سەبارەت بە چرکەساتی کوردی
لە سەدەی نوێی زایینی، چوار فاکتەری گرینگ، کوردستانی لە دیاردەیەکی دابەشکراوی ژێئۆپۆلیتیک و یەک ژێئۆکالچێر، دووبارە بەرەوە چوارچێوەیەک و قەبارەیەکی یەکە، ڕێنوێنی کردووە:
هەندەران، شەڕی چەکداری، بازرگانی سەر سنوورەکان و مێدیا.
دیاسپۆرا شوناسی نوێی کوردەکانی کە پێشتر بە توندی لێکجوداببوونەوە، دیسانەوە بەرەو شوناسێکی هاوبەشی کوردی بردووە. هەندەران، لە ئێستاو ئێرەدا، پارچەیەکی دیکەی کوردستان بە ئەژمار دێت کە دەتوانێ رۆڵی کارتێکەری ببێت لە دیپلۆماسی و یاساو گردبوونەوەی شوناس تەوەر.
شەڕی چەکداری بە نێوی بەرگری لە کوردستان، جیاوازییە ئایدیۆلۆژیکییەکانی لاوازتر کردووە، بازرگانی سەر سنوورەکان، چ بە یاسایی و چ نایاسایی، توانستی فۆرماسیۆنی سەرمایەی بردووەتە سەرێ و چینێکی نوێی سەرمایەدار، سەریان هەڵداوەو مێدیا، جیاوازییەکانی تێنگەیشتن لە زاراوەکانی بە شێوازێکی بەرچاو چارەسەر کردووە. هەنووکە زۆرتر لە هەر زەمەنێکی مێژوویی دیکە کوردەکان، زانیاریان سەبارەت بە جوگرافیای کوردستانی گەورە هەیەو سەرەڕای سیاسەتی پاکتاوکردنی ڕەگەزی، ئاسیمیلاسیۆن، و تواندنەوەی نەرم لە لایەن داگیرکەر، سنوورەکان، کەمڕەنگ و کەمڕەنگتر دەبنەوە.
دوو فاکتەری باشوورو ڕۆژائاوای کوردستانیش زێدە دەکرێت بەم فاکتەرانە کە وەک دوو یەکەی تا ڕادەیەکی زۆر سەربەخۆ، کۆنترۆڵی دە لە سەدی خاکی کوردستان و دە لە سەدی کوردستانیان دەکەن.
پرسی سەروەری کوردەکان لە سنوورە نەتەوەییەکانی داگیرکەر تێپەڕیوە، دیسکۆرسی کوردستانی بەرانبەر بە داگیرکەران، بەرەو ئارگۆمێنتی باڵا هەڵکشاوە، شەڕی ئایدیۆلۆژیک و ئازادی و دادپەروەری و یەکسانی بۆ کورد لە چوارچێوەی دەسەڵاتی داگیرکەر، بە ئاشکرا هەنگاوی بەرچاوی بەرەو “بەرگری لە کوردستان”و “سەروەری نەتەوەیی” هەڵگرتووەو فۆڕماسێۆنێکی نوێی لە خوارەوە بۆ سەرەوە بێچمی گرتووە کە زۆرتر “مێشک-تەوەر”و “کورد-مرۆڤ-تەوەرە”و کاردانەوەو کارتێکەرییەکانی لە دیسکۆرس و پراکتیکدا بە ئاشکرا دەبینرێت.(هەرچەند هێشتا نەگەیشتووەتە ئاراستەی پێویست بۆ خاڵی دەربازبوون).
پرسی کورد بە ئاشکرا بەرەو دینامیسمێکی نوێ دەڕوات، تاکی کورد، چیدیکە لە جیاتی شەڕی ئایدیۆلۆژیک، شەڕ بۆ کوردستان دەکات، حیزبی کوردی لە ژێر گوشارێکی زۆردایە بۆ گۆڕینی پاڕادایم لە بەڕژەوەندی حیزبی و ململانی ئایدیۆلۆژیک و چارەسەری پرسەکان لە چوارچێوەی قاڵبی داگیرکەر بەرەو پرسێکی تەواو کوردستانی و دیاسپۆڕای کوردستانی، هێدی هێدی خۆی لە دەسەڵاتی حیزب و دەسەڵاتی مێنتالی داگیرکەر، دەرباز کردووە.
دەمێنێتەوە گۆڕانکارییە نێونەتەوەییەکان و نەزمی نوێی جیهانی کە بە هۆی کۆمەڵێک فاکتەری ماکرۆی ئابووری و سیاسی، چیدیکە ناتوانێ چاوپۆشی لە کوردستانی گەورە بکات وەک هاڕتلەندێکی نوێ. ئەمڕۆکە کەمترین لاوازبوونی حکوومەتە ناوەندییەکانی ئێران و تورکیە، گەورەترین مەترسی بۆ ئەو وڵاتانە، سەرەتا پرسی کوردەو هەڕەشەی کورد بۆ یەکپارچەیی دەوڵەت-نەتەوەی دەسکردی داگیرکەر.
پێویستە سەرەتا ئامادە و دواتر چاوەڕوانی “چرکەساتی کوردی” (Kudish Moment) بین و خودی کوردی، لە پێناو کوردستانێکی سەروەرو خۆسەر، چرکە بە چرکەو سات بە سات بۆ ئەو ڕووداوە -هەم بە مێنتالیتەو هەم بە کردەوە -تەیارو ئامادە کەین.
Kurdish Moment
بروانە بو:
– The Changing Dynamics of the Kurdish Wuestion, German Institut for International and Security Affairs, 2018
– Future possibilities for Kurds in post Is Syria, Arab center Washington D.c, 2021
– The kurds, A divided Future?, Crisis Group, 2016