جەماوەری بێتاقەت، ئامانجی نزیک، قوربانی خێرا
یەک: زۆر کەس لە بارودۆخی تایبەتدا ناتوانن بیر لە کێشە ئەخلاقییە قورسەکان بکەنەوە و بە پلەی یەکەم پشت بە کاردانەوەی قووڵی ناخودئاگا دەبەستن بۆ بڕیاردانی قورس و ئاڵۆزو پیچیدە؛ بڕیاردان و دەرکردنی ڕای خێرا و ناعەقڵانی و سۆزدارانە و زیدەڕویانەو ناواقیعییانە و ناکۆک سەبارەت بە پرسە ناوخۆییەکانی کوردستان هەندێک جار زۆر دوورن لە ڕاستی و دادپەروەری. لەم نێوانەدا نابێت ڕۆڵی ئەو کەسانە لەبیر بکەین کە لە توڕەیی و ڕق و تۆڵەکردنەوەو کینەو نەفرەت، ڕای خۆیان دەردەبڕن. ئیستدلال و حوکمدان، ئەو کاتە نزیک دەبێتەوە لە حەقیقەت کە لەسەر بنەمای عەقڵ و ئەخلاق بێت.
دوو: بە ڕوانینێک بۆ داوەرییەکانی خۆمان لە سەر پرسی ناوخۆی کوردستان، بە نووسەرو هونەرمەندو گۆرانیبێژو وەرزشوان و چالاکی مەدەنی و تەنانەت پێشمەرگەو سیاسەت، دەبینرێت کە دوابەدوای درەنگ یان زوو ڕوونبوونەوەی حەقیقەت، چەندە هەڵە بووین و چەندە نا.
هەرگیزیش ئامادە نەبووین یان باشترە بێژم بوێری ئەوەمان نەبووە کاتێک هەڵەی خوێندنەوەو بەراوردو تێگەیشتن و داوەری و بڕیاردانمان کرد بە دوو وشەیش داوای لێبوردن بکەین. تەنیا گۆمەکە ئەشڵەقێنین و کوورەی زکرەکە گەرم دەکەین و دوای ماوەیەک خولانەوە لە نێو بازنەدا.
سێ: بە خوێندنەوەی ئەم ڕەفتارە لە ڕوانگەی “جەوهەری سۆزداری”، لە کاتی ڕووداوێکدا ئێمە هەڵگری کەسایەتی “جەماوەری بێتاقەت”ین. جەماوەری بێتاقەت، بە سەیرکردنی ئامانجێکی نزیک دروست دەبێت، تەنها نزیکترین ئامانج دەناسێت و دەیزانێت، خێرا بەدوای قوربانییەکەیدا دەگەڕێت بۆ کوشتنی، ئەگەر نەزانێت چی بکات، سەیری کەسانی دیکە دەکات بزانێ ئەوان چی دەکەن ئەویش هەر ئەوە بکات. ئامانجی نزیک لای ئەو هەموو شتێکە و قوربانیش ئامانجە. گوێنەدان بە چی ڕوو ئەدات لە داهاتوو، ڕەتکردنەوە، پێکەوە تاوانبارکردن، پێکەوە کوشتن و پێکەوە سووتاندنی ئامانجی نزیک، گەورەترین تایبەتمەندی جەماوەرە بێ تاقەتە.
پێنج جۆر جەماوەر لەسەر بنەمای جەوهەری سۆزداری بریتین لە: جەماوەری بێ تاقەت، جەماوەری خۆدزینەوە، جەماوەری بڤە، جەماوەری پێچەوانە و جەماوەری ئاهەنگگێڕان.
بڕوانە بۆ:
Masse und Macht, E lias Canetti, 1960
Moral decision making is reif with Internal Conflict, Jeniffer Mc Nulty, 2018
وێنە:
Alexander Kumpan
جەماوەری بێتاقەت، ئامانجی نزیک، قوربانی خێرا
July 27, 2022
2 Mins Read
165
Views