دەربارەی پێویستی دروشمی نەتەوەیی
پێویست بە دووبارەکردنەوە نییە کە جیهانی ئیمڕۆ بە نیسبەت کۆتاییەکانی سەدەی ڕابردوو یان تەنانەت دوو دەیە پێش ئێستا، گۆڕانی گەورەی بەسەردا هاتووەو ئەوەی پێشتر دەیتوانی کارامەو کارتێکەر بێت ئێستا ئەو کاراییەی نەماوە یان لاواز بووە.
بۆ نەتەوەیەکی بێ دەوڵەت وەک کورد، سەردەمی نوێ، هەڵگری خاڵێکی گرینگەو ئەوەی کە “مرۆڤ لە جیهانی پێوەندییەکاندا، بەرەو تاکبوون دەڕوات” و بێتوو تاکی کورد، لە پادمانەکانی ئەم قۆناغە کەڵک وەرنەگرێت ئەم دیاردە جیهانییە دەتوانێ ئێمە لە ئامانجی سەروەریمان دوورتر بکاتەوە. لێرەدا پێویستە خێرا ئاماژە بکەم کە جیهانی پێوەندییەکان و تۆڕەکانی کۆمەڵایەتی، توانستی بەهێزی پێکەوەگرێدانیان هەیەو تەنانەت، چەمکی ناسیۆناڵیسم لە ڕێگای دوورەوە، بۆ وڵامدانەوەو پلانی سەرەتایی بەم دۆخە، داهێنراوە بەڵام کورد، هەم بە هۆی سرووشتی تایبەت، هەم پاڕامێتری دەسکرد، زۆرتر لەوەی بکەوێتە دەرفەت ساز کردن، دەکەوێتە ژێر کاریگەری خاڵە نەرێنییەکان و دواتر لێیدەبێت بە هەڕەشە.
بە هۆکاری ئەوەی کە کورد نەتەوەی بێ دەوڵەتەو کەمتر لە دەوری ئایدیای تاکە بیرۆکە سازماندراوە، -لەوانە سەروەریخوازی و سەربەخۆییخوازی- چەند پێویستی و پێداویستی، خۆی زەق دەکاتەوە:
درووست کردنی هەستی ئامانجی هاوبەش
درووست کردنی هۆشیاری ئامانجی هاوبەش
درووست کردنی زمانی ئامانجی هاوبەش
بۆ هەریەک لە سیانەی هەستی هاوبەش و هۆشیاری هاوبەش و زمانی هاوبەش، بۆ لێک نزیککردنەوەی ئایدیاکان، بۆ زاڵبوون بەسەر تاکڕۆیی و تاکبوون، بۆ گرێدانەوەی جەماوەرو هێزی سیاسی و ئێلیت، یەک پێویستی زۆر گرینگە کە هێشتا کە هێشتایە، وەک ڕۆژگارانی پێشوو گرینگی خۆی پاراستووە:
سروودی سیاسی نەتەوەیی، وەک ئامرازێک بۆ کۆکردنەوەی دەنگێکی بەکۆمەڵ بۆ ئامانجێک کاردەکات و مەبەست لێی چڕکردنەوەی هەموو دەنگ و ڕوانگە جیاوازەکانە لەسەر یەک بابەت بۆ دەستەواژەیەکی یەکگرتوو کە هەمووان بتوانن پێکەوە بیخۆینن و بیخوێننەوە.
لە حاڵەتێکی پێشکەوتووتردا هەستی هاودەنگی و مەبەست بۆ ئەو خەڵکە دەچێنن کە لە ڕووی فیزیکیەوە ئامادەن و پەیامەکەش دەگاتە هەموو جیهان.
بە بڕوای “وارۆن” و “جێسپێڕسۆن”، دروشمی سیاسی، ئامرازگەلی بەرجەستە و بەنرخن کە پێویستە وەڵام بدرێنەوە. هەروەها فاکتەری ئەخلاقی و سیاسی هەمیشە ئامادە دەبن لە ژیانی ڕۆژانەی جەماوەر.
دروشمی نەتەوەیی دەتوانێت سروشتی خۆبەخۆی ناڕەزایی سیاسی بگۆڕێت بۆ ناڕەزایەتییەکی سیاسی ڕێکخراو و بەرەو کوولتوری ناڕەزایی سیاسی ڕێنوێنی بکات.
بە تەرکیز کردن لە سەر ڕۆژهەڵاتی کوردستان و دۆخی هەنووکەیی ئەم پارچە لە نیشتمان، هەڵگرتنی دروشم یان دروشمگەلێگی نەتەوەیی لە کاتی ئێستادا، پێویستە بە گرینگ بۆی بڕوانین.
سەبارەت بە دروشمی سیاسی بڕوانە بۆ:
The Role of Political Chants in the Contemporary Resistance, Ching Lan, 2017
دەربارەی پێویستی دروشمی نەتەوەیی
July 3, 2022
2 Mins Read
166
Views