“گرینگی بەشداری فرەتری لاوان لە رێبەری حیزبەكاندا ”
عنوان مقاله (به فارسي): اهميت مشارکت افزون تر جوانان در رهبري احزاب
سه رچاوه: گۆڤاری لاوان/ یەكیەتیی لاوانی دیموكراتی كوردستانی ئێران
ئەگەر لە روانگەی پلانرێژیەوە سەیرێكی حیزب و رێكخراوەكان بكەین گرینگترین روانگەكان سەبارەت بە پلانرێژی و گۆڕانكاری بریتین لەوانەی خوارەوە:
– پلانرێژی رابردوو بین
– پلانرێژی هەنووكەیی بین
– پلانرێژی دوارۆژ بین
– بەرێوەبەرایەتی داهاتووساز
لە روانگەی بەرێوەبەرایەتی لە سەردەمی ئێستادا، سەركەوتووترین رێكخراوەو حیزبەكان ئەوانە ئەبن كە خاوەن پلانرێژی دووارۆژبین و بەرێوەبەرایەتی داهاتووسازیان دهبێ. بەرنامەدارشتنی دوارۆژبین لە ئاسایی ترین پێناسەی خۆیدا بە مانای پێشبینی داهاتوو، تەیار كردنی خۆ بۆ كاتی دووای ئێستاو بەرێوەبەرایەتی داهاتووسازدا بە مانای خۆڵقاندنی داهاتووی خوازراوە. لە بەرێوەبەرایەتی داهاتوو ساز تەوەری ئافراندنی داهاتوو دەكەوێتە بەر باس، هەروەها پێویستە ئاماژە بدەین بە پێناسەیكی زۆر كورت لە چەمكی بەرنامە دارشتن كە بە واتای لێكدانەوەی رێگاچارەكانی گشتی بۆ گەیشتن بە ئامانج پێناسە دەكرێت.
بەرنامە دارشتنی دووارۆژ بین و بەرێوەبەرایەتی ئایەندە ساز كاتێك لە تەنیشت یەكتر بخرێنە بەر باس چەمك گهلێک دەخوڵقێنن كە بە تێوریی پلاندارشتنی ستراتێژیك، ناوزەد دەكرێت و چاودێری كردنی لە هەموو قۆناغەكانی جێبەجێ كردندا چەمكی بە رێوەبەرایەتی ستراتێژیك، دێنێتە ئاراوە.
بە روانینێكی دیکه بۆ ئەم دوو چەمكە، پلاندارشتنی ستراتیژیك بریتی دەبێ لە دارشتن و جێبەجێ كردنی ستراتیژی و هەروەها لێكدانەوەی ستراتێژی. بە پێی رەستەكانی پێشوو بەرنامە دارشتن بە واتای رێگاچارەی گشتی گەیشتن بە ئامانجەو هەركاتێك بە شێوازی بەرێوەبەرایەتی ستراتێژیك، بێتە بەر باس و لێكۆڵینەوە، ئەم قۆتاغانەی لێی دەبێتەوە:
– پلان رێژی
– رێكخستن
– رێنمایی
– جێبەجێكردن
– كۆنترۆڵ
– كاردانەوە
بە شرۆڤە كردنی سەرەتایی ئەو چەمكگەلەی كە پێشتر وترا و شرۆڤه كردنی ئەو بابەتە كە سەركەوتوو ترین رێكخراوەو حیزبەكان، لە سەردەمی نوێدا ئەوانەن كە چاویان لە داهاتووەو بەرێوەبەرایەتیان دووارۆژ بینە، پێویستی و پێداویستیەكی زۆر گرینگ وەدەست دێت كە ئەویش ناسكردنی تایبەتمەندی “سەرچاوەی مرۆڤی كارامە” بۆ رێگەكردنە لە بەرنامە دارشتن و بەسەركردنی قۆناغەكانی رێكخستن، رێنۆمایی، جێبەجێكاری و كۆنترۆڵ تا قۆناغی دووایینی كاردانەوە بە شێوازی خوازراوە.
