ئەخلاق لە سیاسەتدا

Image default
تحلیل دیدگاه گزیده
ئەخلاق لە سیاسەتدا
سیاسەت بۆ مرۆڤ چالاکییەکی حاشاهەڵنەگر و پێویستییەکی سەرەکییە بۆ بونیاتنان و سازکردنی کۆمەڵگا، بەڵام گرینگ پاراستنی هاوسەنگی لە نێوان یاسا و بەرژەوەندییە، ئەو جێگایەی کە ئێستا ڕوونتر لە هەمووکات، بە هۆی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و پەرەسەندنی شێواز و ڕێکاری پێوەندییەکان، ئاستی متمانەی بە سیاسەت لە هەموو کات زیاتر دابەزاندووە. ڕۆژ نییە مانشێتی ڕۆژنامەکان، بە هەواڵی گەندەڵی حکومەتەکان، ڕێبەران، وەزیرەکان، دەزگای داد، حیزبەکان، پەرلەمان و بەڕێوەبەرانی دەوڵەتی دانەڕژابێت، ڕۆژ نییە تاوانبارانی گەندەڵی لە سیاسەتدا دادگایی نەکرێن و سەرنجڕاکێش ئەوەیە ئەم پرۆسەیە هەموو سیستەم و دامودەزگا سیاسییەکانی جیهان بەبێ جیاوازی دەگرێتەوە، مەرج نییە چینی کۆمۆنیستی بێت یا ئەمریکای سەرمایەداری، ڕوسیای دوای یەکێتی سۆڤییەتی سۆسیالیست بێت یان ئۆروپای لیبڕاڵ، ڕۆژهەڵاتی ناڤینی لانکەی دیکتاتۆرەکان بێت یاخۆ ئەفریقای برسی و ئەمریکای لاتینی پۆپۆلیست.
خەڵک، ئێستا باوەڕ و متمانەیان بە سیاسەت و سیاسەتوان نەماوەو بەچاوی یاریکەرگەلی گەندەڵ، دەسەڵاتخواز و خۆویست سەیریان دەکەن. سیاسەت بە ڕادەیەکی زۆر توانا و پاڵپشتی لەدەستداوە، دوودڵیەکی قووڵ بەرامبەر بە سیاسەتوان سەری هەڵداوەو بەکردەوەیی کردنی ئەخلاق لە سیاسەتدا چەڵێنجێکی گەورەیەو بەهەمان ڕادە دژوار بووە. ئێستا زیاتر لە هەمووکات، باس لە سیاسەتی باوەڕپێکراو دەکرێت و ئەمەش نکوڵی لێناکرێت کە مەبەست لە سیاسەتی باوەڕپێکراو(معتبر)، بە واتای تێکهەڵکێشکردنی ئەخلاق لە بواری سیاسەتدایە. لەم بابەتەدا دەپرژینە سەر چوار بەهای بنەڕەتیی ئەخلاقی کە دەتوانێت وەکوو بنچینەیەکی گونجاو بۆ ڕەچاوکردنی سیاسەتی باوەڕپێکراو و جێگەمتمانە(معتبر) بێتە هەژمار: بەربەستەکانی دەسەڵات، کارتێکەری، وەڵامدەربوون، عەداڵەت.
چاوخشانێک بەسەر مێژوودا:
پرسی ئەخلاق لە سیاسەتدا، پێشینەیەکی هەزاران ساڵەی هەیە، لەوانەیە بە درێژایی تەمەنی خودی سیاسەت، هەر بۆیە ئاینەکان، ئایدیاکان و هزری مرۆڤ بەردەوام سەرقاڵی لێکۆڵینەوەو لێکدانەوەو ڕادەربڕین سەبارەت بەم مژارە بوون. ئانگوتار نیکایا «آنگوتار نیکایا» لە ڕەوانگەی(مکتب) هیندی دا لەو باوەڕەدا بوو: کاتێک کە حاکم و