دەربارەی ناسیۆنالیزم و ئایین و پرسی کورد
“چارلز تایلۆر” لە کتێبی “سەردەمی عەلمانی” دا ئاماژە بەوە دەکات کە ئایین تەنها لە سنووری نوخبە بچووکە ڕۆشنبیرەکاندا پەراوێز دەخرێت نەک لە بیرکردنەوە و کردارەکانی جەماوەر لە سەرانسەری جیهاندا. هەروەها “یۆرگن مایەر” پێی وایە چیرۆکی ئایین چەواشەکارانەیە و ناکرێ ڕەهەندێکی ناوەندی وەهای فەرهەنگ، پشتگوێ بخرێت.
هەروەها “بێرگەر” پێی وایە ئەو کەسانەی لە شیکارییەکانیاندا ئایین پشتگوێ دەخەن، مەترسییەکی گەورەی کورتبینیان لەسەرە.
بە بڕوای “فریدلەند”یش، خودا لە مێژوودا پیاسە دەکات.
لە پێوەندی لەگەڵ ناسیۆناڵیسمدا، “گێلنێر” دەبێژێت ئایین بوو بە فەرهەنگ، تێکەڵ بە ئێتنیسیتە کراو بە تێپەڕبوونی زەمەن، ئاوێتەی ناسیۆناڵیسم کڕا. هەروەها “ڕۆنان”، کاتێک لە ڕستە بەناوبانگەکەی ئێژێ ناسیۆناڵیسم، ڕێفڕاندۆمێکی ڕۆژانەیەو دواتر ئەڵێت نەتەوە، کۆمەڵگایەیەک لە یادەوەرییە، بۆ کۆشوناس و یادەوەری کۆ، ئاماژە بە نەتەوەی یەهوود دەکات.
خراپ نییە ئاماژەیەکیش بە بۆچوونی “هیز” بکرێت لە کتێبی “کۆمەڵە وتارێک سەبارەت بە ناسیۆناڵیسم” و ئەو ڕستەیە کە ئاماژە دەکات ناسیۆنالیزم هەستێکی قووڵ و قەناعەتبەخشە کە لە بنەڕەتدا ئایینییە.
پێوەندی نێوان ناسیۆناڵیسم و ئایین، پێوەندییەکی لێکدانەبڕاوەو شۆێن پێی ئەم ئیدعایە لە هەموو جۆرە ناسیۆناڵیسمەکاندا دەبینرێت. “کرووز” لە کتێبی “سەرزەوی خودا”، بە لێکۆڵینەوە لە سەر نەتەوە بڕوایی و ناسیۆناڵیسم، هەر لە کتێبی پیرۆز تا ولایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، باسی ئەوە دەکات کە ناسیۆناڵیسم، هێزێکی سۆزدارانەی کۆیە لە فەرهەنگداو پێوەندی قووڵی لەگەڵ ئاییندا بووە. ئەو بە نموونە هاوردنەوە لە یەهوود، دەبێژێ خوداوەند ئێتنیکێکی تایبەتی هەڵبژاردو بلێندەری سەرزەوینێکی تایبەت بوو بەوان. دواتر ڕۆڵی ئایین لە ناسیۆناڵیسمی نوێدا زەق دەکاتەوە لە هەموو وڵاتانێک کە لە پڕۆسەی ناسیۆناڵیسمدا، ئایین، دینامێسمێکی بەهێز بووە تێیدا.
لەم پێوەندییەدا پێویستە ئاماژە بە “جۆرج تووماس”یش بکرێت کە ئەڵێت فێستیواڵی نەتەوەیی- ئایینی، بینا میژووییەکان و کلیسا، چ دەورێکی کاریگەریان بووە لە ناسیۆناڵیسمی ئاڵمانیدا.
بە ڕوانین بۆ هەر چوار داگیرکەری کوردستانیش، ئەو ڕاستییە زەقتر دەبێتەوە کە چۆناوچۆن، ناسیۆناڵیسمی ئێرانی، ناسیۆناڵیسمی تورکی وناسیۆناڵیسمی عەرەبی، ئایین دەکەن بە بنیاتی دەوڵەتی نەتەوەیی و پیرۆز کردنی خاک و سنوورو سەروەری خۆیان. ئەو ئیدعایە دوور لە ڕاستی و زیدەڕەوی نییە گەر بلێین، جوگرافیای ئەم چوار وڵاتە، بە کەڵکوەرگرتن لە ئایین، شوناسی پیرۆزی بۆ درووستکراوەو ئەم داگیرکەرانە، لە ڕێگای خاوەندارییەتی هێماو نەریتی ئایینی، گەشە بە ناسیۆناڵیسمی خۆیان ئەدەن یان پاساو بۆ داگیرکاری نەتەوەی کورد دەهێننەوە.
٭٭٭٭
ناسیۆناڵیسمی کورد، نەک تەنیا پێویست ناکات ڕووبەڕووی پرسی ئایین بێتەوە بەڵکوو بە پێی ئەوەی پێشتر گوتراو نموونەکان، پێویستە لە توانستەکانی ئایین، کەڵک وەربگرێت بۆ چەسپاندنی خۆی لە چوارچێوەی قەڵەمڕەو، حکوومەت و فەرهەنگ.
بۆ خوێندنەوەی زیاتر بڕوانە بۆ:
strong religious- nationalism- theory and practice, centre d,etudes et de recherches internationales sciences po. 2015
religion and nationalism in the first world, john coakley, 2002
هویت کوردی و دین، بهزاد خوشحالی، کتاب الکترونیک, 1384
دەربارەی ناسیۆنالیزم و ئایین و پرسی کورد
June 24, 2022
2 Mins Read
288
Views