هێزی سیاسی کوردی و مەترسی میکرۆفاشیسم
بە کوردی: من ئاغا و تۆ ئاغا کێ جێمان بۆ ڕاخا
پێناسەی میکرۆفاشیسم:
ئەم چەمکە بە شێوەیەکی سەرەکی بۆ وەسفکردنی هەڵسوکەوتە فاشیستییەکان لە ئاستی “تاکەکەسی”، “کۆمەڵایەتی” یان “ڕێکخراوەیی” و “سازمانی” و “حیزبی”دا بەکاردەهێنرێت کە لە ئاستێکی بچووکتردا ڕوودەدەن بە بەراورد لەگەڵ فاشیزمی حکوومەتی بەڵام هێشتا هەمان بنەما یان تایبەتمەندی فاشیستییان هەیە.
تایبەتمەندییەکانی میکرۆفاشیسم:
دوگماتیسم،
بنەما ئایدیۆلۆژی و ڕێکخراوەییەکان وەک پێوەری ڕەها،
ئەویدیسازی خۆماڵی لە چەشنی تاوانبار و لادەر و نەفرەتلێکراو و بگرە جاش،
دومن سازی نێوخۆیی،
چاودێری و کۆنترۆڵی زمان و هزر و هەڵسووکەوتی دەروون سازمانی،
چەقبەستوویی ڕێکخراوەیی،
هەوڵدان بۆ یەکسانسازی،
دەمارگرژی و فاناتیسم،
شوناس سازی ڕێکخراوەیی و سازمانی و حیزبی،
دایرەسازی وێژمانی سیاسی،
هەوڵدانی بەردەوام بۆ خۆسەپاندن بە سەر ئەویدییە سازکراوە نێوخۆییەکان،
بەرچەسپ سازی سەر بە ئەویدییە نێوخۆییەسازکراوەکان بە مەبەستی دوورخستنەوە و دواتر چەواشە و بوختان و نەفرەت پژاندن،
هەڵگرتنی ئەدەبیاتی سەخیف و دروستکردنی تاقمی پرۆپاگەندەچی و جوێنفرۆش و دەمڕووت،
و هتد.
“ژیل دێلۆز” و “فیلیکس گاتاری” بە تایبەت جەخت لە سەر ئەوە دەکەنەوە کە بزووتنەوە ڕزگاریخوازەکان کە خۆیان بۆ دژایەتی ستەم و بێعەداڵەتی و ڕزگاری گەل دروستکراون، بە هۆکاری درێژبوونەوەی ڕەوتی بزووتنەوە، شکستە یەک لە دوای یەکەکان، دوورکەوتنەوە و دابڕان لە چەقی شۆڕش و خەبات، دژبەرییە دەروونی و دەرەوونیکراوەکان، بێتوانایی تاقەتپڕووکێن لە شکستپێهێنانی دوژمنی سەرەکی، پێکهاتەی کۆن و نەرێتی و نوێنەکراوە و پێداگربوون لە سەر ڕەوت و ڕوانینی ماوەبەسەرچوو خۆیان بەرەو چەشنێک لە خۆبەزلزانی و خۆڕەهایی و شیزۆفێرنی و پارانۆیا دەڕۆن کە دەرکەوتەکەی، قاڵبی میکرۆفاشیم لە خۆ دەگرێت.
ئاشکرایە کە سەرکوتی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و دەروونی ناوخۆ لە لایەن داگیرکەر و ناهۆمیدی بە نیسبەت دواڕۆژ و دەستنەڕۆیشتوویی ئابووری، جەماوەر، زۆرجار، بەستێن خۆشتر دەکات بۆ گیرۆدەبوون بە میکرۆفاشیسم.
***
دوور و نزیک و کەم یان زۆر، نیشانەکانی میکرۆفاشیسم لە گوتە و تێفکرین و هەڵسوکەوتی هێزە سیاسییەکانی کوردی دەبینرێت کە چوارپارچەی دەسکردی داگیرکەرانیان ئێستا کردووە بە هەزارپارچەی هزری و ئایدیۆلۆژی و ڕەنگ و ڕوانین و بەناو سیاسەتکردن.
میکرۆفاشیسمی هێزە سیاسییەکانی کوردی، هەنووکە وایکردووە کە داگیرکەری سەرەکی، چیدیکە ئامانج نییە بەڵکوو ئامانجی سەرەکی من و تۆ و ئێمەگەلێکی کوردین کە لە ئەوان نین و وەکوو ئەوان بیر ناکەینەوە و لە چوارچێوەی قەرار و بڕیار و چالاکی ئەواندا خۆمان ناوینین و خۆمان نەگونجاندووە و نەسازاوین….
ت.ب: دیلۆز و گاتاری، چەمکی میکرۆفاشیسم بە ناڕاستەوخۆ بۆ ئەم خەسارە بەکار دەهێنن.
بڕوانە بۆ:
Microfascism
هەروەها دوو کتێبی:
Anti- Oedipus
A Thousand Plateaus