دەسەڵاتدار دادپەروەر و عەداڵەتخواز و باش بێت، وەزیر و فەرمانبەرانی حکومیش باش دەبن و باشبوونی ئەوان خەڵکانێکی دادپەروەر و بەختەوەر و باش بەدوای خۆیدا دێنێت. هەربۆیە پێویستە پاشا لە ناوچەی فەرمانڕەوایی خۆیدا، دادپەروەرانە حوکمڕانی بکات. هەروەها: ئەوانەی لە تووڕەیی و قینەوە هەڵدەستن، خۆپەرەست دەبن.
گاندی دووربوون لە توندوتیژی بە لووتکەی مەعریفەو بێ کەماهی بوون دەزانێت و یاسایەک بە کارتێکەر ناو دەبات کەوا لەگەڵ ڕێزلێنان لە مرۆڤ بێتەوە و لە بۆچوونی ئامارتیاسێن-ەوە «آمارتیاسن» نەریتی هیندی سەبارەت بە ئەخلاق و سیاسەت هێشتاکەش زیندووەو لەسەر کۆڵەکەی (دروستیی ئاکار) ڕاوەستاوە. بەڵام لە ڕوانگەی چینی دا، دەقەکانی تائو گرینگایەتییەکی زۆر بە پرسی ئەخلاق لە سیاسەتدا ئەدات: پێویستە فەرمانڕەوا و حاکم مامۆستای خۆی بێت، لەوانەیە ئەمە وەکوو ڕەمزی ئەخلاق لە سیاسەتی چینیدا بێت، ئەو جێگایەی مامۆستا دەبێتە کەسێک وا لە ڕێگای خۆناسین و خۆپاراستن (مراقبە) بەسەر خواست و دڵخوازە دەرونیەکانیدا سەردەکەوێت. کۆنفێسیوس پاوشایەکی دادپەروەر، زیرەک و هێژا، ڕاستگۆ و بە سەبری دەوێت و قوتابییەکەی بەناوی زیگۆنگ متمانەی خەڵکی-ش بەم پێوەرانە زیاد دەکات. «من زی»، دواتر متمانەی بە یاسا لە دەست دەدا و دابەشکردنی زەوییەکان بە پێی یاسای ناتەواو وەک بەرهەمهێنەری گەندەڵی دەزانێت. ئەو یاسەیەکی تەواوکەر بە کەرەستەو هۆکاری بەدەستهێنانی متمانەو دڵی جووتیاران دەزانێت و پێی وایە هەر کەسەو حوکم بەسەر دڵی جووتیاردا بکا، ئیمپراتوری ڕاستەقینەیە. و بە پێی نەریتی چینی لەم دواییانەدا، ئەخلاق لە سیاسەتدا شەڕ و سەرکەوتن بە بێ خوێنڕێژییە.
دەڕۆینە یونان، ئەو شوێنەی کە سیاسەت و ئەخلاق، لەلای سوقڕات، جێگەی سازان نییەو ژیانی خۆی لەو پێناوەدا دەکاتە قوربانی. ئەفلاتون، ئەریستۆکراسی بونیات دەنێت و ئەرەستوو بەدوای بنەماگەلی دێمۆکراسی و بەرهەڵستکاری دیکتاتۆرییەتدا دەڕوات. لە ڕوانگەی ئەوەوە مرۆڤەکان، ئاژەڵگەلێکی سیاسین، پێویستە سەرەتا ئاگامان لەوان بێت و ئەمە مرۆڤەکانن کەوا دادپەروەری بە شێوازێکی دروست و کارامە، پێکەوە گرێ دەدەن.
