کوردستان و کورد؛ ناسیوناڵیزمی دوورمەودا، دیاسپۆڕا، جیهانی دیجیتاڵ
پێشەکی:
هەرچەندە دەستەواژەی ناسیۆنالیزمی دوورمەودا یان ناسیۆنالیزم لە دوورەوە، پێش دەستپێکی سەردەمی دیجیتاڵی، لەلایەن “بنێدیکت ئەندێرسۆن”ەوە داهێنراوە بەڵام لە سەرەتای ئینتەرنێتەوە ئەم دەستەواژەیە وەک یەکێک لە تایبەتمەندییە سەرەکییەکانی سەردەمی دیجیتاڵی دەرکەوتووە و وێژمانی شووناسخواز و گوتاری ناسیۆنالیستی، بەتایبەت بۆ گەلانی بێ حکوومەت، بووەتە دەرفەتێکی ناوازە بۆ ورووژاندنی پرس و تیۆری و کۆکردنەوە و کردار لە دەوری پرسی نەتەوەیی.
لەم نێوەندەدا بێگومان دیاسپۆڕای نەتەوەی بێ حکوومەت، زۆرترین سوودی لێ بینیوە و جگە لەوەی کە ئەندامانی ئەو گرووپەی خۆیان بە نەتەوە دەزانن توانیویانە لە نێوان خۆیاندا ڕێکخستنێکی بەربڵاو بێننەئاراوە و ببنە ئەکتەری کارا و هەروەها پەیوەندی لەگەڵ وڵاتی دایکیشدا بۆ ئاستێکی بەرزی کارلێککردن هەڵکشاوە. بەتایبەت نەوەی دووەم کە لەدەرەوەی خاکی نەتەوەیی خۆیان لەدایک بوون، باری دەروونیی شووناسخوازی نەتەوەیی لەواندا دروست بووە و بەهێزتر بووە و سەقامگیر بووە. گەیشتوونەتە تێگەشتنی کارا و هەستی وابەستەیی نەتەوەیی بووەتە هەقیقەت و واقیع، ناسیۆنالیزم چیتر فانتازیایەکی ئایدیۆلۆژی نییە و گلۆکالیزاسیۆن (بیرکردنەوە لە ئاستی جیهانیدا و مامەڵەکردن بەشێوەیەکی نیشتمانی) نزیک بووەتەوە لەوەی هاوتا بێت لەگەڵ کارتێکەرییەکانی بەجیهانیبوون.
بە هاتن و هەبوونی ئینتەرنێت و ڕەهەندی هەژموونگەریی ناسیۆنالیزم، چیدیکە کەس ناتوانێت بانگەشەی ئەوە بکات کە سەردەمی ناسیۆنالیزم کۆتایی پێهاتووە و سەدەی بیست و یەک کە بە سەردەمی بزووتنەوەکانی ژنان و بزووتنەوەی سەوزەکان و بزووتنەوە نەتەوەییەکان ناودەبرێت، کۆتافکرانە یان کاڵفامانە و شەرمەزارکەر نین و ناسنامەی نەتەوەیی ئێستا پایەیەکی بەهێزی ئەندێشە و کرداری مرۆڤە.
لەم سەردەمەی جیهانی دیجیتاڵدا، ئەندامانی نەتەوەیەک لە هەموو شوێنێکی ئەم جیهانە یەکتر دەناسن، لەگەڵ یەکتر لەپێوەندیدان و ئەو نەتەوانەی حکوومەتیان نییە، قەڵەمڕەوی خۆیان لە مێشکیاندا پێکهێناوە و ناسیۆنالیزمی دوورمەودا بەرەو پێکهێنانی حکوومەتی نەتەوەیی و دەوڵەتێکی نیشتمانی ڕێنوێنی دەکەن.
