داڕمانی ئێران، فیدرالیزمخوازی حیزبەکان و پێویستی پێداچوونەوە
یەک: داڕمانی یەکێتی سۆڤییەتی پێشوو کە تێکەڵەیەک بوو لە داڕمان لە ناوەوە و کاریگەری ناڕاستەوخۆی فاکتەرە دەرەکییەکان لە بواری ئابووریدا، بەهۆی پابەندنەبوون بە حوکمی سادەی تۆپ-کەرە، ڕوویدا، واتە ڕژیم لەو کاتەدا زۆربەی بودجەی خۆی بۆ دەسەڵاتی سەخت و پێداویستییە گشتیەکانی پێوەندیدار بەوە خەرج دەکرد. (بەراورد لەگەڵ ئێرانی ئەمڕۆ، تێچووی ئەتۆمی و مووشەکی و خۆفڕۆک بەرانبەر مەزنە قەیرانەکانی ئابووری، کۆمەڵایەتی، ژینگەیی و مرۆیی).
خاڵێکی دیکە گرینگینەدانی سۆڤییەت بوو بە پرسی نەتەوەکان لە ئاستی پێویست و ئەو خواستەی کە لە خزمەت سۆسیالیزم و دژایەتی نەتەوەخوازی وەک پرسێکی دواکەوتوو بەردەوام کپ دەکرا. هەروەها بە دامەزراوییکردنی بیرۆکەی نەتەوەی ڕووس وەک براگەورە (big Brother). نەتەوەکان گەرچی کۆمەڵێک ئازادی کۆنترۆڵکراویان پێبەخشرابوو بەڵام بڕیاردەری کۆتایی، براگەورەی ڕووسی بوو. (بەراورد بکە لەگەڵ نەتەوەکانی جوغرافیای ئێران و براگەورەی فارس)
تێبینی: یەکێتی سۆڤییەت بە نیسبەت قبووڵکردن و سیستەمی فێدراتیو، تەنانەت یەک هەنگاو لە ئێرانی ناوەندگەرای ئێستا لە پیشووتر بوو.
شەڕی ئەفغانستان و پاڵپشتی سۆڤییەت لە وڵاتان و حکوومەتەکان و بزووتنەوەکان لە دژی ڕۆژئاوا وەک میحوەری خەباتی سۆسیالیستی دژ بە سەرمایەداری و ئیمپریالیزم، ئەم وڵاتەی گەیاندە ئاستی مایەپووچبوون. (بەراورد لەگەڵ ئێران و شەڕی ناوخۆ لە سووریا و لوبنان و عێراق و یەمەن و ستراتیژی شەڕی سێبەر لەگەڵ ڕۆژئاوا و ئیسرائیل و وڵاتانی ڕکابەری ناوچە و ئیفلاسی دارایی سیستەم)
خاڵێکی تر گەندەڵی سیستماتیکی ڕێوەبەری ماکرۆ و ئیدارەی ناوەند بوو، کە دەسەڵاتدارە سیاسیەکانی کردە ڕانتخۆری ئابووری و چینی گەندەڵ. (بەراورد لەگەڵ قەیرانی کارایی، گەندەڵی کارگێڕی، دارایی و ئەخلاقی و ڕانتخۆری لە ئێرانی ئێستادا)
فاکتەرێکی دیکەی داڕمان لە ناو یەکێتی سۆڤییەت، ئایدۆلۆژیای ئاخرەزەمانی سۆسیالیزم و کۆمۆنیزم و تێچووی گەورەی پڕوپاگاندا بوو کە هەموو شتێک و هەموو کەسێکی لە خزمەت ئەم سیاسەتەدا قووت دا. (بەراورد بکە بە ئایدۆلۆژیای “ولایت مطلقە فقیە” و ئیسلامی توندڕەوی ئێران و سیستەمی پڕوپاگەندە و پەروەردە و ڕاگەیاندن)
بابەتێکی دیکە کە شایەنی باسە، کەلێنی نێوان خەڵکی ناڕازی لە لایەک و حکوومەتی دامەزراو و دەسەڵاتی جێگیر بوو. ئەمەش بووە هۆی جەمسەربەندی کۆمەڵگا و قەیرانی متمانە. (بەراورد لەگەڵ ئێرانی دوو جەمسەری ئێستا، ناڕەزایی کەڵەکەبوو، بۆشایی قووڵی نێوان خەڵک و بەرپرسان)
دەنگی نوخبە لە یەکێتی سۆڤییەتدا یان خنکا بوو یان هێندە لاواز لە دژی ئایدۆلۆژیا و سیاسەتی فەرمی دەبیسترا کە هەرگیز گرینگی پێ نەدرا. (بەراوردی لەگەڵ دەستبەسەرکردن و پەراوێزخستنی نوخبەکان، هەڵهاتنی مێشکەکان، شەپۆلی کۆچی نوخبە لە ئێران)
هێزی ڕەق وردە وردە کاریگەری خۆی لەدەستدا و هێزی نەرمی خەڵک، پاراستن و بەکارهێنانی هێزی ڕەقی کردە تێچووی زیادە و ناکارامە. (بەراوردی لەگەڵ زیادبوونی چالاکیی مەدەنیی گەلانی ئێران لەدژی سیستەمی سەرکوت و ئێعدام و زیندان)
فاکتەری دەرەکی کە کاریگەری ناڕاستەوخۆی لەسەر یەکێتی سۆڤییەت لە ڕێگای دیپلۆماسی و میدیا و مافی مرۆڤ و سنووردارکردنی بازرگانی و ئابووری و کێبڕکێی چەکەوە هەبوو، وردە وردە خێرایی ڕێگەکردنی سیستەمەکەی بەرەو خولگەی داڕمان فراوانتر کرد. (بەراوردی لەگەڵ سزا جۆراوجۆرەکانی سەر ئێران و دیپلۆماسی بەرتەسککەرەوە و پرسی مافی مرۆڤی ئێران لەگەڵ پێشبڕکێی چەک لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە و تێچووە وێرانکەرەکانی).