لە خوێندنەوەی یونانیدا، هەستی سیاسەت و دادپەروەری و عەداڵەت و پێشکەوتن هاوبەشەو عەداڵەت، پشکی یەکسانە بۆ مرۆڤگەلێکی یەکسان و بەرابەر. لەسەر هەر ئەم ڕێچکەیە، پلوتارک تیشک دەخاتە سەر گەشەسەندنی ناوەنگەلی سیاسی و گایووس، سازکەری بەستێنێکە بۆ مسۆگەرکردنی مافی شەخسی و تایبەتی لەپاڵ مافی گشتیی و گشتگیر. ڕوانگەی یونانی لە کۆتاییدا، بەو بڕوایە دەگات کە هیچکات دەسەڵاتی سیاسی پیرۆز نییە مەگەر لە ڕوانینی فەرمانڕەوایانی دیکتاتۆر و خۆتەوەر و هەر بەم خوێندنەوەیە پاشا و فەرمانڕەواکان لە ئاسمانەوە هەتا زەوی پەلکێش دەکات.
بەڵام لە نەریتی مەسێحی-یەهودیدا، پاشاگەلی ناعادڵ و نادادپەروەر، سەرکۆنە و بەرەو دادپەروەری بانگهێشت دەکرێن. عەداڵەت و یەکگرتوویی و یەکبوونی، بەها بنچینەییەکانی سیاسەتن و وەک دامودەزگا و پێداویستیگەلی ناوەندیی بۆ کۆبوونی سامان و دابەشکردنەوەی سەر لە نوێی، هەژمار دەکرێن. لەم نەریتەدا، سیاسەت تا ڕادەیەک بە ئەخلاقەوە دەبەسترێت کە هێز و توانای مەعنەوی کلیسا، بەسەر هەموو شتێکدا زاڵ دەبێت و تەنیا لە سەردەمی پرۆتێستانیسم دا بەرپرسایەتی سیاسیی فەرمانڕەوا و شارومەندان، لە سەلماندنی دروستیی پارادایمەکانی دمۆکراسی، وێنا و مانایەکی دوبارە پەیدا دەکەن.
بەڵام لە ڕوانگەی ئیسلامەوە، هاوکات لەگەڵ ئەوەی داوا لە فەرمانڕەوا دەکرێت تاکوو گرینگیی بە بایەخ و بەها ئەخلاقییەکان بدات، ئیبن خەلدوون، سێ جۆر لە دەسەڵاتی سیاسی لەوانە: شانازی و حکومەت، حکومەتی بیرتەوەر و دونیایی، و پڕەنسیپی ئاینی و بەختەوەری ئاسمانی پێناسە دەکات و لەژێر کاریگەری جیهانبینی یونانیدا، فەیلەسووف-دەوڵەت قبووڵ دەکات. هەروەها لە نەریتی ئەفریقای پێش داگیربووندا، حکومەت وەکوو چاودێری یاسا و بلۆکێر ناودێر دەکا. هەروەها پێویستە ئەم خاڵەی لێ زیاد بکەین کەوا لە فێرکراوەکانی ئاینی ئیسلامدا بە عەدڵ و داد وەکوو بنەمای حکومەت ئاماژە کراوە.
لە سەردەمی ڕۆنێسانسدا، ماکیاولی بە پێچەوانەی ڕوانگەی ئاین، مرۆڤایەتی، هاوڕێیەتی و ئیمان شێوەیەکی نوێ لە پاراستنی دەسەڵاتی سیاسی بە بێ بەربەستی ئەخلاقی وێنا دەکات و دەستێوەردان، هەڕەشە، داودانان و خەیانەت بە هەند دەزانێت و بەهایان پێ دەبەخشێت. تۆماس مۆر، تەماح و زیادەخوازی بە هۆکاری شکەست دەزانێت. ئیمانۆئێل کانت، توانای جیهانی بە کلیلی چارەسەری دەزانێت و نیچە و مارکس و فرۆید، بە کەڵکوەرگرتن لە ڤەیوی چاوپۆشی و ئینکار، ئابووری وەک ژێرخان و لەڕووی دەروونشیکاری، دەپرژێنە سەر شرۆڤەی بەهاکان و عەداڵەت و ماکس وێبێر وەبیرمان دەهێنێتەوە ئەخلاقی سیاسی ناتوانێت تەنیا خۆی لەسەر کۆڵەکەی ورووژاندن(انگیزە) خۆی ڕێکبخا(پایەگوزاری) بەڵکوو دەبێت کەڵکیشی لێوەرگرێت و لە دەرەنجام دا بەم ئاکامە دەگات کە دەرهاویشتی بڕیارەکانی بە مانای بەرپرسایەتییە.
