ڕێبەریی سیاسی ڕۆژهەڵات بیر لە “خێری گشتی” دەکاتەوە؟
ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە هەموو قۆناغە هەستیارەکاندا، بە پێی هەلومەرج، باشترین کاردانەوە و ئەکتی بەرانبەری بە نیسبەت داگیرکەر نواندووە و عەقڵی کۆ، توانیویە ڕووبەڕووی سیاسەت و پیلانی حاکمییەتی ئێرانی ببێتەوە. بە تایبەت دوای شۆڕشی ژینا، ئەم دیاردەیە بە جوانترین شێواز دەبینرێت و ئەم ئیدعایە دوور ناوینم لە ڕاستی کە هەنووکە تەنیا ڕۆژهەڵاتی کوردستانە کە بە هێزی نەرم، بووگە بە لەمپەری حاکمییەتی ئێرانی بگرە لە ڕۆژهەڵاتی ناوینیشدا.(باسی ئیستیسنای ئیسراییڵ لێرەدا ناکەم وەک هێزی ڕەق لە چوارچێوەی باڵانسی هێز و بەرپێگری).
خێرا دەچمە سەر پرسیارەکە. لە کاتێکدا کە ڕۆژهەڵات، ئێستا تەنانەت ئەمنی قەومی ئێرانیشی ڕووبەڕووی هەڕەشە کردووە بە نەرمە هێز، پرسیار ئەوەیە کە ئاخۆم ڕێبەرایەتییەکی سیاسی بوونی هەیە کە بیر لە خێری گشتی بکاتەوە و لە دەرەوەی بیرۆکە و ئەرکی حیزبی، ئەم جووڵە ئاراستە بکات؟
خێری گشتی وێڕای پێناسە کلاسیکەکەی کە لێرەدا بە پێویستی نازانم باسی بکەم بۆ ئێمەی کوردی ڕۆژهەڵات، هەڵگری چ مانایەکە؟
ئاسۆی ناسنامەخوازانەی قووڵ دوور،
دەرباز بوون لە بەڕژەوەندی حیزب و دەستە و گرووپ،
سازان(copromise) و یەکڕێزی(unity) و ڕێکەوتن(agreement) لە دەوری خواستی و ئیرادەی کوردستانی،
خۆچەمککردن(self- conception) ی “من” و “کۆ من” بە “ئێمە”ی کوردستانی،
دەربازکردنی “خود”ەکان و نەتەوە لە بنبەستی مەیدانی گشتی سیاسەت، پەیکەری کۆمەڵایەتی لە حاڵی لەت و پەتبوون و بە ئەتۆمیکردن و خۆ شەیدایی،
فۆرمووڵە کردنی سنووری نێوان “خود”ی کوردستانی و “ئەویدی” داگیرکەر،
چاندن و پتەوکردنی بڕوای قووڵی نەتەوەیی بۆ شارمەندی کوردستان،
ئیلهامبەخشبوون بۆ گۆڕانکاری(Mutation)یە نیشتمانییە گەورەکە،
ئینکاری نائومێدی و خۆپەرستی لە بەرژەوەندی پابەندبوونی جەماوەری،
بەهێزکردن و ئاراستەکردنی سیاسی و یاسایی هەست و تێگەیشتن و تێڕوانینی گشتی نەتەوەیی- کوردستانی،
چەسپاندنی بیروبڕوای نەتەوەیی و ڕادیکاڵکردنی بیروبڕواکان و….
ڕاستی و حەقیقەتی حاشاهەڵنەگری ئەمڕۆی ڕۆژهەڵات، شوناسخوازی قووڵی کۆمەڵگایە کە بووە بە دینامیزمی هەموو بەرەنگاری و کاردانەوە و ئەکتی بەرانبەری کۆمەڵگای کوردستانی و ئەوەی جێگای داخە، هاوئاراستە نەبوون و ناهاوئاهەنگی هێزە سیاسییەکانی کوردستان و ڕێبەری سیاسی کوردستان لەگەڵ ئەم ڕەوتەیەیە لە ناوخۆی ڕۆژهەڵات.
پرسیارەکەم دیسان دەکەمەوە:
ڕێبەریی سیاسی کوردستان، بیر لە “خێری گشتی” دەکاتەوە؟
ڕێبەریی سیاسی ڕۆژهەڵات بیر لە “خێری گشتی” دەکاتەوە؟
June 29, 2024
2 Mins Read
112
Views