گرینگی بەرژەوەندی نەتەوەیی و خەسارەکانی ئێمە
بەرژەوەندی نەتەوەیی بریتییە لە بەرژەوەندییە سیاسییەکان، بەرژەوەندییە ئەمنییەکان، بەرژەوەندییە سەربازییەکان، بەرژەوەندییە ئابوورییەکان، بەرژەوەندییە فەرهەنگییەکان و بەرژەوەندییەکانی دیکەی وڵات یان نەتەوەیەک. چەمکی بەرژەوەندی نەتەوەیی، ڕەنگدانەوەی تێگەیشتنی بنەڕەتی تاکەکان، هێزە سیاسییەکان، ڕێکخراوەکان و حکومەتە لە گرینگی، ئامانج، بەهاکان و شێوازەکانی بەدیهێنانی ئەو بەهایانە و بە قووڵی لە ژێر کاریگەری شێوازی بیرکردنەوە و نەریتە فەرهەنگییەکان و بەها و ئایدۆلۆژیاکاندایە.
بەرژەوەندی نەتەوەیی هەروەها کۆمەڵێک ئامانجن کە پێویستە حکومەتەکان ڕێنوێنی بکەن بەرەو قۆناغی کردەیی و بە زۆرترینی بکەن بۆ بەدەستهێنانی فرەترین ئەنجام و دابینکردنی گەشە و داهاتوو و خۆشبژێوی وڵات و نەتەوە.
بۆ نەتەوەیەکی بێ دەوڵەت کە لە پڕۆسەی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی نەتەوەییدایە و هێزی سیاسی لە غیابی حکومەتە دامەزراوەکاندا ڕۆڵی حکومەت دەگێڕێت پێویستە هەموو ڕەوتە سیاسییەکان لانیکەم لەسەر بەرژەوەندییە نەتەوەییەکان هەماهەنگی تەواویان هەبێت.
بۆشایی گەورەی هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ڕابردوودوو و لە ئێستادا کە لە هەموو کاتێک زیاتر لە پێشهاتە گەورەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نزیک دەبینەوە -و لەوانە کوردستان لە ناوەندی ئەو پێشهاتانەدا دەبێت- هاوکارینەکردن و ناهەماهەنگی لە پرسی بەرژەوەندی نەتەوەیی، کەمتەرخەمی و جیاوازی تێڕوانینەکان و کەرتیی ڕوانین و بەرژەوەندی ڕێکخراوەیییە کە هەمیشە سێبەری قورسیان خستووەتە سەر ئەم پرسە و ڕێگرییان لە داڕشتنی تێڕوانینێکی بەکۆمەڵ و نەتەوەیی لەسەر پرسی بەرژەوەندیی نەتەوەیی کردووە.
The National Interest