خاڵێکی یەجگار گرینگ لەم بەدواداچوونەوە مێژووییەدا سەرەتا ئەوەیە بەرپرسایەتی ئەخلاقی لە سیاسەتدا بەردەوام لە پلەی یەکەمدا دەپارێزرێت و دووهەم بانگەوازێکی بنەڕەتی بۆ پەیڕەوکردنی سیاسەتی دادپەروەرانە بوونی هەیە و سێهەم، بێ بەزەیی بوونی سیستەماتیک و نەبوونی پاساوی پارێزراوبوون لە سزاکانی تاوان بە فەرمیی دەناسرێت. بەڵام تێبینییەکی دیکەش هەیەو ئەوەش، هاوشێوەکردن و کەمکردنەوەی ئاستی ئەخلاقی سیاسی تا ئاستی ئەخلاقی لە زۆربەی ڕوانگەو نەریتەکاندایە.
بەڵام لەم نێوانەدا، ڕوانینێکی تایبەت بە ماکس وێبر و خوێندنەوەی دەربارەی سیاسەت و ئەخلاق، پێویستییەکی حاشاهەڵنەگرە. بە باوەڕی ئەو لە نێو بوارەکانی ئەرزش و بەها نیهاییەکان، پارادۆکسێکی چارەهەڵنەگر هەیە کە هەرکامەیان خاوەن ناوەڕۆک و لۆژیکی جەوهەریی خۆیانن، لەئاکامدا ئایدیای بونیاتنانی سیاسەت لەسەر بنەما ئەخلاقییەکان ڕەتدەکاتەوە. زیاتر لەمانە، ئاماژە بە پێکدادانێکی بنەڕەتی دەکات: بواری سیاسەت لە نێوان دوو ئەخلاقی بە تەواویی جیاواز لەیەکتر: یەکیان ئەخلاقی تاوانباربوون و ئەوی دیکەیان ئەخلاقی بەرپرسیارەتی هەڵگرتن.
لە ڕوانگەی وێبرەوە، ئەو کەسەی بە پێوەری ئەخلاقی تاوانباربوون دەجووڵێت، تەنیا بە پێی بەهای جەوهەری و بە بێ لەبەرچاوگرتنی دەرهاویشتەکانی حوکم دەداو بەرپرسایەتی دەرئەنجامەکانی دواتری لەئەستۆ ناگرێت، بەڵام ئەو کەسەی کردەوەکانی لەگەڵ ئەخلاقی بەرپرسیارانە هاوتەریبە، هەم دەرەنجامی بڕیارەکەی لێکدەداتەوە هەم هەست بە بەرپرسیاربوون لە بەرامبەریدا دەکا.
هەرچەندە زۆربەی کاتاگۆری و دەستەبەندییەکانی وێبر دەرخەری خواستی خۆی بۆ هەڵبژاردنی ئەخلاقی بەرپرسیارانەیە بەڵام پێویستە ئەوەش لەبەرچاو بگرین کە جەخت دەکاتەوە ڕەچاوکردنی هەردوو بواری تاوانباربوون و بەرپرسیارەتی هاوکات و پێکەوە ئەرکی هەر سیاسەتوانێکە.
وێبر لەوباوەڕەدایە هەر سیاسەتوانێک، پێویستە هاوکات خاوەنی هەر دوو شێوازی بەرپرسیارەتی هەڵگرتن بێت و بەم شێوەیەش، لە نێوان سیاسەت و ئەخلاق، و سیاسەتوان و ئەخلاق، پێوەندییەکی لۆژیکاڵ دابین دەکات.
