لە نێو ڕێبەرانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، مۆدێلی ڕێبەڕی د.سعید، نزیکترین مۆدێلە بە “ڕێبەریی کردار سەنتەری” (Action Centered Leadership).
لەم مۆدێلە لە ڕێبەریدا، سێ چوارچێوەی ئەرک(Task) و تیم (Team) و تاک (Individual)، کارلێک دەکەن.
لە بەشی ئەرکدا، ئامانجەکان پێناسە دەکرێن، ئاسۆی سازمان دیاری دەکرێت، چالاکییەکانی پێوەندیدار بە ئەرک و بەرپرسایەتی، بە وردی، پێرست دەکرێت، ڕەوت و سیستەم و کەرەستەکان و سەرچاوەکان، پێناسە و ئامادە دەبێت، بەرنامەی قۆناغبەندی دادەنرێت، بە پێی ستراتژی، تاکتیک و زەمەن، دەچێتە پێش، پەیڕەو کردنی ستاندارد، دەبێتە نۆڕم، چاودێری پڕۆسەکان، توندە، و هەڵسەنگاندن، هەمیشەیی و بەردەوام، دەکرێت.
پەیوەندیدار بە تاک، تاکەکان، بە پێی ناسنامەی توانا و زانست و کەسایەتی، پولینبەندی دەکرێن، لێپرسینەوە و لێپیچینەوە لە پەیوەندی بە پێشوەچوون و خۆگونجانی تاک بە ستراتژی و تاکتیکی سازمان دەکرێت، ئازادی چالاکی تاک، هاوتەریب لەگەڵ ئەرکی سازمانی و ڕێکخراوەیی، ئاراستە دەکرێت، و بەردەوام هەوڵ دەدرێت بۆ ناسینی خاڵە لاواز و بەهێزەکان بە مەبەستی گەشەی سازمان.
سەبارەت بە تیم لە سازمان، گرینگی زۆر دەدرێت بە ستاندارد و فەرهەنگ و ستایلی سازمانی، پێگەیشتن و پێگەیاندنی کۆ، گەشەی توانایی گرووپ، پەروەردەی بەردەوام، کەمکردنەوەی کێشماکێشە نێوخۆییەکان و بەهێزکردنەوەی پەیوەندییە دەرەکییەکان، پاراستنی نەزم و ڕچاوکردنی ئەخلاقی سازمانی.
د.سەعید وەکوو ئاکادیمیسییەنێکی زانستی پایە، ئاساییە کە خاوەن عەقلێکی بیرکاری و دیسیپلینکراو بووە، وەکوو پیشەکەی کە مامۆستایی بووە، بۆ سیاسەت ڕوانیویە و ڕوانگەی پەروەردەیی، زاڵ بووە بە سیستەمی فیکریدا، لە سەردەمی ڕێبەری دوکتور قاسملوودا، دوو ڕۆڵی سەرەکی ڕاوێژکاری لە بڕیار و دواتر جێبەجێکاری ئایدیا و ئەندیشەی قاسملووی وە ئەستۆ گرتووە، بۆ قەبارەسازی نوێی بەڕۆژکراوەی حیزبی دیمۆکڕات، زۆرترین هەوڵی داوە، عەقڵی ساختار و سازمان و بروکراتیکی لە حیزبدا، جێگیر کردووە، سیستەمی پەروەردەی حیزبیی تازە کردۆتەوە، و هەمیشە هەوڵی داوە، بەرنامەکانی ڕێبەریی، بە پڕۆسە، داخڵی ڕۆحی حیزب بکات.
د.سەعید لە بەرپرسایەتی ڕادیۆ دەنگی کوردستانی ئێران، سیستەم سازی کردووە و هاوکات لەگەڵ ڕاهێنانی کادری ڕاگەیاندن، توانیویەتی ڕادیۆ بکات بە بەهێزترین پردی گواستنەوەی پەیامی حیزب بۆ جەماوەری کوردستان.
د.سەعید هەروەها نموونەی ڕێبەرێکی سەختگیر بووە بە نیسبەت ئەرک و بەرپرسایەتی تاکەکان و بەردەوام بەدواداچوونی کردووە بۆ چۆنییەتی بەڕێوەچوون و بەرەوپێشبردنی ئەرکەکانی تاک و تیم لە بەشە جیاوازەکاندا.
ڕێبەری سەرکردە، د. سەعید شەرەفکەندی، هەروەها لە کۆتاییهێنان بە شەڕی ناوخۆیی ڕۆژهەڵات، گرینگترین ڕۆڵی لە لایەن حیزبی دێمۆکڕاتەو گێڕاوە و هەروەهاتر، دەوری سەرەکی بووە لە بە دیسیپلینەکردنی سازمانی نیزامی و تەشکیلات نهێنی.
دوکتور سادق شەرەفکەندی، لە دیپلۆماسیشدا، ئەوەندە پێداگر بوو کە بەداخەوە، گیانی خۆ لە پێناوی ئامانجەکانی فیدا کرد و تەنانەت، بە مەرگی خۆی، گەورەترین بەوناوی بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران وەکوو “تێروریسمی نێودەوڵەتێ”، تۆمار کرد…..
بروانە بۆ:
John Adair, Action Centered Leadership,