هێرشەكانی سپای پاسداران بۆ سەر خاكی هەرێمی كوردستان، رێككەوتنێكە لە نێوان حكوومەتی ناوەندیی عێراق و ئێراندا
بێهزاد خۆشحاڵی لە سەرەتای ساڵی 1390 لەژێر زەخت و گوشاری هێزە ئەمنیەتییەكانی كۆماری ئیسلامی بە ناچاری كوردستانی ئێرانی بەجێهیشت و ئێستا نیشتەجێی هەرێمی كوردستانی عێراقە.
كوردپا: پێت وایە هێرشی بەربڵاوی كۆماری ئیسلامی بۆ سەر ناوچە سنوورییەكان و خاكی هەرێمی كوردستان جیا لە بیانووی بوونی هێزەكانی پەژاك ئامانجێكی دیكەی لە پشتە؟
ب. خۆشحاڵی: كۆماری ئیسلامی ئێران لە ستراتیژیی نێونەتەوەیی خۆیدا لە راستیدا شێوەیەكی بۆ خۆی دەست نیشان كردووە كە بتوانێ لەو شوێنەی كە تووشی مەترسی ئەمنیەتی میللی ئەبێـت، لەناو خاكی ئەویدی دا بە ئامراز و كەرەسەی ئەویدی شەڕ بكات.
خۆتان دەزانن لە ستراتیژیی ئەمنیەتی میللیدا چوار حاڵەت هەیە كە دوو حاڵەتیان هێرشی چالاكی پێ ئەڵێن و ئەو دوەكەی دیكەشی بە ستراتیژیی ئەمنیەتی ناچالاك ناسراوە. بۆیە هەر وەك پێشتریش لە بابەت و نووسراوەكاندا ئاماژەم پێكردوون لە راستیدا ستراتیژیی ئەمنیەتی كۆماری ئیسلامی ئێستا ئەوەیە كە خاكی عێراق بە گشتی و هەرێمی كوردستان بە تایبەت وەكوو داڵان وشوێنیێكی بەتاڵا بەكاربێنێ، چونكە كۆماری ئیسلامی پێی وایە پانتایی دوایین شەڕی لەگەڵا هێزەكانی ئەمریكاو هێزە هاوپەیمانەكان لە هەرێمی كوردستان دەبێت، چونكە ئەگەر پڕۆژەی عێراقیزەكردنی ئێرانیش لە گۆڕێدا بێت، پانتایی و شوێنی دوایین شەڕی ئەبێتە خاكی هەرێمی كوردستان، بۆیە ئەو تاكتیكە بەكاردێنێ و خاكی هەرێم وەكوو خاكی دوژمن دەبینێو ئەڵێت لەناو خاكی دوژمن و بە ئامرازی دوژمنەوە هێرشی دەكرێتە سەر. بۆیە دەبینین هێزە ئیسلامیەكانیش ئەهێنێت و بۆ هێرش كردنە سەر كوردستان لە ریزەكانی سپای پاسداراندا رێكیان دەخات و هێرش دەكاتە سەر خاكی هەرێمی كوردستان و گریلاكانی پژاك.
كوردپا: دەبینین كۆماری ئیسلامی لە ناوخۆ و دەرەوەش لەگەڵا كۆمەڵێك قەیران بەرەوڕوویە، چاوەدێڕانی سیاسیو پسپۆڕانی بواری ئێران لەو باوەڕەدان كۆماری ئیسلامی بۆخۆدەرباز كردن لەو قەیرانانە و داپۆشینیان، لە ناوچە دەست دەداتە قەیران خوڵقێنی، پێت وانیە ئەم هێرشانەش بەشێك لەو سیاسەتە بن؟
ب. خۆشحاڵی: دەبێ لە دوو روانگەی كلاسیك و نوێوە سەیری ئەم مەسەلەیە بكەین، بۆیە تایبەتمەندیی كۆماری ئیسلامیش ئەوەیە كە هێشتا هەر لە سەردەمی روانگەی كلاسیك دایە، لە راستیدا تێڕوانینی سیاسیی كۆماری ئیسلامی، یان تێڕوانینە ئەمنیەتییەكەی تێڕوانینێكی كلاسیكە، بۆیە لە چوارچێوەی ئەو خەیاڵ و جیهانبینیە دەسكردەی كە بۆ خۆی سازی كردووە پێی وایە هەمیشە دەبێت پیلانێك ساز بكات و لەو رێگایەوە بەرەنگاری پیلانەكانی دیكە ببێتەوە و ناوی بنێتە دژە پیلان و لەم بارەشەوە بەردەوامە.