چوارچێوەی کۆنسێپتوواڵ
هەروەها لە دەستپێکەدا باسکرا، لەم وتارە دەپرژێینە سەر چوار بەهای ئەخلاقی سیاسی کە دەتوانن ببن بە کۆڵەکەیەکی گونجاو بۆ گەیشتن بە سیاسەتی جێگەمتمانەو باوەڕپێکراو: بەربەستەکانی دەسەڵات و هێز، کارتێکەری، وەڵامدەربوون، عەداڵەت و دادپەروەری.
بەربەستەکانی دەسەڵات و هێز: لە مێژەوەیە، بڕوایەک هەیە کە دەسەڵات و هێز، بەرەو گەندەڵی دەکێشرێت و دەسەڵات و هێزی ڕەها، بێگومان گەندەڵی دێنێت. هەر بەم بۆنەوە، فرەچەشنی هێز(تنوع) یان دابەشکردنی هێز، وەکوو ڕێکارێکی ناسراو دەتوانێت مەیل بە گەندەڵی و گریمانەی تێوەگلانی کەم دەکاتەوە. لووتکەی هزری سیاسی بۆ دابەشکردنی دەسەڵات و هێز بۆ مۆنتسکیۆ و ڕۆحی یاساکان-ی(روح القوانین) دەگەڕێتەوە کە حکومەت بەسەر سێ دەزگای یاسادانەر، بەرێوەبەر و داد دابەش دەکات و بە بنەماگرتنی بەشداربوونی خەڵک لە حکومەت، بەستێنێک بۆ دەربازبوونی دەسەڵات و حکومەتەکان لە پاوانخوازی دادەڕێژێت. بەڵام لە سەردەمی نوێدا ڕوانگەیەکی دیکە ئەوەیە کە دەسەڵات و هێزی ڕەها لە ئەساسدا بوونی نییەو هەمووکات سنووردارە، چونکوو پێویستە لەگەڵ دوژمنان تەعاموڵ بکا، ڕەخنەگران ڕازی بکا و لەگەڵ هاوکاران ڕێککەوێت تاکوو دەسەڵات و هێز ڕاگیر بکرێت. لێرەدا دەگوترێت فرەچەشنی دەبێتە هۆی فرەچەشنبوونی دەسەڵات، قەبوڵکردنی دەسەڵات و درێژکردنەی ماوەی دەسەڵات، کەوابوو پێویستییەکی حاشاهەڵنەگرە. لێرەدا ئەیدیۆمێکی(اصطلاح) دیکە سەرهەڵدەدات کە فرەچەشنبوونی دەسەڵات و هێز وەک سنووردارکردنی ڕێکخراو ناو دەبات و لەو باوەڕەدایە کە بەربەست و سنوور چ لەڕووی ناچاری چ لەڕووی پێویست و چ لەرووی ڕەزامەندییەوە بێت بە مەبەستی پێشگرتن لە گەندەڵی، سەرەتا ئەشێ ببێت و حاشاهەڵنەگرە، دواتر بەبۆنەی ئەو ئامانجەی کە دەیپێکێت، بژاردەیەکی هۆشمەندانەیە. فاکتەرێکی گرینگی دیکە کە دەتوانێت لە سنووردارکردنەوەی دەسەڵات و هێزدا کارتێکەری هەبێت، یاساگەلی بنەڕەتیی سەپێندراو و حوکم گەلی یاسایی کە پێویستە پەیڕەو بکرێت، لە ئەگەری باش بەڕێوەچوون، چاودێری بەسەر بەڕێوەبردنی یاسا و سیستەمی دادی کارامە، دەتوانێت لەسەر سنووردارکردنی دەسەڵات و کەمکردنەوەی ئاست و ڕێژەی گەندەڵی کاریگەر بێت. بابەتێکی دیکە کە پێویستە لەبەرچاو بگیردرێت، کۆمەڵگای مەدەنییە کە کاریگەرییەکی گەورەی بۆ پێشگرتن