خاڵێکی تری گرنگ کە پێویستە ئاماژەی پێبکرێت “کاریگەری تاڤگەیی”-ە کە لە ناسیۆنالیزمی دوورمەودا لەگەڵ بوونی جیهانی دیجیتاڵدا دروست بووە و خێرایی زیاتری داوە بە پرۆسەی پێکهێنانی حکوومەت بۆ نەتەوەی بێ دەوڵەت، و کردار و هەست و یاریی و ئەوین بۆ نەتەوەی خۆی دەخاتە پرۆسەی یەکێتیی نەتەوەیی و ئامانج و ناسنامەیەکی هاوبەش دروست دەکات کە بە تێپەڕاندنی جیاوازییە تاکەکەسییەکان، ئالنگاری دۆخی هەبووی نەتەوەی بێ حکوومەت دەکات و بەرەو بیرکردنەوەو کرداری نەتەوەیی دەبات.
ناسیۆنالیزم لە دوورەوە بە یارمەتی جیهانی دیجیتاڵ هێندە کاریگەر بووە کە ئێستا هەموو نەتەوە بێ حکوومەتەکان کە درەنگ لە ڕەوتی پێکهێنانی حکوومەتی نیشتمانیدا چوونەتە نێو پڕۆسەکەوە، خۆیان بە شایستەی حکوومەتێک دەزانن کە نوێنەرایەتی بەرژەوەندییەکانیان بکات.
کوردستان، ناسیۆنالیزم لە دوورەوە، جیهانی دیجیتاڵ
دووهەم دابەشبوونی خاکی کوردستان لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا بووە هۆی پەرتەوازەیی کورد و بەستێنی گەورەترین سەرکوتی دەرەکی و ناکۆکی نێوخۆیی. لەم نووسینەدا ناپڕژێمە سەر ئەم بابەتە بەڵام ئەم هۆکارە وایکردووە زۆرێک لە کوردەکان زێدی خۆیان بەجێبهێڵن و بەهۆکاری سیاسی و کۆمەڵایەتی کۆچ بکەن بۆ هەندەران. ئەمڕۆ کورد یەکێکه له گەورەترین گرووپه نەتەوەیییەکانی دیاسپۆڕا، له وڵاتە جیاجیاکانی جیهاندا بڵاو بووەتەوه و ڕووبەڕووبوونەوەی پرسی نەتەوەیی له جیهانی دیجیتاڵ و ناسیۆنالیزمی دوورمەودا له پرۆسەی پێکهێنانی حکوومەتی نەتەوەیی بۆ کورد، گرنگییەکی تایبەتی هەیه.
ناسیۆنالیزمی دوورمەودای نەتەوەی کورد لە جیهانی دیجیتاڵدا پێویستە مامەڵە لەگەڵ پرۆسە مێژووییە تایبەتەکانی نەتەوەی کورد بکات. لە چوارچێوەی دابەشکردنی خاکی کوردستاندا، لە مەسەلەی نەتەوەیی بکۆڵێتەوە و بخرێتە نێوەڕۆکی شیکارییەکانییەوە. ستانداردکردنی ناسیۆنالیزمی کوردی و خەونی نەتەوەیی پەرە و گەشە پێبدات و ڕێکخستنی پێکهاتە و کارلێکەکان بکات. هەوڵی داڕشتنی زمانی نەتەوەیی لە جیهانی دیجیتاڵدا بدات. هەستی شووناسی نەتەوەیی لە دەوری میحوەری دەسەڵات ڕێکبخات و یەکە شیکارییەکانی خۆی بە شێوازێک دابڕێژێت کە نەتەوەی کورد وەکو پەیکەرە و جەستەی یەکسان و جێگیر بناسێنێت.
چەمکسازی و داڕشتنی گوتاریی ئەندامانی نەتەوەیی دیاسپۆڕای کورد لە جیهانی دیجیتاڵدا پێویستە هەوڵی کەمکردنەوەی “مەودای قەیرانیی”ی نێوان خۆیان و خاک و هاووڵاتیان بدەن و سنووری نێوان “ئێمە” و “ئەوان” شەفافتر بکەن.