بەڵام ئەگەر بێت و لە روانگەی ستراتیژیی نوێ و مۆدێڕنەوە سەیری مەسەلەكە بكەین هۆكاری جەوهەری ئەوەیە كە خودی كۆماری ئیسلامی ئێران هێشتا گۆڕانی بارودۆخەكەی نەناسیوە، هێشتا بەو قەناعەتە نەگەیشتووە كە دونیای نوێ سیاسەتی نوێی گەرەكە و ئەو دونیا نوێیەش سیاسەت و ئابووریی نوێی هێناوەتە ئاراوە، بەڵام ئێران هێشتا دەركی بەو ستراتیژییە نوێیە نەكردووە و ئێستاش نەگەیشتۆتە ئەو قەناعەتەی كە سنوورەكانی كوردستان ئیدی ئەو سنوورانەی جاران نین كە هەركاتێ كە خۆی پێی خۆش بێت بەپێی ئەو ستراتیژییە كلاسیكە بێت و سەربازەكانی خۆی بداتە كوشت بۆ ئەوەی كە گرینگیی رووداوەكان لە ناوەندەوە بگوازێتەوە بۆ پەراوێز. ئەمە خۆی روانگەیەكی كلاسیكە بەڵام لە روانگەی مۆدێڕنندا ئێستا هەرێمی كوردستان وەكوو ناوچەیەكی بە تەواوەتی ژێئۆپۆلۆتیك دەناسرێ و ئێستا حكوومەتی هەرێمی كوردستان خەریكە یاریی ناوچەیی دەكات و وەكوو ئەكتەرێكی ناوچەیی ئەناسرێت و لەو یارییە سیاسییە ناوچەییانەی كە دەكرێت لە راستییدا باشترین سیاسەت و ستراتیژیی نوێ رەچاو دەكات. هەرچەند من بۆ خۆم لە جۆری هەڵوێستی هەرێم لە بەرامبەر تۆپباران كردنی ناوچەكانی سەرسنوور و قەندیل رەخنەم هەیە، چونكە ئەو هەڵوێست و دیپلۆماسییە دیپلۆماسییەكی چالاك و ئەكتیڤ نەبووە.
كوردپا: لە رابردوودا و بەم دوایانەش باڵوێزی كۆماری ئیسلامی لە بەغدا بەم بۆنەوە بانگهێشت كراوە و هاوكات هوشیار زێباری وەزیری دەروە عێراق و هەم باڵوێزە ئەمریكا بە فەرمی داوایان لە ئێران كردووە كە ئەو هێرش و تۆپبارانانە راوەستێنێ، بەڵام دەبینین ئەم هێرشانە هەر وا بەردەوامن، رای جەنابت لەم بارەوە چییە؟
ب. خۆشحاڵی: بەڕای من ئەو جۆرە بانگهێشت كردنانە ئەگەرچی پێویستن بەڵام وەڵامدەر نین، ئێمە ئەبێت پێكهاتەیەكی تۆكمەی دیپلۆماتیك بۆ ئەم مەسەلەیە هەڵبژێرین، ئەو رێكخستنە دیپلۆماسییە هاتنی خەڵكە بۆ سەر شەقامەكان و داواكارییە خەڵك كە مانگرتنی گشتی بكەن بەتایبەت لە كوردستانی ئێران و هەروەها هەوڵ و چالاكیی ئەو رێكخراو و دامەزراوە كۆمەڵایەتیانەی كەلە كوردستان و دەروەی وڵات هەن. ئێمە كە ئێستا وەكوو دەوڵەتێك ناتوانین ئەو دیپلۆماسیەتە رەچاو بكەین، بەڵام دەبێ ئەو رێكارانە وەكوو دیپلۆماسی بەكار بهێنین، بەڕای من دەبێ پێكهاتەیەك لە گشت ئەو چالاكیانەی ناوخۆ و دەروەی وڵات دەست نیشان بكەین. شتێكی تر كەلە گۆڕێ دایە ئەو رێككەوتنانەیە كەلە نێوان كۆماری ئیسلامی و حكوومەتی ناوەندیی بەغدا دەكرێن، رێككەوتنەگەلێكن كە پێشتر كراون، من یەك ساڵ لەمەوبەر ئەمەم راگەیاند كە كۆماری ئیسلامی خەریكە خۆی ئامادە دەكات بۆ شەڕێكی بەرین و بەردەوام بۆ سەر خاكی هەرێمی كوردستان، ئەمەش وەكوو گرێبەستێك لە نێوان ئێران و عێراقدا مۆر كراوە، من لەو باوەڕە دام هەموو ئەم شتانەی ئێستا دەگەڕێنەوە بۆ هەمان پەیمانی “سەعدئاباد” كە بە وتەی ” چەنگیز پەهڵەوان” تەنیا شتێك كە ئێستا ناوی پەیمانی سەعد ئابادی هێشتۆتەوە هەمان سەركوتی كوردەكانە.