بە روونی دەبێ بگەینە ئەو قەناعەتە كە رێكخراو و حیزب گەلێک سەركەوتوو دەبن كە ئەم رەوتە وەك پرۆسە بە شێوەی خوازراو بگەینە ئەنجام بە جۆرێك كە سەرچاوە مرۆڤیەكانیان سەرەرای تایبەتمەندی و بەڵینداریەتی لە چالاكی پێوست بۆ داهێنان لە قۆناغی زەمەنی جۆراوجۆردا و بە گشتی هەموو قۆناغەكانی دیكە بەهرەمەند بن و مێنتالیتەی خۆیان لە “ئێستاو ئێرە” و هەروەها ئەو ئاستەنگانەی كە بەرهەمی رابردوو بینییە دەرباز بكەن. لێهاتوو ترین سەرچاوەگەلی ئینسانی بۆ پلاندارشتنێكی داهاتوو بین و بەرێوەبەرایەتیكی ئایەندە ساز لە رێكخراوەو حیزبەكانی سەردەم بێگومان گەنجەكانن، بەڵام گەنجان چ تایبەتمەندیگەلێكیان هەیە كە زانستی بەرێوەبەرایەتی پێداگری زۆری كردووە لە سەر گونجاوبوونی ئەوان بۆ بەشداری چالاكانە، كارامە و كارتێكەر لە پلاندارشتنێكی داهاتوو سازدا.
* * *
– لاوان توانایەكی باشتریان هەیە بۆ تاوتوێ كردنی بیرۆكەی نوێ و سەردەمیانە.
– لەبەر ئەوەیكە خولانهوهی زانیاری (گردش اطلاعات) لە پلاندارشتنی داهاتووبین زۆر گرینگە، بەشداری لاوان لە رێبەری حیزب و رێكخراوەكاندا بە هۆی ئەوەیكە مێشكێكی بە تواناو داهێنەریان هەیە زۆر پێویستە داهێنان و نوێخوازی یەكێكە لە گرنگترین تایبەتمەندیەكانی حیزب و رێكخراوەی مۆدێڕن.
– حەرەكەتی خێرا لە جیهانی ئەمرۆدا بۆ حیزب و رێكخراوەکان پێویستیەكی حاشا هەڵنەگرە. لەبەر ئەوەیكە لە دنیای ئەمرۆدا گریمانی دەكرێت هەموو حیزب و رێكخراوە بە هۆی ئاسان وەدەست كەوتنی زانست و زانیاری دروست رێگە دەكەن، لەبەر ئەو هۆكارە “خێرایی” یەكێک لە گرنگترین فاكتەرەكانی سەركەوتنی رێكخراوە دێتە ئەژمار.
– بە هۆی ئەوەكە لەپلاندارشتنی داهاتوو بین حەرەكەت لە پاژ بۆ گشتە (جز به كل)، لە شێوەكاری “ئەندازیاری لەتك لەتك” كەڵك وەردەگیرێت، ئەو سەرچاوە مرۆڤیە كارتێكەرترە كە سەرەرای توانای داهێنان، مێنتالیتەیەكی پرۆسە مێحوەریشی ببێت. بە پێی ئەم روانینە ئاشكرایە كە جێگیر بوونی گەنجان لە پێكهاتەی رێبەری حیزب و رێكخراوەکاندا گونجاوترین هەڵبژاردە بێت.
– لاوان بە هۆی وزەی جەستەیی و توانای زەینی خۆیان زۆر بە نەترسانە و بوێری دەتوانن ئەرك و بەرپرسایەتی پێ سپێردراویان بە ئەنجام بگەیەنن و هەروەها سازگاریەكی فرەتر لە خۆیان نیشان بدەن، لاوان هەروەها توانایەكی فرەتریان هەیە بۆ لێكدانەوەو تاوتوێ كردنی پرسە جۆربەجۆرەكان.
