دیاردەی نانی خۆم و کووزەڵەی کانی
بۆچی هەمیشە بەدوای سادەترین وڵامدا دەگەڕێین بۆ کێشە ئاڵۆزەکان؟ ئایاکوو لەبەر سنوورداربوونی مەعریفییە و توانای پڕۆسێسکردنمان کەمە؟ ئایاکوو سادەکردنی پرسە ئاڵۆزەکان ئاسوودەمان دەکات بۆ ئەوەی تەخت پاڵبەینەوە و خۆمان ماندوو نەکەین و دوور بین لە دڵەڕاوکێ و پاراستنی زۆنی سەلامەت؟ ئایاکوو هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ نەزانین و لێنەزانین و لێنەهاتوویی و ناپسپۆڕبوون؟ یان لەبەر ئەوەی کە وڵامی سادە، باشترین ئامرازە بۆ پشتڕاستکردنەوەی باوەڕە هەبووەکان و بیرە کۆنەکان و ماوەبەسەرچووەکان؟ ئایاکوو یەک لە هۆکارەکان دەگەڕێتەوە بۆ تێگەیشتنی ناڕاست؟ یان هەوڵدان بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەر چەشنە گۆڕانکاری خود و جیهانژین و کۆمەڵگا؟ یان بە هاسانترین وڵامەکان، دەتوانین سەرنجی جەماوەر بۆ لای خۆمان ڕابکێشین و بیری چەپڵە لامان گرینگتر بێت لە پرسی پیچیدە؟ یان هۆکارێکی دیکەش دەگەڕێتەوە بۆ زاڵبوونی وەهمی پیلان بە سەر کاراکتێری گشتیماندا؟
لەوانەیە گەرچی لە جیهانێکی مۆدێڕندا دەژین و هەموو ئامێرەکانی جیهانێکی پێشکەوتوو بەکار دێنین بەڵام هێشتاکوو ناخودئاگای ئێمە، خۆی لە مێنتاڵیتەی “نانی خۆم و کووزەڵەی کانی” دەرباز نەکردووە و لەبەر ئەوەیشە کاتێک بە بێ بیرکردنەوە لە پرسە پیچیدەکان، ڕووبەڕووی ڕووداوە نوێکان دەبینەوە و وڵامە سادەکانمان نەیانپێکاوە هیچ بەڵکوو پێچەوانەش بوون، یان گەر ماقووڵ بین تەنیا تێڕادەمێنین یان هەزار شێر و ڕێوی بۆ دەهێنینەوە و خراپتریشی دەکەین.
کاتێک لە زانست پرسیار دەکەن یەک لە هۆکارەکانی تێداچوونی بڕێک لە مەردمانی قەبیلە سەرەتاییەکان چ بووە وڵام ئەمەیە:
ئەوان ماتماتیکیان نەدەزانی و هەوڵیشیان نەدەدا فێر بن. بۆیە کاتێک پرسیارت دەکرد: بژمێرە. دەیانگوت:
یەک، دوو، سێ، و…..فرە.
