فرەشوناسبوون دژ بە شوناسی نەتەوەیی
ئەگەر فرەشوناسی لە جیهانی ئەوڕۆدا وەک دیارەدەیەکی ئەرێنی پێناسە کراوە بەڵام بۆ نەتەوەیەک کە لە ڕەوتی بە دەوڵەتبووندا ڕێگە دەکات دەتوانێ زۆرتر لەوەی خاڵێکی بەهێز بێت لاوازی درووست بکات لە بەر ئەوەی هێشتاکوو شوناسی نەتەوەیی لە قاڵبی دەوڵەتی نەتەوەیی، نەگەیشتووە بە قۆناغی سەقامگرتوویی.
فرە شوناسی زۆرتر لە قاڵبی پێشینەی فەرهەنگی، ئایین و ئایینزا، ڕەگەز، جێندێر، زمان و زاراوە، چین و توێژی کۆمەڵایەتی، ناوچە، ئایدیۆلۆژی، حیزبایەتی و بەجیهانیبوون ڕەنگدانەوەی هەیەو شوناسی نەتەوەیی، دەگەڕێتەوە بۆ هەست و ئاوەزی ئەم شوناسگەلە بەرانبەر بە نەتەوە یان وڵات.
بە تایبەت لە قۆناغی شوناسی بە بەرنامە بۆ نەتەوەی بێ دەوڵەت، هەر جۆرە شوناسێک کە سێبەر قورس بکات بە سەر شوناسی نەتەوەیی، توانستی ئەوەی تێدا ئەبینرێت کە پڕۆسەی دەوڵەتی نەتەوەیی لاواز بکات، بە لارەڕێدا بیبات، بیترازێنێ، ببێتە هۆکاری ناسازگاری و دوژمنی و تەنانەت بیشکێنێ و بەرەو نەزۆکبوون ڕێنوێنی بکات هەم لە باری ئەندێشە، هەم مەعریفە، هەم سیاسەت، هەم دەروونناسانەو هەم هەڵسووکەوت و پراتیک.
دیاردەی فرەشوناسبوون لە نەتەوەی کورد، تاکوو ئێستایش، لەوانەیە گەورەترین و مەترسیدارترین و پڕ تێچووترین خەساری بۆ ڕەوتی دەوڵەتی نەتەوەیی بووەو حاشا لە کارتێکەری وێرانکارانەی ناکرێت.
لە بیرمان نەچێت کە مێعمارەکانی دەوڵەتی نەتەوەیی ئاڵمان، لە ڕەوتی نەتەوە-دەوڵەتی ئاڵمانی، تەنانەت لە سەر ناوی شارو گوندو ناوچەکان و بگرە ناو و دواناوی تاکەکان لە ئاڵمان، هەستیار بوون و هەوڵی بەردەوامیان ئەوە بوو کە هەموو شتێک لە ژیانی ڕۆژانەو بیرەوەری و خۆزگەو خولیاو ئاواتەکان، ڕەنگدانەوەی نەتەوەی ئاڵمان و هزری نەتەوەیی و خۆشەویستی خاک بێت….