مێشکی داگیرکراو، دەروونداماڵین لە داگیرکەر
دەروونداماڵین لە داگیرکەر بە واتای تێکشکاندن، وێرانکردن و سڕینەوەی ئەو بیرکردنەوە و ئارەزوو و بەهایانە دێت کە لە شێوازی بیرکردنەوەی داگیرکاری سەرچاوە دەگرن.
مێشکێکی داگیرکراو، زمانی خۆی، هەڵسووکەوتی خۆی، داب و نەریتی خۆی و تەنانەت بوونی خۆی، لە بەرچاو دەکەوێت، خوو ئەگرێت بە سووکایەتیپێکردن، خۆی لە خۆی دوور دەخاتەوەو دەبێتە هۆکارێک کە داگیرکراو، سەرەتا فەرهەنگ و زمانی خۆی جێبهێڵێت و دواتر، نەفرەت لە خۆ و سەرەنجام، نکوولی لە بوونی خۆی بکات و هەبوونی دیکە بۆ خۆی هەڵبژێرێت.
مێشکی داگیرکراو هەروەها سیستەمی باوکسالارانەی داگیرکەر لە مێشک و دەروونیدا جێگیر دەبێت و بە قبووڵکردنی پلەبەندی، بوون و مانەوەی خۆیشی لە بنی هەرەمدا پەسەند دەکات.
ئاشکرایە کە پەروەردەو پرۆپاگەندەی داگیرکەر، هەروەها هەڵسووکەوتی سیستەم لە کاروباری ئیداری، دەوری باڵا دەبینن لەم پڕۆژە- پڕۆسەیەداو کاریگەریان لە سەر هەموو کارلێکێکی داگیرکەر- داگیرکراو دەبێت.
مێشکداماڵین لە داگیرکەر، پێویستی بە تێکشکاندنی ئەو پلەبەندی و پێکهاتە هەرەمییە هەیە کە بە کردەوە لە هەموو لایەنەکانی ژیاندا سوودی بە داگیرکەر گەیاندووەو ئێستایش سوودی پێدەگەیەنێت.
هەروەها پێویستە دوانەی خوازراو/نەخوازراو، سەرنجڕاکێش/ناسەرنجڕاکێش، شارستانی/ناشارستانیش، تێکبشکێندرێت.
عەقڵی داگیرکراو هێندە دەکەوێتە ململانی عەقڵی سەلیم کە تەنانەت لە هەست و بیری ڕۆژانەشدا دەچەسپێت هەر بۆیەش دەوترێت بۆ ئەوەی عەقڵی داگیرکاری پاک بکرێتەوە، دەبێت دووبارە خوێندنەوە بۆ عەقڵی سەلیمی تاکی داگیرکراو بکرێتەوە.
لەم پێوەندییەدا پێویستە ئاماژە بکرێت عەقڵی باوی مرۆڤی داگیرکراو لە ڕێگەی زاڵبوونی جۆری ڕوانین و بەهاو ڕەفتارو ڕواڵەتی جەستەیی داگیرکەرەوە دەگۆڕێت، تا ئەو ڕادەیەی کە هێڵی سوورو و ئارەزوو ئایدیاڵەکانی داگیرکەر وەک فەناتیسم و ئارەزووی خۆی دەناسێت و پێداگریان لێدەکات.
سەبارەت بە مێشکی داگیرکراو، پێویستە ئاماژە بە دوو خاڵی گرینگ بکم:
سەرەتا ئەوەی کە دەروون و مێنتاڵیتەی داگیرکراو، تەنانەت بە جێهێشتنی خاکی داگیرکراو، چ لە فۆڕمی کۆچ کردن بۆ هەندەران چ بە پڕۆسەی ڕزگاری خاک، ڕزگاری نایەت و لەوانەیە تا چەند نەوە، کاریگەرییەکانی بەردەوام بێت.
هەروەها پێدەچێ ئەو سووکایەتیکردن بە یەکترە کە لە دەرەوەی سنوورەکانی داگیرکاری، لە لایەن تاکەکانی داگیرکراو بە یەکتر دەکرێت یان بەردەوامبوونی دوانەی چاک و خراپ، جاش و باش، شارستانی وناشارستانی و…. دریژەی کارتێکەری قووڵی داگیرکاری لە سەر مێشک و دەروونی تاکی داگیرکراوی تاکی کورد بێت….
ئامۆژگارییە سەرەتاییەکان بۆ دەروونداماڵین لە داگیرکاری:
یەک: بە زمانی دایکیت بێکەموکوڕی بدوە
دوو: هیچ شتێک بە شەخسی وەرمەگرە
سێ: گریمانەکانت لەبەرچاو مەگرە
چوار: هەموو هەوڵێک بدە بۆ دەربازبوون لە بیرۆکەو هزرو گوتەو کردەوەی داگیرکەر
پەنج: گومان لە هەموو شت بکە بەڵام گوێ بگرە بۆ فێربوون
شەش: دوور بکەوە لە چەشنە چەقبەستووەکان
حەوت: هاوسۆزی دەرببڕە
هەشت: بەردەوام پرسیار بکە
نۆ: لە گشتاندن دووری بکە
دە: دەنگی حەقیقی خۆت بدۆزەرەوە
بڕوانە بۆ:
What Does It Mean To Decolonize Your Mind, Mathew Heinrich, 2020
Notes on Ngugi wa Thiong’O’s Decolonising the Mind: The Language of African Literature, 2015
مێشکی داگیرکراو، دەروونداماڵین لە داگیرکەر
June 29, 2022
2 Mins Read
60
Views
