مەغڵەتەی لۆژیک و ئێمەی کوردستانی
مەغڵەتەی لۆژیک، بە کۆمەڵە ئارگۆمێنتی ناتەواو، فریودەر، و ناڕاست دەگوترێت کە گەرچی بە ڕواڵەت، هەڵگری ڕاستین بەڵام لە ناوەرۆک دا، جۆرێک مەغڵەتەکردنن.
لێرەدا ئاماژە بە پانزە جۆر مەغڵەتەی لۆژیکی باو دەکرێت و بە هاوردنی چەند نموونە، ڕوونتر دەکرێتەوە.
مەغڵەتەی ڕووکەش (Ad Hominem)
ئەو کاتەی بەکار دەهێنرێت کە مەغڵەتەچی، هێرش دەکاتە سەر مرۆڤ یان ڕوانگەی بەرانبەر بە کەڵک وەرگرتن لە تایبەتمەندی کەسایەتی، تایبەتمەندی فیزیکی یان تایبەتمەندییەک کە پێوەندی بە باسەکەوە نییە.
نموونە: کوردەکان هەموویان خەیانەت دەکەن یان کورد یانی پارەو ژن و خەیانەت یان کورد هەر کورتە
مەغڵەتەی داربەلەک (Strawman Argument)
لێرەدا بە جێگای ئەوەی ڕووبەڕووی ئارگۆمێنت بیتەوە، هێرش دەکەیتە سەر شوێنێک یان تەوەرێک کە هیچ ئیمکانی بەرگری نییە. وەک ئەوەی کورد گوتەنی بە کەر ناوێرێ بە کورتان ڕەپەڕەپییە.
نموونە: دۆخی هەنووکەیی کورد ئەوەندە قەیراناوییە کە هیچ کارێکی هزری یان پراتیکی چارەی ناکات.
پەنابردن بۆ نەزانی (Appeal to Ignorance)
ئەم مەغڵەتە کاتێک بەکار دەهێنرێت کە مرۆڤ گەرەکی بێت پێویستی پیشان دانی ڕاستییەکان بشارێتەوە بەڵام لەسەر باسەکەی خۆی سوور بێت.
نموونە: سیاسەتی نێونەتەوەیی ڕێگا نادات کوردستان سەربەخۆ بێت.
یان: قازی محەمەدیش کوردی پێ ڕزگار نەکرا. تۆ چۆن دەتوانیت؟ هاوکات: کورد پێشەوایەکی پێویستە بۆ ڕزگاری.
دوووانێتی ناڕاست (False Delima)
تەرکیز کردن لەسەر دوو زێدەڕۆیی هاوکات بۆ جەمسەرسازی، بۆ بە فریشتەو شەیتان کردن
نموونە: یان خەباتی چەکداری یان سەرشۆڕی
بەرەوخوارکایی خلیسکێنەر (Slippery Slope Fallacy)
هەر دەسپێکێک و هەر کارێکی نوێ لە ئێستادا، دواجار دەگاتە دەرەنجامی خراپ و دەبێتە هۆکار بۆ داهاتوویەکی ناخۆش
نموونە: ئەگەر چالاکی سیاسی بکەیت سەرەنجام ژیانت بە هۆی هێزی ئەمنی داگیرکەر، دەکەوێتە مەترسی. ئەگەر خەباتی جەماوەری بکەیت کورد توانای کاری بەگرووپی نییە. ئەگەر خەباتی چەکداری بکەیت بە توندی سەرکوت دەکرێیت.
ئارگۆمێنتی خڕ (Circular Fallacy)
کاتێک بەکار دەهێنرێت کە هەمان فەرزییەی سەرەتایی دووپات دەکرێتەوە بۆ باسێک بە بێ ئەنجامگیری نوێ. لێرەدا ئیدیعا هەم سەرەتایەو پێشەکی هەم دەرەنجام و کۆتایی.
نموونە: سەربەخۆخوازی کورد دژی یاسای نێونەتەوەییەو دژی بەڕژەوەندی زلهێزەکان و لەبەر ئەوەی دژەیاساو دژە بەڕژەوەندی زلهێزانە ڕێگەپێدراو نییەو بێسوودە.
پەرەپێدانی بەپەلە (Hasty Generalization)
ئەو ئارگۆمێنتانەی لەسەر بنەمای پەرەپێدانی بەپەلە ساز دەکرێن بە هۆکاری نەبوونی بەڵگەی سەلمێنەر، نە دەتوانرێت بسەلمێت نە نکوولی لێبکرێت. ئیدعای وا لەوانەیە لە شوێنێک و بۆ زەمەنێک، ڕاسەی تێدا بێت بەڵام مەرج نییە گشتگیر بێت.