– لاوان كاتێك كە لە پێكهاتەی رێبەری حیزب و رێكخراوەدا جێگر دەبن بە هۆی سروشتی لاویەتی، ئەنگیزەیەكی فرەتریان بۆ گۆڕان و رۆحیاتی پۆزیتیڤتر یان هەیە.
– یەكێک لە پێداویستیەكانی پلاندارشتنی داهاتوو بین و بەرێوەبەرایەتی ئایەندە ساز بەشداری فرە لایەنە، ئهوه یهکێک لە تایبەتمەندی هەرە سەرەكییەكانی كەسایەتی لاوانه.
– لاوان لە بەراوەرد لە گەڵ گرووپی تەمەنی سەرووی خۆیان كەمتر لە دۆڕان دەترسن و ترس لە دۆڕان نابێتە كۆسپێك كە لە ریسك كردن بترسن. ئەوان هەروەها لە دیاردەگەلی نەناسراو كەمتر دەترسن و لەبەر ئەوەی توانای زەینی سەرتر و هێزی داهێنانی فرەتریان هەیه، واتا دینامیکترن.
– لاوان بە پێی تایبەتمەندی سروشتی خۆیان لە میكانیزمگەلی “دنەدان-ئەنگیزشی” زۆرتر كاریگەری وەردەگرن، كاریگەری ئەم میكانیزمانە راندمانی كاری ئەوان زۆرتر دەكات.
– داهاتووی خوازراو گرنگترین ئامانجی پلاندارشتنی دووارۆژبین و بەرێوەبەرایەتی ئایەندەسازەو لاوان لەبەر ئەوەی ئایدیالی تر بیر دەكەنەوە تا ریاڵ تر، زۆرتر دەتوانن خۆیان لە گەڵ ئەمجۆرە بەرنامە دارشتن و بەرێوەبەرایەتیە سازگار بكەن.
– لاوان لە كاتێك که رێبەری حیزب و رێكخراوەکاندا بەشداریی زۆرتریان ههبێ دەتوانن زنجیرەكانی پێوەندی رێكخراوەیی و سازمانی بەرەو باشتر بوون رینوێنی بكەن و ببنە فاكتەرێكی گرینگ لە لێكنزیك كردنەوەی پێوەندی و گرێدراوەیی رێكخراوەیی.
– لاوان لە گواستنەوەی زانست و ئەزموونەكانی خۆیان بۆ چینەكانی خوارووی حیزب راحەت تر هەڵسووكەوت دەكەن و زۆر بە ئاسانی هەموو چین و توێژەكانی رێکخراوهگهلی دیکه لەگەڵ ئەزموون و زانستەكانی خۆیان هاوبەش دەكەن.
بە پێی ئەو رەستانەی سەرهوه و هەروەها ئەو ئەزموونانەی كە سەبارەت بە رێكخراوەو حیزبە سەركەوتووەكانی سەردەم تۆمار كراوە، لاوان و گەنجان شارەزاییەكی فرەتریان هەیە لە توانای كەڵك وەرگرتن لە دەرفەتەكان و خوڵقاندنی بارۆدۆخێكی خوازراو، و هەروەها كاتێك بەشداری بەرچاویان ببێ لە حیزب و رێكخراوەدا ئەو سازمانە دەبەنە قۆناغێكی ئایدیال بۆ گەیشتن بە ئامانجەكانی لە هەریەك لە بووارەكانی سیاسی، ئابووری، كۆمەڵایەتی، فەرهەنگی و تكنۆلۆژیك. ئەم پرسە سەبارەت بە حزبێكی سیاسی كە بە دوای هەژمۆنی سیاسی بە واتا بەرهەمهێنای هێز، ئاراستە كردنی هێز و كۆنتڕۆڵی هیزە لە بەراوەرد كردن لە گەڵ رێكخراوەگەلی دیكە گرنگیەكی بەرچاوتر بە خۆیەوە دەبینێت.