بە ڕۆیشتن بەرەو دەسەڵاتی ڕەها هەیە. مافی شارومەندی، ئازادی بیروڕا و ئازادی ڕادەربڕین وەکوو بەهێزترین باسکەکانی کۆمەڵگای مەدەنی، دەتوانن بۆ بە ئەخلاقیترکردن و پاراستنی پڕەنسیپە ئەخلاقییەکان، لەسەر سیاسەت و دەسەڵات کاریگەرییان هەبێت. هەروەها متمانە و پەیمانی مەدەنی لە نێوان شارومەندان و دەسەڵات(حاکمییەت)، ڕێگەچارە و ڕێکارێکی دیکەیە کە پێش لە بەلارێداچوونی(وسوسە) سیاسەتوانان دەگرێت و باشترین دیوارە لە هەمبەر گەندەڵی، دەسەڵاتی ڕەها و بشێوکە.
کارتێکەری: ئامانجی حکومەتەکان کاریگەر بوونەو کارتێکەری بە واتای ئەنجامدانی دروستی ئەرک و کارەکانە. هەڵبەت کاتێک کە باس لە کارتێکەری دەکەین، دەبێت کارامەیی-ش تێیدا بگونجێنین کە هاوواتای دروست بەڕێوەبردن و ئەنجامدانی کارەکانە. کەوابوو ئامانجی حکومەتەکان لە سیاسەتدا دروست بەڕێوەبردنی کارەکان و بەڕێوەبردنی کاری دروستە کە لە کۆی ئەم دوانەیە دەتوانین بە هەڵسەنگاندنێکی دروست لە ڕاندومانی حکومەت بگەین. کاریگەربوون هەروەها بە مانای چۆنییەتی بەڕێوەبردنی وادەکان، ئاستی گەیشتن بە وادەکان و ئامانجدارکردنی(بهینەسازە) تێچووەکانە کە دەستکەوتەکانی لەبار چەندایەتییەوە، ئاستی چۆنایەتییەکەیشی دەردەخات.
قەبوڵی بەرپرسایەتی: بەرپرسیارەتی بەو مانایە دەسەڵاتی سیاسی لەبەرامبەر بڕیاردا وەڵامدەرە. پێویستە کردەوەکان، هێڵ و مێتۆدە دیاریکراوەکان و کردووەکان بەرامبەر بە گشتییەتی شارومەندان و پەرلەمان توانای وەڵامدەربوونیان هەبێت. دەسەڵاتی سیاسی هیچکات ناتوانێت لە گۆشەگیردا و لەدوورەوە ژیان بباتە سەر هەر بۆیە پێویستە ڕاپۆرت بداتەوەو بهێڵێت تاکوو دەرهاویشتەکانی چ باش چ خراپی بڕیارەکان و ڕابوونە کردەوەییەکان، لە یەک یان چەند تیمی ڕێکخراو و پێکهاتوو هەڵسەنگێردرێت، هۆکارەکانی سەرنەکەوتن ڕوون بێتەوەو بڕیاردەران و فەرمانبەران وەڵامدەر بن. کاتێک کە باس لە بەرپرسایەتی دەکرێت، چەمکی ڕوونبوون و لەڕووبوون(شەفافیەت) و لەناکاو دێتە مێشکەوەو مەبەست لەوەش، ڕاگەیاندنی ئاکام و دەرەنجامەکان بە بیروڕای گشتی یان نوێنەرانیان بە شێوەی سیستەماتیکە. بەرپرسایەتی، بەردەوام ڕێگا بۆ ڕەچاوکردنی سیاسەتی ئەخلاق-تەوەر دەکاتەوەو ئەم مەجالە بۆ سیاسەتوانان دەڕەخسێێت کە لە جیاتی ئەوەی لە هەڵقەی خەڵکی دوور بنەوە، بۆ خەڵک و لەگەڵ خەڵک بژین.
