نەورۆزی کوردستان وەکوو هەنگاو و هێمایەک بۆ هاوپشتی نەتەوەیی
هاوپشتی نەتەوەیی لە سەردەمی نەورۆزدا بە بەهێزکردنی هەستی هاوبەشی ناسنامە و بەها و فەرهەنگ لە نێوان خەڵکی کۆمەڵگەی کوردیدا دروست دەبێت.
نەورۆز، وەک بۆنەیەکی فەرهەنگی، گەل کۆدەکاتەوە و هەستی هاودەنگی پتەوتر دەکات. هەروەها بەشداریی بەکۆمەڵ یارمەتیدەرە بۆ دروستکردنی یەکێتی نەتەوەیی.
لە نەورۆزی کوردستان، بەکارهێنانی هێما نەتەوەییەکان وەک ئاڵا، سروودی نەتەوەیی، جلوبەرگی نەریتی و هێما نەتەوەییە هاوبەشەکانی دیکە، هەستی یەکگرتوویی و یەکڕیزی بەهێز دەکات، چینە جیاوازەکانی کۆمەڵگا کۆدەکاتەوە، و پەیوەندی کۆمەڵایەتی و نەتەوەیی بەهێزتر دەکات.
بابەتێکی تری گرینگ کە پێویستە ئاماژەی پێبکرێت میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانە، کە لە ڕێگەی میدیاکانەوە ئەو ئاهەنگانە بەرەوپێش دەبەن و بە شێوەیەکی بەرفراوان ڕووماڵیان دەکەن، هۆشیاری و بەشداریی خەڵک لەو بۆنانەدا زیاد دەکەن، هەروەها بە جەختکردنەوە لەسەر بەها هاوبەشەکان، یەکڕیزی و هاوسۆزی و ڕێزگرتن و هاوکاری بەهێزتر و جەخت لەسەر دەکەنەوە، هەروەها دەتوانن هەستی هاوپشتی نەتەوەیی بەهێزتر بکەن.
نەورۆزی کوردستان، وەک ڕەمزی هاوپشتی نەتەوەیی، کاتێک بەدی دێت کە مرۆڤەکان لە کاتی ئەو ئاهەنگانەدا هەست بە سەربەخۆیی و ڕێزگرتنی یەکتر و شانازی بە ناسنامەی هاوبەشی خۆیان بکەن.
بەڵام بۆ سازدانی ئاهەنگی نەتەوەیی نەورۆز لە کوردستان کە یەکڕیزیی نەتەوەیی، کۆدەنگی و هاوپشتی پتەوتر بکات پێویستە بەرنامەیەکی هەمەلایەنە و گشتگیر و بە دوور لە لاگیری دابڕێژرێت کە هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا لە خۆ بگرێتەوە.
سەرەتا دەبێت ئامانجەکانی ئاهەنگی نەورۆز دیاری بکرێن کە جەخت لەسەر هاودەنگی و یەکڕیزیی نەتەوەیی دەکاتەوە، فەرهەنگ و بەها هاوبەشەکان پیشان دەدات و هەستی شانازی و سەر بە خاکی کوردستانبوون دەخولقێنێت و بەهێزی دەکات.
هەروەها کەش و فەزای بەشداریکردنی گشتی بۆ هەموو خەڵکی کوردستان لە نەورۆز بەبێ گوێدانە بیروباوەڕ و ئایدۆلۆژیایەک بڕەخسێنێت، بۆ ئەوەی هەموو گرووپە کۆمەڵایەتییەکان ئامادەیییان هەبێت و ڕۆڵ بگێڕن.
پێویستە هەموو نەتەوە و گرووپە کۆمەڵایەتییەکان بانگهێشت بکرێن بۆ ئامادەبوون و ڕۆڵ بینین و هەمووان هەست بکەن کە نەورۆز هی هەمووانە.
لە کۆتاییدا پێویستە بەردەوام هەوڵ بدرێت نەورۆز لە کوردستان وەک کولتوورێکی نەتەوەیی بەدامەزراوەیی بکرێت.
