کوردبوون، ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی بوون، یان پارێزەری نەزمی سەرزەمینی ئێران بوون؛ مەسەلەکە ئەمەیە.
هەر جارێک پێگەی ئێران وەک چوارچێوەیەکی قەڵەمڕەو و قەبارەی سەرزەمینی دەکەوێتە مەترسییەوە، هەموو ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران، لەگەڵ حکوومەتدا، هاوهێڵ و هاوڕێگا دەبن بۆ پاراستنی ئەم نەزمە. تەنانەت ئۆپۆزیسیۆنی کوردی ئێران، چ لەسەر ئاستی سەرکردایەتی و چ لەسەر ئاستی نوخبە، بە پێچەوانەی ئیدعای نەتەوەیی و کوردستانی، ئەم نەخشەیە پەیڕەو دەکەن، وەک ئەوەی هەستەگەلی خامۆش هەبن کە ئەم ئەرکە جێبەجێ دەکەن. ئەمەش دژی جەوهەری کوردستانیبوونە، کە بە شێوەیەکی سروشتی بە لاوازبوونی حاکمییەتی ئێرانی، پێویستە چڕی چالاکیی نەتەوەیی کوردستانی لە بەرانبەر ئەو نەزمە دامەزراوەی هەنووکەیی فراوانتر بکەن.
کلکی کەڵەشێری ناخودئاگای دەستەجەمعیی ناسیۆنالیزمی ئێرانی ئەوەندە دیارە کە کاتێک پرسی هەڕەشە بۆ سەر “یەکپارچەیی خاکی ئێران” دەوروژێنرێت، هەڵسووکەوتیان وایە وەک ئەوەی ئەولەوییەت و سەراتییەکە “پاراستنی ئێران” بێت نەک “گۆڕینی ڕژێم”، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ڕەگ و ڕیشەی قووڵی ناسیۆنالیزمی ئێرانی لە چینە سیاسییە جیاوازەکاندا. ئۆپۆزیسیۆنی کورد لە بازنەکانی ناسیۆنالیستی ئێرانیدا، بە گرتنەبەری هەڵوێستی کەمتر ڕادیکاڵ، بە ئاگایی و نائاگایانە و ناخودئاگایانە، هاوتەریب لەگەڵ وێژمانی ناوەندی ئێرانیدا دەجووڵێت.
نەبوونی گێڕانەوەیەکی نەتەوەیی کوردستانیی سەربەخۆ و چارەنووسساز وەک گوتارێکی یەکگرتوو و بوێرانە و ستراتیژیک کە سەربەخۆیی وەک پرۆژەیەکی مومکین خستووەتەڕوو، نەک تەنیا ئاواتێکی دروشمگێڕانە و خەونی شاعیرانە، وایکردووە گەردیلە بێدەنگەکانی ئێرانۆفیلی نێو ئۆپۆزسیۆنی کوردی، هەمیشە لەم ساتانەدا، پێیان باشتر بێت یان بێلایەن بن یان تەنانەت لەگەڵ ڕەوتی سەرەکی ئێرانی دەربکەون و دووانەییەکی دژوازی عەقڵی-سیاسی دروست بکەن.
کوردبوون، ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی بوون، یان پارێزەری نەزمی سەرزەمینی ئێرانیبوون، ئەمە مەسەلەیە؛
کلکی کەڵەشێری ئەو سیاسەت و ڕەفتارانەی کە دەبینرێت و دەبیسرێت و دەکرێت – چ لە بەغدا، چ واشنتۆن، یان برۆکسل – دژایەتییەکی پێکهاتەیی لە بیرکردنەوە و کردارەکانیاندا نیشانداوە.
بەڵام خاڵێک هەیە لە ئێرە و ئێستا لە کوردستان کە هەموو ڕێسەکان دەکاتەوە بە خوری:
یەک: ڕۆحی نەتەوەیی کورد و پڕۆسەی پێکهێنانی گێڕانەوەی نەتەوەیی گەیشتووەتە ئاستێک لە کوالیتی و چەندایەتی کە پێناچێت ئەم قەوارە تاقمە ئێرانۆفیلانە بتوانن عەقڵی کۆی نەتەوەی کورد لە ڕێبازی ناسنامەی پلان بۆ داڕێژراو لابدەن.
دوو: پرسی نەتەوەیی و نیشتمانی کورد لە نەزمی نوێی جیهانی و ناوچەییدا چووەتە قۆناغێکەوە کە پەیڕەوی نەریتی کۆن و نەزمی سایکس-پیکۆیی تێپەڕاندووە.
پێشتریش وتوومە: تکایە لە دیوی ڕاستەقینەی مێژوودا بوەستن….
ت.ب: چاوێکیش بخشێنە بەم وتارەدا:
https://behzadkhoshhali.com/%d9%86%da%af%d9%87%d8%a8%d8%a7%d9%86%d8%a7%d9%86-%d9%85%d9%82%d8%af%d8%b3-%d8%a7%db%8c%d8%b1%d8%a7%d9%86-%d8%b2%d9%85%db%8c%d9%86/
