تێبینی: ئەم وتارە هەرچەندە بە ڕوانگەیەکی ڕەخنەگرانە، دەپڕژێتە سەر ناسیۆناڵیزمی نوێ، بەڵام دەتوانێ ڕێنومایەک بێت بۆ “ناسیۆناڵیزمی جوداییخوازانە” لە سەدەی بیست و یەکەمدا کە بە هاوتەریبکردنی خۆی لەگەڵ “لیبرالیزمی ڕۆژئاوایی” و “دێمۆکڕاسی شارۆمەندی” و “دەوڵەتی مەدەنی”، سیستەمی نێودەوڵەتی لیبراڵ و مێکانیزمی زاڵی دەوڵەت- نەتەوە، قەناعەت پێبکات بۆ قبووڵی شەرعییەتی ناسیوناڵیزمی جوداییخوازانەی نەتەوە بێ دەوڵەتەکان لەم سەدەیەدا.
هەروەها لە دابەشکردنی ناسیۆناڵیزمی نوێ بە چوار فۆڕمی “ناسیۆناڵیسمی ئینجیلی” و “ناسیۆناڵیزمی ڕاستی توندڕەو” و “ناسیونالیزمی ئایینی” و “ناسیۆناڵیزمی جوداییخوازانە”، ئەو دیدە دەخاتە بەر چاو کە سێ فۆڕمی یەکەم، چەندە جیاوازن بۆ شیکاری و داوەریکردن لە ناسیۆناڵیزمی جوداییخوازانە.
نێئۆناسیۆنالیزم لە سەدەی بیست و یەک
دەروازە
سەرهەڵدانی نێئۆناسیۆنالیزم لە سەدەی بیست و یەکەم، دیاردەیەکی سیاسی گرینگ بووە. نێئۆناسیۆنالیزم یەک فۆرمی ناسیۆنالیزم نییە. لە ئێستادا تەنها گشتاندنی جۆرێکی دیاریکراوی ناسیۆنالیزم نییە، بەڵکوو وەسفکردنی زنجیرەیەک دیاردەی نوێی ناسیۆنالیزمە. لانیکەم چوار فۆڕمی هەیە: ناسیۆنالیزمی ڕاستی توندڕەو، ناسیۆنالیزمی ئینجیلی، ناسیۆنالیزمی جوداییخواز و ناسیۆنالیزمی ئایینی. بە بەراورد لەگەڵ ناسیۆنالیزمی نەریتی، نێئۆناسیۆنالیزم گۆڕانکاری گەورەی بەسەردا هاتووە لە ڕووی ئایدۆلۆژی یان بەهاکانی بەرەو پێشەوە، کارەکتەری سەردەم، میکانیزمی پاڵنەر، کارکرد، شێوازی بڵاوبوونەوە، کاریگەری، و مەیدانی ڕوودان. هاوکات نێئۆناسیۆنالیزم جۆرێکە لە سیاسەتی ناسنامەیی چڕی بەرز و جۆرێکە لە تایبەتمەندی نیمچە بناژۆخواز. نێئۆناسیۆنالیزم بنەما سەرەکییەکانی بەهای ناسیۆنالیزمی نەریتی و بەرچەسپی بنەڕەتی کۆمەڵگای ڕاهێنراو فڕێدەدات. هەندێک هۆکاری جەوهەری مەترسیدار و تەنانەت شێتانەی ناسیۆنالیزم لە سەردەمی نوێدا تا ئەوپەڕی ڕادیکاڵبوون پەرەیان سەندووە. ئەمەش بەو مانایەیە کە وێرانکارییەکەی بۆ وڵات و کۆمەڵگا تایبەتەکان زۆر زیاترە لەوەی کە بەهۆی سیاسەتی ناسنامەیی کاردانەوەی کەمینەکانەوە دروست دەبێت. لە ڕوانگەی ڕەوتەکانی گەشەسەندنەوە، لە کاتێکدا نێئۆناسیۆنالیزم تایبەتمەندییە گشتییەکانی هاوپێشکەوتن و پاشەکشە لە ڕەوتی گشتیدا نیشان دەدات چوار فۆڕمە تایبەتەکەی هەندێک جیاوازیش لە ئاراستەی گەشەکردندا نیشان دەدەن. لەگەڵ پاشەکشەی زیاتری پرۆسەی بەجیهانیبوون، نێئۆناسیۆنالیزم کاریگەرییەکی بەرچاوی دەبێت لەسەر ئاسایشی وڵاتانی پەیوەندیدار و ناوچە و تەنانەت جیهانیش.