دادپەروەری: دادپەروەری لە وێنەی ناوقەدی داری ئەخلاق، دڵی سیاسەتەکان و سیاسەتگەلی ئەخلاقییە، بە واتای بەرابەری، دەستپێڕاگەیشتنی بەرابەر بە زانیاری، (نفوز) و تواناکانە، دابەشکردنی دادپەروەرانەی سامانی گشتیی، ماڵ و دارایی و سەرچاوەکانەو یاساگەلی یەکسان بەشێوی گشتیی و بۆهەموو کەس و بێلایەن هەژمار دەکرێت و بەمانای یەکانگیری لەگەڵ یاساکان و هاوسەنگی لەنێوان قورسایی تاوانی کراو و سەزاکەیەتی. ئەگەرچی هیچکات عەداڵەت تەواو و تەواکەر نابێت و دەزگای دادیش قەت سەربەخۆ نییە، بەڵام بەمانەیشەوە ئاستی لۆژیکال و عاقڵانەی عەداڵەت وەکوو چیمەنتۆیەکی ناچاری وایەو کۆمەڵگا بە عەداڵەت و عەداڵەتی هەستپێکراو لە دەرووندا، تووی متمانە لە خەڵکدا دەچێنێت و دەبێت بە هێز و دەسەڵاتی سیاسی و شارومەندان و حکومەت واتە دەسەڵات پێکەوە گرێ دەدات. لە نەبوونی عەداڵەتدا، کۆمەڵگا بەهۆی لەدەستدانی متمانەی گشتیی، لە بواری ئەخلاقییەوە دادەڕمێت و پابەندییە بنەماییەکان ی سیاسی بۆ یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی لەناو دەچێت. بەشێوەی گشتیی ئەوەی سیاسەت و ئەخلاق پێکەوە گرێ دەدات، عەداڵەتە لە قەبارەو ئەرکی دارێک و لقەکانی لە نمونەی ئازادی و بەرپرسایەتی، دادوەری و حوکمی یاسا، ئاسایش و تەناهی، یەکگرتویی، پایەداری، شوناس و فرەڕەنگی، عەداڵەتی بەرامبەر، کەڵکوەرگرتن و بەرپرسیارەتییە. زیاتر لەمانە لە ئەمڕۆدا، مافی دەنگدان، پارێزگاری لەهەمبەر سەرەڕۆیی، هاوکێشبوونی زۆرەملێ، و توانای دەستەبەرکردنی خۆبوون لە ژیانی کۆمەڵایەتیدا وەکوو شەمایلی ئەخلاقی لە سیاسەت و هێز و دەسەڵاتدا، وەکوو پێوانەو پێوەر دیاریکراون.
ئاکام: لە مێژەوەیە پرسی ئەخلاق لە سیاسەتدا جێگای تێڕامان و وردبوونەوەیەو ئەوەی کە ئایاکوو ئەخلاق لە سیاسەتدا دەگونجێت یان نا، بووەتە هەوێنی مشتومڕ و لێکدانەوە و وتووێژ. مەبەست لە ئەخلاق گەیشتن بە ڕاستییەو ئامانج لە سیاسەت، دەستەبەرکردنی بەرژەوەندییە و ئەم دوانەیە ئەگەرچی لە ڕەواڵەتدا یەک ناگرنەوە بەڵام هەوڵ بۆ هاوتەریب کردنیان هاوکات لەگەڵ پاساو بۆ دژایەتیان بەردەوام درێژەی هەیە. هەرکات سیاسەت و ئەخلاق لێک جیا دەکەینەوە، چیتر ناتوانین چاوەڕوانی پێبەندی حکومەتەکان بە ئەخلاق بین و ئەگەر لەو باوەڕەداین کە پێویستە حکومەتەکان ئەخلاقیی بن، لە نێوان ڕاستیی و بەرژەوەندیدا کە ناکۆکن، لەدوای خاڵە هاوبەشەکاندا دەگەڕێین و لە ئەگەری دۆزینەوەو گێڕانەوەیاندا، ئەخلاق لە سیاسەتدا قبوڵ دەکەین.