نموونە: کێ دەڵێت فڵانەکەس یان بەهمانە لایەن یان فیسار حیزب، نوێنەری نەتەوەی کوردە.
یان: کورد هەروابووە، بە جێگای مێشک، بڕیار بە هەست ئەدات.
شاماسی سوور (Red Herring Fallacy)
ئەم مەغڵەتە لە کاتێک دا بەکار دەبرێت کە مەغڵەتەچی ئەیەوێت بەردەنگ لە باسە سەرەکییەکە بەلاڕێدا ببات. پێی دەگوترێ “تاکتیکی لارەڕێ”.
نموونە: کاتێک سەبارەت بە زمانی نەتەوەیی قسە دەکرێت هێنانە گۆری زاراوەو بن زاراوە وەک زمان و دواتر ورووژاندنی ئاسیمیلاسیۆن، مەغڵەتەی شاماسییە سوورەکەیە.
پەنابردن بۆ دووڕوویی (Appeal to Hypocrisy)
کەڵک وەرگرتن لە دووڕوویی بۆ بووچەڵکردنەوەی ڕەخنەو لادان لە تەوەری سەرەکی.
نموونە: تۆ کە هاتوویتە هەندەران و پاڵت لێداوەتۆ مافی ئەوەت نییە سەبارەت بە کورد، ڕەخنەو تێبینی کەیت.
مەغڵەتەی هۆکار (Causal Fallacy)
بەئەنقەست کەڵک وەرگرتن لە هۆکار یان هۆکارگەلێک بۆ گەیشتن بە دەرەنجامی پێویست.
نموونە: تەنیا بە هاتنە نێو کایەی تاک یان لایەنێکی تایبەت، کێشەی کورد چارەسەر ئەبێت. هیچی تر بێجگە ئەوە.
تێچووی خنکێندراو (Fallacy of Sunk Costs)
گەرچی تێچووی بووەو هەڵە بووە بەڵام ناتوانم دەسبەرداری بم.
نموونە: دەزانم ئەو ئایدیۆلۆژییە هەمە چیدیکە ماوەبەسەرچووە، دەزانم زۆر خەساری بە نەتەوە گەیاندووە بەڵام چ بکەم ناتوانم بەریدەم.
پەنابردن بۆ مرۆڤە بەناوبانگەکان (Appeal to Authority)
کەڵکاوەژۆ کردن لە قسەو گوتەی کەسانی بەناوبانگ بۆ ئارگۆمێنتی هەڵە.
نموونە: ساڵێک بە عەیام، ڕێبەری گەورەمان وایگوت بۆیە ئێستایش وادەکەین.
ناتەبایی (Equivocation)
کاتێک بەکار دەهێنرێت کە مەبەست، سەرلێشێوان، فریودان، یان بەلاڕێبردندایە. “یاری کردن بە وشە”.
نموونە: سەربەخۆیی جوانەو مافەو هەموومان سەربەخۆخوازین بەڵام فێدراڵی، گونجاوەو قاچی لەسەر زەوی و بەردەست تر.
پەنابردن بۆ سۆز (Appeal to Pity)
پەنابردن بۆ سۆز بە مەبەستی سەرنجڕاکێشان، فریودانی مێشک و پشتگیری وەرگرتن.
نموونە: من چەن دەیە ژیانی خۆم خستووتە مەترسی بۆ کورد بۆیە ئەم ئیدعا (هەڵە)ی ئێستام حەقیقەتی ڕەهایە.
باندی واگۆن (Bandwagon Fallacy)
جەماوەر چۆن بیر دەکاتەوە تۆیش پێویستە وەک ئەوان بیر بکەیتەوە.
نموونە: هەموو خەڵک، بیر لە ژیانی ئاسایی دەکەنەوە بۆیە تۆیش نابێت پەیجووری چالاکی سیاسی و مافی نەتەوەیی بیت.
دەرەنجام: مەغڵەتەی لۆژیک، تایبەتمەندی مرۆڤەکانەو لە نێو ئێمەی کوردیش دا کەم باو نییە. پێویست دەکات بە خویندنەوەی ئەم باسانە -چ نێوان خۆمان و چ دیالۆگ لەگەڵ داگیرکار- هزرو گوتەو کردەوەی خۆمان لەم مەغڵەتانە کە بە ڕواڵەت، ڕاستی تیدایە بەڵام لە ناوەرۆک دا هەڵەن، خۆمان لەم گرفتە دەرباز کەین.