پێناسە
دۆخی جیهان لە سەدەی بیست و یەکەم، گۆڕانکاری گەورەی بەسەردا هاتووە. دیاردەیەکی سەرنجڕاکێش ئەوەیە کە پرسە نەتەوەیی و ئایینییەکان کە پێشتر لە پێگەیەکی ڕێژەیی پەراوێزیی یان ژێردەستەییدا بوون، دەستیان کردووە بە گواستنەوە بۆ ناوەندی گۆڕەپانی سیاسی وڵاتانی جۆراوجۆر و تەنانەت جیهانیش، وەک یەکێک لە پرسە ناوەندییەکان وەستاون کە هەندێک گەورە وڵاتانی جیهان دەبێت ڕووبەڕووی ببنەوە. بە هەمان شێوە ڕەوتی نوێ لە پەرەسەندنی پرسە نەتەوەییەکانی جیهاندا سەریان هەڵداوە. لە لایەک ناسیۆنالیزمی نەریتی لەوانەش ناسیۆنالیزمی دەوڵەتی (ئایینی) و جوداییخوازی ناوخۆیی (نەتەوەیی) هێشتا زیندوویی خۆی لە وڵاتانی جیهانی سێیەمدا پاراستووە و لە لایەکی دیکەوە لە وڵاتانی ڕۆژئاوایی کە بە حوکمڕانی چاک ناسراون، شێوەی جۆراوجۆری ناسیۆنالیزم هەبووە، وەک ناسیۆنالیزمی جوداییخواز و بە تایبەتی ناسیۆنالیزمی ڕاستی توندڕەو و ناسیۆنالیزمی ئینجیلی مەسیحی. ئەم بیرکردنەوە و بزووتنەوە ناسیۆنالیستییە تێکەڵاوانەی “دوو جیهان”، نادڵنیایییەکی گەورەیان بۆ ئەو جیهانە هێناوە کە ئێمە تێیدا دەژین. زۆربەی خەڵک لە قووڵایی ناخەوە هەست بە نائەمنی دەکەن. چۆن لەم دیاردەیە تێبگەین؟ لەکاتێکدا زۆرێک ئەم دیاردە نوێیە یان ڕەوتی ناسیۆنالیزمیان بە کاریگەری نەرێنی گلۆبالیزاسیۆن و نیولیبرالیزم دەزانی، میدیا و زانکۆکانی ڕۆژئاوا دیاردە ناسیۆنالیستییە بەردەوامەکانیان بە نیوناسیۆنالیزم ناوبرد. پاشان، چۆن سەیری نێئۆناسیۆنالیزم (وەکوو دیاردە) دەکەین؟ جیاوازی نێوان ناسیۆنالیزمی نوێ و ناسیۆنالیزمی نەریتی چین؟ ئایا نێئۆناسیۆنالیزم دیاردەیەکی ئەپیزۆدیکە، ئینتقالییە، یان دیاردەیەکی ئاراستەیییە کە لەمەودوا دیمەنی سیاسی وڵاتانی جیهان دەگۆڕێت؟ ئەم توێژینەوەیە هەوڵدەدات شیکارییەکی سەرەتایی بکات.
