دەروونناسی خۆماڵی
کاریگەری سووراوی لێو و ڕێبەرە سیاسییەکانی کوردستان، نموونەی ڕۆژهەڵات و ئەوانیتریش
لە دەروونناسی ئابووریدا، کاریگەری سووراوی لێو ئاماژەیە بۆ دیاردەیەک کە لە کاتی قەیرانی ئابووریدا، مرۆڤەکان ڕوو لە کڕینی کاڵای بچووکی لووکس دەکەن بۆ ئەوەی هەست بە کۆنترۆڵکردن یان دڵخۆشبوون بکەن. هەرچەندە ئەم دیاردەیە زیاتر لە بواری بەکاربەرگەرایی و ئابووریی تاکدا شیکاری بۆ دەکرێت بەڵام ڕەنگە بۆ شیکردنەوەی هەڵسووکەوتی سیاسیش سوودی لێ وەربگیرێت.
ئەگەر گریمانە بکەین کە “کاریگەری سووراوی لێو” مێتافۆرێکە بۆ وڵامدانەوەی هێمایین و کەم تێچووی قەیرانە گەورەکان، ڕەنگە لەم چوارچێوەیەدا ڕەفتاری هەندێک لە سەرکردە سیاسییەکانی کوردیش شی بکرێتەوە:
یەکەم شیکردنەوە لە شێوەی “ڕەفتاری بەرهەڵستکارانە لە دۆخە قەیراناوییەکاندا”یە. کاتێک قەیرانە سەرتاسەرییەکان لە ئێراندا پەرەدەستێنن، وەک ناڕەزایەتییەکان، قەیرانە جۆراوجۆرەکان، هەڕەشەی شەڕ و خودی شەڕ، هەندێک لەو سەرکردانە لەبری ئەوەی جەخت لەسەر داخوازییە ڕادیکاڵەکانی نەتەوەیی یان شوناسخوازی و بیرۆکە و ڕەفتاری نەتەوەیی بکەنەوە، مەیلیان هەیە هەڵوێستگەلێک بگرنەبەر کە لەگەڵ گوتاری ئێرانچییەتیدا هاوپۆشانی دەکات. بێ گوێدان بەوەی کە ئایا ئەم کردەیە دەتوانێت بە هۆی ترس یان حیساباتی سیاسی و بەڕژەوەندی و ئیمتیاز یان جۆرێک هەوڵ بۆ مانەوە بێت دەتوانرێت وا گریمانە بکرێت کە جەوهەری ئێرانی، لە کۆتاییدا، هەمان سووراوی لێوی کاڵایەکی سیاسی لوکسە لە کاتی قەیرانەکاندا. تەنانەت پێداگری لەسەر ئەوەی کە کورد “تجزیەطلب” نییە، جێگەی سەرنجە کە لەم شیکارییەدا ئاماژەی پێبدەین.
پرسی دووهەم بریتییە لە “مەیلی بەرەو هێماسازی لەبری کردەتەوەری”. هاوشێوەی کڕینی سووراوی لێو لە قەیراندا، ڕەنگە هەندێک لە سەرکردەکانی کورد بە گوتنەوەی دروشم دەربارەی “پرسی نەتەوەیی” یان “مافەکانی گەلی کورد” و “مافی چارەی خۆنووسین” جۆرێک لە سوکناییدان و ڕزایەت بۆ خەڵک و هەروەها شەرعییەت بۆ خۆیان دروست بکەن، بەڵام لە ئاستی بڕیاردانی پراکتیکیدا، سیاسەتەکانیان زیاتر لەگەڵ گوتاری ناوەنددا دەگونجێت.
و پرسی سێهەم کاریگەری سووراوی لێو وەک گونجانی تاکتیکییە. ئەم هەڵسووکەوتانە ڕەنگە تاکتیکی بن و مەرج نییە لە خیانەت یان ناسەقامگیری و لەرزۆکبوونی ناسنامەیی بێت و لەوانەیە سەرکردە سیاسییەکان هەندێک جار هەڵوێستی نەرمتر بەکاردەهێنن بۆ پاراستنی پەیوەندی لەگەڵ کۆمەڵگای گەورەتردا.
لە کۆتاییدا، “کاریگەری سووراوی لێو” وەک کردەیەکی هێمایین بەرانبەر بە قەیران، هەرچەندە جەختکردنەوەیەکی ڕواڵەتییە لەسەر ناسنامەی کورد بەڵام ڕەفتارێکە هاوتەریب لەگەڵ گوتاری باڵادەست لە کاتی قەیرانەکاندا.
بێگومان ئەم دیاردەیە دەکرێت بۆ هێزە کوردییەکان لە تورکیا و عێراق و سوریاش درێژ بکرێتەوە. فرەیی سووراوی لێوی ڕەنگاوڕەنگی فیدرالیزم و کۆنفیدرالیزم، برایەتی گەلان، کۆمەڵگای دێمۆکڕاتیک، پێکەوە ژیانی ئاشتیانە، پاراستنی “تمامیت ارضی” و “یەکپارچەیی سەرزەمینی” و “ئێمە جوداییخواز نین”، و “ئێمە زۆر ئێرانی، تورکیایی، عێراقی، سووریایین” و “مام میهن” و “عراق حبیب” و “سیوگیلی ترکیە” و هتد، هەمیشە لەسەر مێزەکەن، بەتایبەت لە قەیرانەکاندا….
Lipstick Effect