كوردپا: مەسەلەیەكی تر بێجگە لەو شەڕ و ئاوارەیەی كە هێرشەكانی سپای پاسدارانی كۆماری ئیسلامی بەدیهێناوە، پرسی پێشیلكاریی راشكاوانەی رێوشوێنە نێودەوڵەتییەكان و هێرشە بۆ سەرخاك و سەروەریی وڵاتێكی دیكە، ئاخۆ حكوومەتی ناوەندیی بەغدا و هەرێمی كوردستان لەم بارەوە دەتوانن لە شوێنە یاسایی و نێودەوڵەتییەكان دژ بە كۆماری ئیسلامی سكاڵا بكەن؟
ب. خۆشحاڵی: بەڵێ دەتوانن، بەڵام پێم وانیە حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بە فەرمی وەكوو نوێنەری وڵاتێكی سەربەخۆ بناسرێ، چونكە لەباری حقووق و یاسا نێودەوڵەتییەكانەوە دەبێ هەموو كارەكانی لە رێگای حكوومەتی عێراقەوە جێبەجێی بكات، بەڵێ لەباری مافی نێودەوڵەتییەوە ئەوە راشكاوانە هێرش و دەستدرێژییە بۆ سەر خاكی وڵاتێكی تر، بەڵام لە راستیدا ئێمە ئێستا ناتوانین بڵێین ئەم كارە هێرش و دەستدرێژییە بۆ سەر خاكی هەرێمی كوردستان، بەڵكوو دەبێ بڵێین هێرش و دەستدرێژییەكە بۆ سەر خاكی عێراقە. ئەوەش كە دەبێ چۆن لەگەڵ مافە نێودەوڵەتییەكان بجووڵنەوە دیسان دەكەوێتە ئەستۆی وەزارەتەكانی عێراق و بەتایبەت وەزارەتی دەرەوە كە بە چ شێوەیەك هەڵسوكەوت بكات و چۆن كۆنترۆڵی ئەم مەسەلەیە بكەن كە جۆری هەڵوێستەكەیان و رەچاو كردنی مافەكانی عێراق دەتوانێ ئاستی كاردانەوەكەیان دیاری بكات. بەڵام ئەگەر ئێستا حكوومەتی هەرێمی كوردستان وەكوو وڵاتێكی سەربەخۆ ببوایەت دیارە دەیتوانی ئەم مەسەلەیە وەكوو پڕۆژەیەكی حقووقی و بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەكان بە جوانی بباتە پێشەوە، هەر وەكوو پێشتریش ئاماژەم پێكرد، لەم بارەوە رێكخراو و NGOە كوردییەكان لە ئورووپا و ئەمریكا دەتوانن بە كار و چالاكییەكانی خۆیان جێگای باڵوێزخانەكانمان بۆ بگرنەوە و بەكاری دیپلۆماسیی نێودەوڵەتی بیبەنە پێشەوە.
