بەراوردێک نێوان دەروونناسی شارمەندی نەتەوەیی و شارۆمەندی “جیهان شوناس”
سەرەتا پێناسەیەکی کورت بۆ شارمەندی:
ئەندامەتی یەکسان لە کۆمەڵگایەکی سیاسی بە پێی ماف و پابەندی، بەرژەوەندی و سەرچاوەکان، شێوازەکانی بەشدار بوون و هەستی شوناس. هەروەها هەرکات، مرۆڤ هەست بکات ئاسۆی سیاسی یەکسان، لە کۆمەڵگایەک، بوونی هەیە، خۆی بە شارۆمەندی زەینی ئەو کۆمەڵگا پێناسە دەکات.
ئاشکرایە کە هەرجۆرە نابەسامانی و ناسەقامگرتوویی لەم فاکتەرانەدا ئەبێتە هۆکار بۆ ئەوەی مرۆڤێک، چیدیکە خۆی بە شارۆمەندی ئەو کۆمەڵگایە نەزانێ.
لە قاڵبێکی دیکەدا هەستی هاوبەشی شوناس، پێوەری سەرەکییە بۆ شارۆمەند بوون و خۆ بە شارۆمەند زانین و دواتر، هەڵسووکەوتی خۆت بە نیسبەت بەرانبەرت یان پێچەوانەکەی دەبێتە بەستێنی دووهەم بۆ هەستی شارمەندی.
بە ڕوانینێکی ئابووریناسانەو بە پێی مارکس، ئەگەر لە دابەشکردنی داهات و بژیویدا، مرۆڤێک کە براوەو دۆڕاو بە بەشێک لە “ئێمە” ناس نەکات شارمەندی، شەرعییەت و دێمۆکڕاتبوونی خۆی لە دەست ئەدات.
لێرەدا وەک تێبینییەک ئەوە لەبەرچاو بگرین لە وڵاتێکی وەک ئێران کە پێکهاتەی شوناسی کۆمەڵایەتی نەتەوە، پێناسەی بۆ نییە یان چەمکێک بە ناوی کۆمەڵگای مەدەنی، بێ پێناسەیە، چۆن مرۆڤێکی کورد دەتوانێ تەنیا بە پێی زۆرو هێز، ملکەچی شارمەندی ئێرانی بێت؟
یان داگیرکەرێک کە لە بنەڕەتداو تەنانەت بە یاسا، پلوورالیزم و فرەڕەنگی، یاساغ دەکات چۆن چاوەڕوانی شارمەندی ئێرانی کەسایەتی کورد دەکات؟
شارمەندێکی کورد لە ئێران بە پێی کام پرێنسیپی ئێخلاقی و مەعریفی و زانستی، پێویستە ڕۆژانە بڵێت: ئێمە هێشتا یەک ئێرانین؟ یان هێشتا هەر ئێرانین؟
ئاشکرایە کە جوگرافیای داگیرکراو یان قەڵەمڕەوێک کە بە زۆرو هێزی سەخت دیاریکراوە، هەرگیز ناتوانێت شەرعییەت ببەخشێت بەوەی کە سەرەڕای ڕچاونەکردنی مافەکان و سەرچاوەکان و پابەندییەکان و دابەشکردنەکان، مرۆڤی کورد، هەستی هاوبەشی نەتەوەیی درووست بکات لەگەڵ ئێران.
مرۆڤی ژیر بە واتا زانستییەکەی لێرەدا چیدیکە نە هەست بە شوناسی هاوبەش دەکات، نە فەرهەنگی هاوبەش، نە پێکهاتەی هاوبەش، نە سۆزداری هاوبەش و نە ئامانجی هاوبەش و لێرەدایە کە هەموو “خەیاڵەکانی شانازی نەتەوەیی” بە ئێران و ئێرانیبوون، دەبێتە “پرسی ناعەقڵانی”.
هەرچەندە لێرەدا بە پێی ئەندێرسۆن، یەکێک لە ڕەهەندەکانی “خەیاڵی نەتەوەیی”، نەتەوەبوون لەبەر “دۆستایەتی قووڵ و ئاسۆیی”، دەتوانێت بەرانبەر بە کۆمەڵێک نایەکسانی، بۆ ماوەیەک، خۆڕاگر بێت بەڵام ئەمە ناتوانێ شموولی نەتەوەیەک وەک کورد بکات کە لانیکەم یەک سەدە هەوڵی سیستەماتێکی لەناوبردن، تواندنەوەو ئاسیمیلەکردنی بە دژ دراوە. هەروەها کورد هەرگیز گەمەکەرێکی سیاسی و یاسایی یەکسان نەبووە لە وڵاتێک بە ناوی ئێران.
بەڵام سەبارەت بە شارمەندی جیهانی، و ئەوەی کە پێویست ناکات مرۆڤ خۆی لە جوگرافیاو نەتەوەو ناسیۆناڵیسم، قەتیس بکاتەوەو یاسای لەسەر ئەساسی نەتەوایەتی وەلانێت سەرەکیترین پرسیار سەرەتا ئەوەیە کە ئایاکوو ئەم شێوازە جیهان-نیشتمانیبوونە، بە واقیع، شتێک سەرووترە لە سیستەمی دابەشکردن بە پێی نەتەوە؟ لە کاتێکدا هەموو شتێک، بە بڕەندی کۆمەڵگای نەتەوەیی، مارکە دەکرێت و هێشتاکوو قۆناغێک بە نێوی “Made in World” نەهاتووە، چۆناوچۆنە نەتەوەیەکی بێ دەوڵەت وەک کورد، کە ناسنامەی نێونەتەوەیی نییە، دەتوانێت بانگەشەی پێکەوەبوون و پێکەوەژیان و خوشک و برایەتی، ئەویش سەرەتا لەگەڵ داگیرکەرو چەوسێنەری خۆی بکات؟ یان ئەو شوناسە وا خۆی هەیەتی تیکەتیکەی بکات بۆ ئەوەی قبووڵی دۆخەکەی بکرێت و نێوی ڵێبنێ کۆمەڵگای دیمۆکراتیک و فرەڕەنگ؟
بە پێی “سمیت” تا ئێستایشی لەگەڵ بێت هیچ ڕکابەرێکی بەهێز بەرانبەر شارمەندی نەتەوەیی سەریهەڵنەداوەو شارۆمەندی نەتەوەیی، هێشتا سەرچاوەی “غروورە” بۆ نەتەوەکان ئەویش ئەو نەتەوانە وا قۆناغی نەتەوەو ناسیۆناڵیسمیان لەکات و شوێنی خۆیدا، تێپەڕاندووە….
زۆرتر بخوێنەوە:
Psychological Citizenship and National identity, Denis Sindic, Institute of social sciences. University of Lisbon. Portugal, 2011
بەراوردێک نێوان دەروونناسی شارمەندی نەتەوەیی و شارۆمەندی جیهان شوناس
April 25, 2022
2 Mins Read
295
Views