باشووری کوردستان، نێئۆکۆلۆنیاڵیسمی تورکی- ئێرانی
نێکڕۆمە لە کتێبی “نێئۆکۆڵۆنیاڵیسم” ئێژی ئەم جۆرە کۆڵۆنیاڵیسمە بە واتای هێزە بە بێ ببەرپرسایەتی و بۆ ئەو کەسانەی قوربانین ئێستغلالکردنە بە بێ قەرەبوو.
لە پێناسەدا کۆڵۆنیاڵیسمی نوێ کەڵکوەرگرتنە لە گوشاری ئابووری و سیاسی وڵاتانی پێشکەووتووتر بۆ دەسەڵات و کۆنترۆڵی وڵاتانی کەمتر پێشکەوتوو. لەم مۆدێلەدا، کۆڵۆنیاڵیست، خاک داگیر ناکات بەڵکوو بە ئامێری سیاسی و ئابووری و هەروەها فەرهەنگی، جوگرافیای مەبەست کۆنترۆڵ دەکات.
لەم مۆدێلەدا جوگرافیای سیاسی بە ڕواڵەت سەربەخۆیە بەڵام لە لایەن کۆڵۆنیالیست، نە بە شێوازی ئیداری و عەسکەری بەڵکوو بە ئامێری نەبینراو کۆنترۆڵ دەکرێت. لێرەدا حکوومەت بوونی هەیە، قەوارەکەی پێناسە کراوە، چوارچێوەی فەرمی هەیە بەڵام خاوەنی چارەنووسی خۆی نییەو ئەم چارەنووسە بە پێی خێرو لە سەر بەڕژەوەندی وڵاتی بەهێزترو پێشکەوتووتر بۆی دیاری دەکرێت.
٭٭٭٭
باشووری کوردستان وەکوو پارچەیەکی داگیرکراوی کوردستانی گەورە، گەرچی وەک هەرێمێکی یاسایی فێدراڵ لە چوارچێوەی وڵاتی عێراق، بە فەرمی ناسێندراوەو خاوەن پێگەی یاسایی و ئیدارییە بەڵام بە نیسبەت ئێران و تورکیا، هەموو هەڵسووکەوت و ڕەفتاری بەرانبەر هەرێم و ئەم دوو وڵاتە، هەڵگری زۆرترین فاکتەرەکانی نزیک لە نێئۆکۆڵۆنیاڵیسمە لە لایەن تورکیاو ئێران کە بە شێوازی ئابووری و سیاسی و فەرهەنگی، هەژمۆنی خۆی دەسەپێنێ.
گرێبەستی ئابووری بەڕژەوەندی ڕەها تەوەر، هەرزانفرۆشکردنی وزەی خاو، بازرگانی بێ سنوور، بازاری مۆنۆپۆلکراو، دەور لێدانەوەی سزاکان بۆ سەر ئێران، هەناردەکردنی فەرهەنگی ئێرانی-تورکی، دەستێوەردانی سیاسی بە مەبەستی گارانتی بەڕژەوەندییەکان، هێرشی کاتی عەسکەری بۆ کۆنترۆڵی سەرەڕۆیی، هێزی پڕۆکسی پارێزەر، هەناردەکردنی ئایدیۆلۆژی، تێرۆری نەیاران، ڕێز گرتن لە جینایەتکارانی دژە کورد، پیرۆز کردنی تێرۆریست و زۆر نموونەی دیکە دەتوانڕێت وەک فاکتەرەکانی نێئۆکۆڵۆنیاڵیسمی ئێرانی- تورکی لە باشووری کوردستان، خوێندنەوەی بۆ بکرێت.
نێئۆکۆڵۆنیاڵیسم، مەترسیدارترین قوناغی کۆڵۆنیاڵیسمەو بە بێدەنگی، وەک مۆرانە، سامان، بێ سامان دەکات.
بڕوانە بۆ:
Neocolonialism