۵۹+۱
لە هاتنە سەرکاری ڕژێمی نوێی حاکمییەتی داگیرکەر تا ئیمڕۆ و بۆ سبەی و داهاتوو، گەرچی سیستەم نقابی زۆری گۆڕیوە بەڵام یەک ڕواڵەتی، هەمیشە ئاشکرا بووە: لەسێدارەدان و ئێعدام.
ئەگەر پەنجاو نۆ جەوانەکەی مەهاباد، بکەین بە هێمایەک بۆ جینایەت، پێش ئەو ڕووداوە و دوای ئەو، یەک یەک، ڕۆڵەکانی نەتەوە، بوونە دە و سەت و هەزار و چەند هەزار و سەرچۆپی ژیان و بەختەوەری ئەوان، جێگۆڕکێ کراوە بە قۆڵبەست و پابەند و زیندان و ئەشکەنجە و تیرباران و ئێعدام و ئێمەی نەتەوەی کوردیش، ئازار و دەردمان، بە دەرد و ئازار داپۆشیوە و گوایە ڕاهاتووین بە داماوی فێرکراو کە مادام زەریامان لێ قەدەغە کراوە، بە دڵۆپێک شاد بین بۆ مەلە کردن، بێ ئاگا لەوەی -جۆرێکی تر بێژم خۆ گێل کردن- کە یەکی دوای پەنجاو نۆ، بووە بە دە و سەت و هەزار و….
هێشتا خاکی گۆڕی گیانبەختکردوویەک، نوێیە، گیانبەختکردوویەکی دیکە، هێشتا تەزی هەواڵی کوژرانێک دەرنەچووە، هەواڵێکی دیکە و هێشتا قەڵەمی حوکمی لەسێدارەدانێک، وشک نەبووە، قەڵەمێکی سووری دیکە.
هەریەکەمان، هەریەک لە من و ئێمە، لە بوونماندا کۆمەڵەیەکی هاوشێوەمان هەیە؛ زنجیری بەستراو بە دەست و پێ و پەت لە مل.
یەکی ئەمجارەی دوای پەنجاو نۆ، پەلکە کردنی قژی کەنیشکێکە پێش سێدارە…..