دیکتاتۆری ترس و ترسی دیکتاتۆر
دیکتاتۆری ترس، تا دەتوانێت حەقیقەت دەستکاری دەکات، خەڵک یۆنیفۆرمیزە دەکات لەگەڵ ئایدیۆلۆژی خۆی، پەروەردە و پڕۆپاگاندا و مێدیا، دەکات بە خزمەتکاری خولیاکانی، هۆگرەکانی خۆی دەکات بە فیدایی وەهمەکانی و هانیان ئەدات تا ئاستی خۆبەکوشتدان، و ترس و تۆقاندن بڵاو دەکاتەوە لە مێشک و جەستەی نەیاران و دژبەران، هێدی هێدی هەموو شتێک کۆنترۆڵ دەکات و خۆی دەسەپێنێ بە سەر هەموو جۆمگەکانی جوگرافیای ژێر چەپۆکی خۆی.
بڕێک لە دیکتاتۆرەکان دەکەونە بۆسەی بەخوداییبوون و بڕێکیشیان نا، بەڵام:
دیکتاتۆری ترس، بۆ خۆیشی هەمیشە دەترسێت: یەکەم ئەوەی کە خۆی لە هەموو کەس باشتر دەزانێت کە قوورەتی ئەو، بەرهەمی دەستکرد و دەسکارییە و دووهەم، ترسی فەوتان.
ترسی فەوتان، هاوکات لەگەڵ ڕەهابوونی هێز، زۆرتر دەبێت و تا ئاستێک هەڵدەکشێت کە تەنانەت عەقڵیش تووشی نوقسان دەکات.
دەروونناسی باسی ئەوە دەکات کە خەرەفیانی مرۆڤ لە دواساتەکانی ژیان، زۆرتر لەوەی پێوەندی بە تێکچوونی باری جەستەیییەوە هەبێت پێوەندیدارە بە ترسی فەوتان و مردن. جا ئەم ترسە بۆ دیکتاتۆر، چەند قات دەبێتەوە؛ یەکەم بە هۆی دەسەڵاتی ڕەها و دووهەم بە تایبەت، ئەو کاتەی کە پێش مردن، ڕووبەڕووی نوشست و تێکشکانی ئەو جیهانە دەستکرد و دەسکاریکراوەی دەبێتەوە کە درووستی کردووە.
دیکتاتۆری ترس و ترسی دیکتاتۆر، هاوتەریب هەڵدەکشن و فراوان دەبن تا ئەو کاتەی ترسی دیکتاتۆر، زاڵ دەبێت و دیکتاتۆر پەک دەخات.
خۆشبەخت ئەو دیکتاتۆرانەی پێش ڕووخاندن و پەککەوتن و داڕمان، دەمرن….
