ئایا ڕۆژهەڵات دەتوانێت کۆمەڵگای هاوتەریب درووست بکات؟
کاتێک داگیرکەری یووگسلاوی پێشوو، هەموو مافەکانی خۆسەری کۆزۆوی زەوت کرد خەڵکی ئەو وڵاتە ئامادە نەبوون سەردانەوێنن و دەستیان کرد بە خۆسازدانی ڕێکخراوەکان و خۆتەیار کردن بۆ پەروەردەو تەندروستی و خزمەتگوزاری کۆمەڵایەتی و سیستەمی دابەشکردن. بە واتا کۆمەڵگای هاوتەریبیان درووست کرد.
دروشمی سازکردنی کۆمەڵگای هاوتەریب ئەمە بوو:
من خوازیارم، من دەزانم، من دەتوانم
ئەوان خۆیان بە تەواوی لە کۆمەڵگای یووگسلاویا (تۆ بخوێنەوە سێربیا) جودا کردەوەو ئەوە هەوێنی سەربەخۆیی کۆزۆوو بوو کە دوای سێ دەیە بوو بە حەقیقەت.
گەمەکەرانی کۆمەڵگای هاوتەریب، ڕکابەریی هێز ناکەن بەڵکوو هێزی حکوومەت بەرتەسک دەکەنەوە، بەشداریی سیاسی هان ئەدەن، فەرهەنگی دێمۆکڕاتیک گەشە پێ ئەدەن و سیستەمە ئیدارییەکانی حکوومەت وەلادەنێن. بەمجۆرەو بە شێوازێکی نەرم، لاریی دەکەن لەگەڵ سیستەمی داسەپاو.
“ویکتۆر کۆڵڕسکی” دەڵێت:
لە کۆمەڵگای هاوتەریب، دەسەڵات فرۆشگەی خاڵی کۆنترۆڵ دەکات نە بازاڕ، کاری کرێکاران کۆنترۆڵ دەکات نەک ژیانیان، مێدیای فەرمی کۆنترۆڵ دەکات نەک سووڕی زانیاری، پۆست و تەلەفوون و چاپەمەنی و (ئینتەرنەت) کۆنترۆڵ دەکات نە پێوەندییەکان، و مەدرەسەو خوێندنگەو زانکۆ کۆنترۆڵ دەکات نە پەروەردە.
پۆلەندییەکان و هونگرییەکان و چێکەکان و تەنانەت ئاڵمانیای ڕۆژهەڵات، لە درووستکردنی کۆمەڵگای هاوتەریب دژ بە سیستەمی پاوانخواز، بە ڕێژەیەکی بەرچاو سەرکەوتوو بوون.
٭٭٭٭
ئالێکسی دۆتۆکویڵ باسی سێ خانەی کۆمەڵگا دەکات:
یەکەم: حکوومەت (پارلەمان و دەوڵەت)، مۆئەسەساتی کارگێڕی (دادگاو پۆلیس)، سوپا
دووهەم: کۆمەڵگای سیاسی هەڵبژێردراو وەک دەوڵەتی لۆکاڵ و پارتە سیاسییەکان
سێهەم: کۆمەڵگای مەدەنی
ئاشکرایە کە لە ئەگەری کۆنترۆڵی هەر سێ خانە لە لایەن تۆتالیتەرو پاوانکردنی، کۆمەڵگا قوفڵ دەبێت و لێرەدا پێویستی یاریی نوێ سەرهەڵئەدات.
کۆمەڵگای هاوتەریب لە سیستەمی تۆتالیتەر، بە گوتەی “هاوێل”، دەتوانێ و پێویستە “سیاسەتی دژە سیاسی” بکات کە ئەوەیش بە درووست کردنی کۆمەڵگای هاوتەریب، دەتوانێ چەمکی “ژیان لە حەقیقەت” بکاتە جێگرەوەی “ژیان لە واقێع”دا.
ڕۆژهەڵاتی کوردستان پوتانسییەڵی درووست کردنی کۆمەڵگای هاوتەریبی هەمەڕەهەندی هەیەو بگرە کۆمەڵێک نیشانەشی تێدا دەبینرێت بەڵام ئەوەی گرینگە چەمکی “هەمەڕەهەند” بوون و بە گشتی کردنییە لە هەموو خانەکانی پێکهێنەری کۆمەڵگادا.
Parralel Society
بڕوانە بۆ:
From ‘Parallel Society’ to Civil Society: surfacing from authoritarianism, Michal Bron Jr
Södertörn University, January 2004
ئایا ڕۆژهەڵات دەتوانێت کۆمەڵگای هاوتەریب درووست بکات
January 18, 2022
2 Mins Read
216
Views