لە پەراوێزی ئەویدی سازی ڕۆژانەمان
ئەویدیسازی دەرئەنجامی پرۆسەیەکی گوتارییە کە بە هۆیەوە نێوگروپێکی باڵادەست (ئێمە، خۆمان) یەکێک یان چەند گروپێکی دەرەکی باڵادەست (ئەوان، ئەوی دیکە) بە بیانووی کەم بنەماو بێ بنەما یان هۆکاری دەسکردی ناوگرووپ دەخولقێنێت.
“ئەویدیسازی” بە پێچەوانەی “جیاوازی” کە سەر بە کایەی واقیعە، سەر بە یاری وێژمانییەو لە کۆتاییدا، دەبێتە هۆی نکوولیکردن لە شوناس.
هەروەها ئەویدی سازی، هەڵگری لۆژیکێکی دووانەیە کە خۆ بە چاکەی ڕەهاو ئەویدی بە بەرانبەری نەیار پێناسە دەکات و لە ژێر کاریگەری کۆمەڵێک فاکتەری دیکە لەوانە پەروەردەو کۆمەڵایەتی و سیاسی، تا ئاستی دوژمن هەڵدەکشێت.
سەبارەت بە ئەویدیسازی نێوگرووپ، ئاماژە بەوە دەکرێت کە گرینگترین هۆکار، ناتەواو بوونی گشتییەتی شوناسە بەو واتایە کە مرۆڤی ئەویدیسازی ناوگرووپ، پرۆسەی گەشەپێدانی کەسایەتی- ناسنامەی گشتی، تەواو نەکردووە بۆیە پەنا دەبات بە کەسایەتی- ناسنامەی وردەواڵەو بوونی خۆی لەوەدا دەبینێتەوە.
٭٭٭٭
ئەویدی سازی ڕۆژانەی ئێمە بە بیانووی پارچەو شارو حیزب و ڕێکخراوەو ڕوانگەو بیروبۆچوون و ئایین و ئایینزاو زاراوە، یەکەم دوورمان دەخاتەوە لە وێناکرنی ئەویدی داگیرکەرو دوژمنی حەقیقی و دواتر ئاماژەیەکی ڕوونە بەوەی کە ئێمە هێشتا لە باری کەسایەتی- ناسنامەی کوردستانی، گەشەی تەواومان نەکردووەو گشتییەتی ئێمە لە وردە شوناسەکان، وەستاوە.
دواجار کەسایەتی- ناسنامەی گشتی هەموومان کوردستانییەو ئێمە تەنیا بە تیکەتی کوردبوون دەتوانین بۆ شەمەندەفەری داهاتوو سەرکەوین…..
بۆ زانیاری زۆرتر بڕوانە بۆ:
Other/ Otherness, Jean Francois Staszek, nternational encyclopedia of human geography, 2008
the psychology of othering, glenn gher, 2019