قازی وابوو
لووتکەی میتۆلۆژی، ئەو ساتەوەختەیە کە تاکێک -ژن یان پیاو- بۆ ئەوینی مرۆڤدۆستانە، لە پێناو ویژدان یان بۆ شانازی و ئازادی وڵات، خۆی قوربانی دەکات.
نیوەخودای پڕۆمتێئوس، سزا دەدرێت بە لەخاچدران، لەبەر ئەوەی مرۆڤدوستی مەزن، ئەوی هاندا، نافەرمانی زێئۆس بکات تا ئاگرو هونەر، پێشکەش بە مرۆڤایەتی بکات.
ئالێکسیسی هاوژینی ئێدێمتوس، گیانی خۆی بەخت کرد بۆ ڕزگاری گیانی پیاوەکەی. ئەو بوو بە هێمای ئایدیالی فیداکاری بۆ ڕزگاری هاوژین و بنەماڵەو نیشتمان.
ئیفێگێنیا خۆی بەخت کرد لە پێناو یەکێتی یوونان و تێکشکانی دوژمنان و ماکاریای کچی هێرکوول، خۆی کرد بە قوربانی بۆ ڕزگار کردنی ئاسینا.
هەروەها مینویکێئوس، باوکی کرێئۆن، گیانی لە پێناو پاراستنی تێبس، بەخشی و ئانتیگۆنە بڕیاری مەرگی خۆی دا تاکوو دێمۆکڕاسی، نەڕزێ.
ئۆدین بەڵام لە پێناو زانست چۆن خۆی کردە قوربانی؟
ئەو نۆ شەونۆ ڕۆژ، هەڵواسرا بە درەختی جیهانداو بە سەرنێزە، کونکون دەکراو کاتێک خوێن لە جەستەی دەچۆڕا، بەڕۆژوو بوو و بەردەوام، زکرێکی لە ژێر لێو دووپات دەکردەوە: خۆم بەخشی بە خۆم.
ئۆدین سەرەنجام لە کۆتایی زستان، زانستی نهێنی لە دەست سێحربازەکان دەرهێناو بەخشی بە مرۆڤ.
٭٭٭٭
ئازتێکەکان لە مێکزیک، خوێنیان پێشکەش بە خوداکان دەکرد تا ڕازی بن و یارمەتیدەری مرۆڤ بن و نیوەخودایەک، خۆی قوربانی دوولەتبوون کرد تا زەوی و عاسمان، بخولقێندرێت.
لە ڕۆماش، دوای قوربانیکردن، دەگوترا: خوداکان، قوربانیمان قبووڵ بفەرموون و باڵا بکەن.
پوروشا لە میتۆلۆژی هێندی، ڕێگە ئەدا تیکەتیکە بێت تا ئافراندن، ڕوو بدات و چاوی دەبێت بە تاو، سەری دەبێت بە عاسمان و هەناسەی دەبێت بە با.
هەروەهایە خۆبەقوربانی کردنی جوانترین کچان لە نەریتی ساڵانە بۆ پاراستنی خاک و گەل لە جیهانی سامی و خۆبەردانەوە لە “هوونم”.
٭٭٭٭
خۆقوربانی کردن، کاتێک ڕوو ئەدات کە مرۆڤێک گرینگترین خواستی خۆی واتە خواستی زیندوومانەوە وەلادەنێت، خۆد وەک نەفس، وەلادەخا بۆ خواستێکی دیکە لە دەرەوەی خۆی، بۆ کەسێک، بۆ شوێنێک، بۆ ئامانجێک، بۆ چاوەڕوانییەک، بۆ ئاسۆیەک کە بە بڕوای ئەو، باشترین بژاردەیەو بگرە باڵاترین بژاردەیەک کە بەهای لە خود گرینگترو گەورەترە. لەخۆتێپەربوونی قارەمانانە، ئەو کردەوەیە کە مرۆڤێک، ڕۆحی خۆی لە ئاستێک، لە ئاراستەیەک لە سەراتی (اولویت) دووبارە پێناسە دەکاتەوە تاکوو گیانی خۆی بخاتە مەترسی یان قوربانیبوون بۆ ئەوەی خێرێکی گەورەتر ببەخشێت بە مرۆڤایەتی.
ڕزامەندی بە مردن و خۆقوربانی کردن، پەرەپێدان بە پابەندی بە ژیان و وانەکان و ئەزموونەکان و فیدا کردنی نەفسە بۆ ئامانجێکی گەورەتر، بۆ دەرنەچوون لە بەرپرسایەتی باڵا، بۆ چاکەی گەورە، بۆ دواڕۆژێکی نەجیب و ڕەسەن، بۆ تێپەڕاندنی ئاراستەی ئێرەوئێستا.
قازی محەمەد، وابوو; بە کردە لە ناوەرۆکی ئوستوورەکان بەڵام بە حەقیقەت و لە واقێع، لە پێناو کوردستان و بۆ کورد…..