لەم نووسراوەدا، هەوڵ درا بە کەڵکوەرگرتن لە چوار چەمکی بەربەستەکانی هێز، کارتێکەری، بەرپرسایەتی، و دادپەروەری، بەها ئەخلاقیە ئەساسییەکان وەکوو کۆڵەکەیەکی گونجاو بۆ سیاسەتی باوەڕپێکراو بناسێنین، سیاسەتی باوەڕپێکراو لە واتای نوێدا بە مانای بوونی ئەخلاق لە سیاسەتدایە.
ماکس وبێر ئەم باوەڕە تێئۆریزە دەکات کە لەنێوان ئامانج و ئامراز، پاساو بۆ ئامراز دێنێتەوەو ئامانج، پاساوکەری ئامراز نییە. لەم ڕوانگەیەوە تێکهەڵکێشێک لە دوانەی ئەخلاق لە تاوانباربوون و ئەخلاق لە بەرپرسایەتی سیاسەتوان دروست دەکا. لەوانەیە بکرێت، ئەم بۆچوونە لەگەڵ بەها بنەماییەکانی بەربەستەکانی هێز، کارتێکەری، بەپرسایەتی و دادپەروەری پێکەوە گرێ بدەین و بیکەین بە بنەمایەکی هاوبەش لەنێو سیاسەت و ئەخلاقدا. هەروەها کە دژەئەخلاقیترین دەسەڵات و حکومەتەکان چاوەڕێی ئەوەن تاکوو شارومەندانیان بە کردەوە پێبەندی ئەخلاق بن و یاسا و ڕێسا دابینکراوەکان بپارێزن، شارومەندانیش بەهەمان ڕادە دەبێت چاوەڕوان بن تاکوو حکومەتەکان ئەخلاق-تەوەر بجووڵێنەوە.
کلیل وشەکان: بەربەستەکانی هێز، کارتێکەری، بەرپرسایەتی, دادپەروەری، سیاسەتی باوەڕپێکراو
سەرچاوەکان:
Benoît Girardin, Ethics in Politics, 2012
Dennis F. Thompson, Political Ethics, Harvard Library, 2015
Ljupco Ristovski, Morality and Ethics in Politics in the Contemporary Societies, 2017
Max Weber, Stanford Encyclopedia of Philosophy, 2007
J Grimshaw, Effectiveness and Efficiency, 2004

Related posts

ڕۆڵی خوێندكار له‌ بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی كورد (دەقی وتاره‌كه‌م له‌ پاركی ئازادی)

بهزاد خوشحالی

بازی نه نقطه و کنترل ذهن

بهزاد خوشحالی

“کرد ستيزی رسانه‌ای” و “وظيفه‌گرايی کنشگر”

بهزاد خوشحالی

کودتای نافرجام ترکیه و چند نکته

بهزاد خوشحالی

“من دستجمعی” یا “ما”؟

بهزاد خوشحالی

جبهه ي اقدام مدني كردستان (بخش نخست)

بهزاد خوشحالی

جمهوری کوردستان و “زرفشان خانم” مادر سه شهید سقز

بهزاد خوشحالی

روزی که همه چیز، درست، سرجای خودش قرار داشت

بهزاد خوشحالی

خاستگاه کوردها (5)

دیدگاه خود را بنویسید