مێنتاڵیتەی قارەمانانە و مێنتاڵیتەی سەربەخۆییخوازی
بەرشەلۆنە تەنها تیمێکی فووتباڵ نییە بەڵکوو هەڵگری “ناسنامەی کەتەلۆنی”یە. ناسنامەی کەتەلۆنی وایکردووە ئەم یانە، ئەو بیرۆکەیە لەناوخۆیدا دەروونی بکاتەوە کە شکست کاتییە بەڵام ئەرک و بەهاکان هەمیشەیین، تەنانەت لە تاڵترین شکستەکانیشدا مرۆڤ دەبێت بیناکردنەوە و ساخکردنەوە بەئامانج بکاتەوە نەک نکوولیکردن و خەتابارکردنی زەمین و زەمان، بنیاتنانی بەردەوامی نەوەکان بەشێکە لە ئەرکی دەروونی تیمەکە، شکست کۆتایی نییە بەڵکوو بەشێکە لە ڕێگای گەڕانەوە، و ئەمەش ئەنجامی بەدامەزراوەییکردن و دەروونی سازی مێنتاڵیتەی قارەمانانەیە، کە وەک باس کرا، ڕەگ و ڕیشەی لە ناسنامەی کەتەلۆنیدا هەیە.
زۆرێک لە ئێمەی کورد ئەگەرچی “سەربەخۆییخوازین” یان بانگەشەی سەربەخۆیی دەکەین بەڵام هێشتا “مێنتاڵیتەی سەربەخۆیی”مان نییە.
ئێمە متمانەی کۆ و بەرزەخۆییمان نییە چونکی ئەو باوەڕەمان بە دەروونی و بەدامەزراوەیی نەکردووە کە دەتوانین بەبێ وابەستەبوونی درێژخایەن خۆمان بەڕێوەببەین، خۆبیناکردنەوە و خۆئاوەدانکردنەوەیەکی بەردەواممان نەبووە، پێکهاتنی دامەزراوەکانمان لەدەوری ناسنامەی کوردستانیدا لە قاڵب نەداوە، گێڕانەوەی نەتەوەیی ناوەندیمان نەبووە و بێوەری بووین لە یادەوەرییەک کە پشتیوانی داهاتوو بکات، هێشتا سەرقاڵی “گێڕانەوەی قوربانی”ین نەک “گێڕانەوەی پێشڕەوبوون”، گێڕانەوەی ئازارمان نەگۆڕیوە بۆ گێڕانەوەی ئیرادە، متمانەی دامەزراوەییمان لاوازە و هێشتا سەربەخۆیی لە ئیرادە و مێنتاڵیتە و هزر و سیاسەتماندا وەک “خەونێکی دوور” دەبینین نەک “پڕۆژەیەکی پلان تەوەر”.
عەقڵییەت و مێنتاڵیتەی سەربەخۆییخواز، هاوشێوەی مێنتاڵیتە و عەقڵییەتی قارەمانییەتی، واتە بوون بە سووژە، واتە مرۆڤ دەبێت بخوڵقێنێت و بنیات بنێت و بەرپرسیارییەتی قبووڵ بکات نەک تەنها چاوەڕێی ئەوە بێن کە بۆمان دروست کەن و….
عەقڵییەتی قارەمانییەتی و عەقڵییەتی سەربەخۆییخوازی واتە بکەر بوون و سوژە بوون نەک ئۆبژەبوون و….