دوو: کۆمەڵێک بیروباوەڕ و گریمانە و بەها بوونیان هەیە کە ڕەنگە بە هۆکارێکی لۆژیکی یانی پێویستی سەردەمێکی تایبەت سەریان هەڵدابێت، بەڵام بە هۆکارگەلی نالۆژیکی یان دەستەوەستانی، یەکلایی کراونەتەوە و دواتر لە ڕێگای فەرمی و نافەرمییەوە، ئەوەندە دووپات دەبنەوە کە دەبنە چوارچێوەیەکی چەقبەستوو کە ناتوانرێ و ناکرێت لە دەرەوەی ئەوە بیر بکرێتەوە یان بە گرینگ، وەرناگیرێت و پەراوێز دەخرێت.
بە ئەگەرێکێ زۆر، ئەم سەرمەشقانە، لە کاتی دروستبوونیاندا و دواتر لە مێشکدا جێگیر بن، چونکە سەردەمانێک سەرکەوتوو بوون و کێشەیەکیان بە باشی چارەسەر کردووە یان وڵامدەری قۆناغێکی دیاریکراو بووگن، بەڵام لە مێشکدا دەمێننەوە و دەبنە پێش گریمانەیەکی خۆبەخۆ.
سەرمەشقی فیدرالیزم لە نێو حیزبەکانی کوردستاندا ئەوەندە بەدامەزراوەیی کراوە کە سیاسەتی کوردستانی بەتەواوەتی بە نیسبەت گۆڕانکارییە خێرا و یەک لە دوای یەکەکان نابینا و نەبیست کردوە، هەروەها حیزبەکان، هەرچەندە بە ڕوونی دەبینن کە ئێران لەسەر ڕێگای داڕمانی تەواوەتییە و هەمان مۆدێلی یەکێتی سۆڤییەتی پێشوو پەیڕەو دەکات دیسانەوە سەرنجی تەواویان خستووتە سەر داهاتوویەک بۆ ئێران کە بە گریمانەی زۆر بەهێز، هەرگیز بەم قەوارە هەنووکەییەوە، ناچێتە نێو داهاتووی سبەی.
حیزبە کوردییەکان پێویستیان بەوەیە بە ئەم سەرمەشقەدا بچنەوە کە نزیکەی هیچ سوودێکی بۆ بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد نەبووە، لە ڕوانگەی داڕمانی وەک حاکمییەت (Iran Change)- و نەک حکوومەت- (Regime Change) ەوە سەیری داهاتووی ئێران بکەن و سیاسەتگەلێک بخەنە بەرنامەی کارەوە کە لە گۆشە نیگای داڕمانەوە بۆ ئایندە بڕوانێت. لەوەش گرینگتر و وەکوو کاتاڵیزۆرێکی ئەرێنی بەهێز، خەڵکی کوردستان بە نیشاندانی داواکاریی ناسنامەتەوەری و شوناسخوازی کوردستانی خۆیان، بە تایبەت لە شۆڕشی ژینا بەولاوە، بە ڕوونی ڕوانین و ڕێباز و ئیرادەی عەقڵی و بابەتیی خۆیان بۆ ئایندەی کوردستان پیشانداوە.
هەروەها بڕوانە بۆ:
تجزیە یا فروپاشی؟ هم فروپاشی هم تجزیە، بهزاد خوشحالی، ٢٠١٣ (ماڵپەڕ)
داڕمانی ئێران، فێدراڵیزمخوازی حیزبەکان و پێویستی پێداچوونەوە
April 28, 2024
3 Mins Read
175
Views