەرەکی بوونی هەیە:
هەم لە یەکێتی سۆڤییەتی پێشوو و هەم لە یوگسلاویای پێشوو، حکوومەتگەلی خودموختار یان نیمچە خودموختار، بوونیان هەبوو و دەوڵەتگەلی لۆکاڵ، پێکهاتە و سازمان و دەسەڵات و سیستەمیان هەبوو و بە جۆرێک، سنوورەکانیش، دیار بوون. بۆیە لانیکەم لە یەکێتی سۆڤییەت، قۆناغی تێپەڕین لە حاکمییەتی ناوەندی، بە کەمترین تێچوو، مسۆگەر بوو و هەروەها لە دەستووردا، مافی چارەی خۆنووسین، بوونی هەبوو و حاشا لە نەتەوەبوونی پێکهاتەکان نەکرابوو. لە یوگسلاویا، ئەم ڕوونییەی یەکێتی سۆڤییەت، لێڵتر بوو و هەر ئەم دۆخەش بوو کە باڵکانیزاسیۆنی بە نموونە کرد بۆ شەڕی نێوخۆیی و پاکتاوی ئاگر و ئاسن و خوێن.
لە ڕۆژهەڵاتی نیشتمان، نە دەستوور هەیە بۆ مافی چارەی خۆنووسین، نە کورد وەکوو نەتەوە، دانی پێدانراوە، نە سنوورەکان دیارن و نە حکوومەتێکی خۆجێیی، بوونی هەبووە کە قۆناغی داڕمان و تێپەڕین، بە کەمترین تێچوو، جێبەجێ بکرێت.
تەنیا ئیمکانی بەردەست لێرەدا، هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتن کە توانستی ئەوەیان هەیە ئەو بۆشاییە بۆ قۆناغی تێپەڕین، پڕ بکەنەوە. لێرەدایە کە لە هەموو کات زۆرتر پێویستە هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات، بەرەو بیرۆکەیەک هەنگاو بنێن کە لە “مەودای هاوکاری و هەماهەنگی و ژووری ئۆپێڕاسیۆنی هاوبەش تا دەوڵەتی سێبەر”، خۆی بۆ قۆناغی نوێ، تەیار بکات. کەمتەرخەمی و هەوڵدانی تاک لایەنە و کای کۆن بە بادان و سیاسەتی چاوەڕوانی و خۆ خەریک کردن بە بەناو ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی و خۆلادان لەو ئەگەرانەی کە هۆکار دەبن بۆ باڵکانیزاسیۆن، تەنیا و تەنیا، ڕۆژهەڵات بەرەو کارەسات ڕێنوێن دەکات.
لەم قۆناغەدا هەموومان و زۆرتر لە هەموومان، هێزە سیاسییەکانی کوردستان، بەرپرسی داهاتووی گەش یا ڕەش دەبن بۆ ڕۆژهەڵات.