بابەتێکیتر کە پێویستە لە چوارچێوەی ناسیۆنالیزمی دوورمەودا لە دونیای دیجیتاڵدا لەبەرچاو بگیرێت، هەوڵدان بۆ نەهێشتنی وردە وردەی ئەو ڕەوتانەن کە هاوسەنگی نەتەوەیی تێکدەدەن و دەبنە هۆی گومان یان شکاندنی هەست و تێڕوانینی نەتەوەیی بۆ کەڵەکەبوونی بەکۆمەڵ.
نێوەڕۆکی میدیایی ناسیۆنالیزم لە دوورەوە پێویستە بۆ چارەسەرکردنی گرنگیی بەردەوامی لە چوارچێوەی نیشتمانیی و دیزاین و پڕۆژە و کردار بۆ “پێکهێنانی ئیکۆسیستەمی دیجیتاڵی نیشتمانی”.
بابەتێکی دیکە کە زۆر گرنگە، گرنگیدان و کردارە لە چوارچێوەی “وێناسازی ڕۆشنبیری نەتەوەیی”یە و پێویستە دیاسپۆرا سەرنجی بداتە نەوەی دووەم کە لە هەندەران لەدایک دەبن. بۆ ئەوەی سەرەتا وێنەی کوردستانێکی یەکگرتوو لەسەر ئاستی جوگرافی و ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتی بەهێزتر بکات. دووەم: سەقامگیرکردنی ئەم وێنانە لە ڕووی دەروونی و سۆزداری و هەستکردنەوە لە نەوەی دووەمدا. سێیەم: وەبیرهێنانەوەی جیهانی سیاسەت و یاسا، میدیا و ڕای گشتی جیهانی لە مافی نەتەوەیی کورد بۆ سەربەخۆیی و سەروەری. ئەم پرسە هەم گرنگە و هەم کارپێکراوە، بە لەبەرچاوگرتنی شارەزایی تەواوی نەوەی دووەم لە زمان و کولتوور و پەروەردەی وڵاتی مەبەست و شارەزایی زانستی و توانای گۆڕینی هەریەکەیان بۆ باڵیۆزی کولتووری نەتەوەی کورد.
هەروەها بە هێنانەکایەی زیرەکی دەستکرد لە دونیای ئەمڕۆدا دەکرێت کارامەیی و کارتێکەری پرسی نەتەوەیی بە کەڵکوەرگرتن لەم ئامرازە گرنگە لە کوردستان لە جیهانی دیجیتاڵیدا، ئاراستەی کاراییەکی بەرزتر بۆ ناسیۆنالیزمی دوورمەودا بکرێت.
دەرەنجام:
وشیاریی نەتەوەیی و وشیاریی کاریگەریی نیشتمانی، بە پلان و بەرنامەسازی و جێبەجێکردن لە چوارچێوەی ناسیۆنالیزمی دوورمەودا و بەئامرازەکانی جیهانی دیجیتاڵ، باشترین دەرفەتە بۆ نەتەوەی بێ دەوڵەت، لەوانەش نەتەوەی کورد کە ڕێژەیەکی بەرچاوی دیاسپۆڕای لە وڵاتە جیاوازەکانی جیهاندا هەیە. کورد بە کەڵکوەرگرتن لە هەموو ئامرازە بەردەستەکانی جیهانی نوێ دەتوانێت ببێتە “شارۆمەندی جیهانیی-نەتەوەیی” و پرۆسەی پێکهێنانی حکوومەتی کوردستان خێراتر بکات.
سەرچاوەکان:
Nationalism and Media, Michael Skey, 2022
Digital Nationalism: Understanding the role of digital media in the rise of ‘new’ nationalism, Sabina Mihelj, César Jiménez-Martínez, 2020
Long distance nationalism in the ‘post- truth’ era. Exclusions and expulsions as online political strategies, Daniele Conversi, 2017
Irresponsible Radicalisation: Diasporas, Globalisation and Long-Distance Nationalism in the
Digital Age, Daniele Conversi, 2012
*Kurdistan and Kurds; Long distance Nationalism, Diaspora, digital World, Behzad Khoshhali, 2025