كوردپا ـ هەڵوێستی حیزبە ئۆپۆزیسیۆنەكانی دژبەری كۆماری ئیسلامی ( كوردەكان) كەلە هەرێمی كوردستان نیشتەجێن، لەم بارەوە هەڵوێستیان چۆن بووە؟
ب. خۆشحاڵی: ئەمن هەتا ئەو جێگایەی ئاگادار بم ئەو سترارتیژیەی كە بۆ خۆیان هەڵیان بژاردووە، هەڵوێستێك كە لەم بارەوە گرتیانە پێش هەڵوێستێكی دیپلۆماتیك بوو، چ بە شێوەی بەیاننامە و لێدوان كە دەریانبڕی، كاردانەوەیەكی باش بوو و ئەو وتووێژەش كەلە تەلەفیزیۆنی (بی بی سی)یەوە لەگەڵ سێ كەس لە ئەندامانی رێبەریی حیزبەكانی: كۆمەڵە، دێمۆكرات و پەژاك ئەنجام درا، هەتاڕادەیەك خاڵی هاوبەش لەناو قسە و هەڵوێستەكانیاندا هەبوو، بەڵام كاتێك كە باس لە گرتنەبەری ستراتیژییەكان دەكرێ، پەژاك ستراتیژییەكی هێرشبەرانەی بۆ خۆی هەڵبژاردووە، ئەمە لە خۆیدا جێگای رێز و حورمەتە، بەڵام ئەو ستراتیژیە كەلە راستیدا بە ستراتیژیی “ئاسۆیی” ناسراوە، یان ستراتیژیی نفووزی درێژخایەن و بەرەبەرەی پێ دەڵێن لەلایەن حیزبی دێمۆكرات و حیزبی كۆمەڵە هەڵبژێردراوە ئەوەش بۆ خۆی جێگای رێزە، دیارە ئەم دوو حیزبە بەپێی ئەو هەڵوێستەی كە گرتوویانەتە پیش، واتە خەباتی چەكدارانە ناكەن ئەوان هەڵوێستیان بە نیسبەت ئەم مەسەلەوە ئارامی و هێوریە و لەو باوەڕە دان كە زیاتر لە رێگای دیپلۆماسیی نێودەوڵەتییەوە بەدواداچوون بەو كارە بكرێت، بەڵام پەژاكیش لەم بارەوە كاردانەوەی هەبووە، بەپێی سیاسەت و ستراتیژیی خۆی كە هەمان هێرشی یەكپارچە و بەرەنگاریی رەوا و دیفاعی چالاكە، هەركام لەو هەڵوێستانە جێگای رێز و حورمەتن.
كوردپا: ئاخۆ ئێستاش وەكوو جاران بەهۆی ئەمنیەتی و نیزامی بوونی ناوچەكانی كوردستان، كێشە لە بەردەم چالاكانی مافی مرۆڤ و رۆژنامەنووساندا هەیە بۆ گەیاندنی هەواڵ و زانیاری یان ئاڵوگۆڕی بەسەردا هاتووە؟ یان ئەركی چالاكانی مافی مرۆڤ لەم قۆناغەدا چیە؟
ب. خۆشحاڵی: ئەوەی كە دەبێ بە نیسبەت چالاكانی مافی مرۆڤ و رۆژنامەنووسانی ناوخۆی كوردستانی ئێرانەوە بیڵێم ئەوەیە كە ئیدی ئەوان ئەو هەزینانەی كە دەبی بیدەن داویانە، یانی بە گیان و ماڵ و تەواوی بوونی خۆیانەوە هەموویان تووشی گرفت و خەسار هاتوون، ئەمن هەمیشە وتوومە یاسای سزادان لە ئێراندا سفر و سەدە، ئێستا بە تەواوی هێزەوە خەریكن چالاكانی مافی مرۆڤ لە كوردستان سەركوت ئەكەن، ئەوەش كە ئێستا ئەگەر دەنگێكی كز لە میدیا و ئینتێرنێت و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە دەبیسترێ كە كاری هەواڵنێری و گەیاندنی زانیاری بكات، بەڕاستی بە شێوەی سفر و سەد خەریكە لە ژیان و ماڵی خۆی نرخ دەدات. بۆیە بەڕای من دەبێت داوا بكەین لە چالاكانی مافی مرۆڤ، بەتایبەت ئەو نوێنەرەی كە لەلایەن شۆرای مافی مرۆڤی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكانەوە بۆ ئێران هەڵبژێردراوە (ئەحمەد شەهید) كە بڕیارە كێشە و پرسی مافی مرۆڤ لە ئێران بە شێوەی راپۆرتی ساڵانە بداتەوە بە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی، ئەگەر ئەو چالاكانەی مافی مرۆڤ كەلە هەرێمی كوردستان و كوردستانی توركیە و ئورووپا و ئەمریكا نیشتەجێن، بتوانن بە شێوەیەك ئەحمەد شەهید بە قەناعەت بگەیەنن كە كێشەی سنوورەكانی ئێران كێشەی دیفاعی رەوای ئێران نیە و ئێستا دەبینین كۆماری ئیسلامی خەریكە پاساو دادەتاشێ بۆ دەسترێژی و هێرشبەرییەكانی خۆی بۆ سەر هەرێمی كوردستان. هەروەها ئەگەر بتوانین گەندەڵییەكانی ئێران لە بواری مافی مرۆڤ و ئەم هێرشەی بۆ سەر خاكی هەرێمی كوردستان بكەینە راپۆرتێك بۆ ئەو چالاكانەی مافی مرۆڤ كە سەرقاڵی بەدواداچوونی پێشێلكاریی مافی مرۆڤن لە ئێراندا، كە وەك بەڵگەیەكی دیپلۆماسی بۆ كورد دەسكەوتێكی باشتر و شیاوتری دەبێت.