حەکایەت
جودۆ و منداڵی یەک دەست، ئێمە و کوردستان
منداڵێکی تەمەن دە ساڵان کە لە ڕووداوێکی ئۆتۆمبێلدا قۆڵی چەپی بڕابوو، سپێردرا بە ڕاهێنەرێک بۆ ئەوەی فێری هونەری جودۆی بکات. لە ماوەی شەش مانگدا، ڕاهێنەر، تەنها کاری لەسەر هێزی جەستەی منداڵەکە کرد و هیچ تێکنیکێکی فێر نەکرد. دوای شەش مانگ هەواڵ گەیشت کە پێشبڕکێ بەم زوانە بەڕێوەدەچێت. ڕاهێنەر تەنها یەک تێکنیکی فێری کوڕە دە ساڵانەکە کرد. پێشبڕکێکە بەڕێوەچوو و منداڵەکە توانی بەو یەک تێکنیکە هەموو ڕکابەرەکانی بباتەوە. دوای سێ مانگ منداڵەکە توانی بە بەکارهێنانی هەمان تاکە تێکنیک لە پێشبڕکێکانی نێوان یانەکاندا سەرکەوتن بەدەستبهێنێت و ساڵی دواتر لە پێشبڕکێی نیشتمانیدا منداڵەکە توانی بە دەستێک هەموو ڕکابەرەکانی بباتەوە و ببێتە پاڵەوانی نیشتمانی.
کاتێک پێشبڕکێکە کۆتایی هات منداڵەکە لە نهێنی سەرکەوتنەکەی لە مامۆستا و ڕاهێنەرەکی پرسیاری کرد.
ڕاهێنەر لە وڵامدا گوتی: هۆکاری سەرکەوتنەکەت ئەوە بوو:
یەکەم: شارەزا بوویت لەو یەک تێکنیکە،
دووەم، تاکە هیوای تۆ ئەو یەک تێکنیکە بوو،
سێهەم، تەنیا ڕێگای ناسراو بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەم تێکنیکە، گرتنی دەستی چەپی بەرانبەر بوو کە تۆ نەتبوو،
فێر بە لاوازییەکانی ژیانت بکەیت بە بەهێترینەکانت، نهێنی سەرکەوتن لە ژیاندا هەبوونی ئیمکانیات نییە، بەڵکوو بەکارهێنانی “بێ ئیمکانی”ە وەک هێزێک.
٭٭٭٭
هەر یەک لە پارچەکانی نیشتمانی داگیرکراو، سەرەڕای توانای هێزی ڕەقی داگیرکەران، توانست و پوتانسییەڵ و ئیمکانی تایبەتی خۆیان هەیە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داگیرکەر و هەرەبەهێزکردنیان دەتوانێت چۆک بە داگیرکەر دابهێنی.
بۆ نموونە، ڕێکخستنی هەمەلایەنەیەی هێزی جەماوەر لە ڕۆژهەڵاتی نیشتمان لە ئاستی “مێشک ئامێر”، “سازمان ئامێر”، و “نەرم ئامێر” بە شێوازی تۆکمە، دەتوانڕێ:
بکرێت بە ئامرازی یاسایی و سیاسی،
ئامادە بکرێت بۆ “کاتژمێری سیفری بۆشایی هێزی ڕەقی داگیرکەر،
سەرنجی کۆمەڵگای جیهانی بۆ لای خۆی ڕاکێشێت،
سنوورەکانی خودی کوردستانی و ئەویدی داگیرکەر بە شێوازی نەرم دەستنیشان بکات،
چۆک دابێنی بە “ڕەق ئامێری داگیرکەر”.
پێویستییەکان:
هێزی جەماوەری کوردستان، ڕێنوێنی و ڕێنومایی خۆی بکات بەرەو “کۆمەڵگای هاوتەریب”،
سیاسەتی کوردستانی، خۆی بە ڕێکخستنی نوێ و بەڕۆژ بکاتەوە لە ئاست زانست و مەعریفە و مێتۆد و پراکتیک،
دیاسپۆڕای ڕۆژهەڵاتی، بەرەو ڕێکخستنی سیاسی و یاسایی و لۆبی و “دیپلۆماسی شەقام” ڕێگە بکات.