ماتریاڵ و مێتۆدەکان
توێژینەوەکە بە کەڵکوەرگرتن لە میتۆدەکانی وەک وێژە، نۆرمەکان، بەراوردکردن، چاودێری مەیدانی، لێکۆڵینەوەیەکی قووڵ و سیستماتیکی لە پرۆسەی پێکهاتن، سەرچاوە، تایبەتمەندی و ڕەوتی نێئۆناسیۆنالیزم لە سەدەی بیست و یەک و پەیوەندییەکانی نێئۆناسیۆنالیزم دەکات و سیاسەتی ناسنامە بە هەمان شێوە، ئاماژە بەوە دەکات کە نێئۆناسیۆنالیزم، کاریگەرییەکی گەورەی دەبێت لەسەر ئاسایشی وڵاتانی پەیوەندیدار و ناوچەکان و تەنانەت هەموو جیهانیش بەو پێیەی پرۆسەی بەجیهانیبوون یان یان بەجیهانیکردن، تووشی پاشەکشەی جددی دەبێت.
سەرچاوەی نێئۆناسیۆنالیزم لە سەدەی بیست و یەکەم
چەند سەدەی ڕابردوو تا ڕادەیەک بە ناسیۆنالیزمی نەریتی پێناسە کراوە، لە بزووتنەوەی دەوڵەت- نەتەوە سازی لە ئەوروپای ڕۆژئاوا لە سەدەی ١٧ – ١٩ تا دوو شەپۆلی یەکەمی ناسیۆنالیزم لە سەدەی بیستەم. لە ڕاستیدا تەنانەت شەپۆلی سێهەمی ناسیۆنالیزم لە سەدەی بیستەمدا بە گشتی دەتوانرێت وەک ناسیۆنالیزمی نەریتی دەستنیشان بکرێت. ئەم بزووتنەوەیانە ژمارەیەکی زۆر دەوڵەتی نەتەوەیی سەربەخۆیان لێکەوتەوە، کە وەک یەکەی بنەڕەتی، نەخشەی سیاسی جیهانی و نەزمی نێودەوڵەتییان پێکهێنا و چەسپاندیان.
لە سەدەی بیست و یەکەمدا گۆڕانکاری گەورە لە دۆخی جیهاندا ڕوویداوە. لێکنزیکبوونەوە و جیاکاری، تایبەتمەندی سەردەمی گلۆبالیزمە–بەجیهانیبوونی سیستەمی ئابووری و دیموکراسی و جەمسەربەندی نێوان دەوڵەمەندان و هەژاران، هەروەها سیاسەتی ناسنامە و گۆڕانکارییەکان- هەروەهاتر شەپۆلی پەنابەران بەهۆی شەڕە ناوچەییەکانی داگیرکارییەوە بووە کە زلهێزەکان بەشدارن و سەرکردایەتییان کردووە. لەژێر کاریگەری ئەم فرە هۆکارگەلەدا، ناسیۆنالیزمی نوێ کە بە ڕوونی جیاوازە لە ناسیۆنالیزمی نەریتی، لە سەرانسەری جیهاندا، بە تایبەت لە وڵاتانی ڕۆژئاوادا سەریهەڵداوە. ئەوەی پێی دەگوترێت نێئۆناسیۆنالیزم، پلەیەکی بەرزی ئاڵۆزی و ململانێی سروشتی هەیە بەو پێیەی نوێنەرایەتی لێکنزیکبوونەوەی زۆرێک لە ئایدۆلۆژیاکانی وەک پۆپۆلیزم، دژە بەجیهانیبوون، دژایەتی کۆچبەری، خودگەرایی، تەردگەرایی، لۆکاڵیزم، بەرهەڵستکاری، گۆشەگیری، و سیاسەتی ئایین دەکات. ئاخێزگە و چەمک و واتاکانی زۆر ئاڵۆزترن، لە کاتێکدا دەتوانرێت ناسیۆنالیزمی نەریتی سادەتر بکرێتەوە وەک “بیرۆکە و بزووتنەوەیەک کە نەتەوە/گرووپی ئەخلاقی دەخاتە بەرزترین پلەی زنجیرە بەهاکانی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی”. هێزی ئابووری، سیاسی، کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی و دەروونی قووڵتر هەن کە پاڵنەری سەرهەڵدانی نێئۆناسیۆنالیزمن. لە وڵاتانی ڕۆژئاوادا، نێئۆناسیۆنالیزم لە ناتیڤیزمی دژ بە کۆچبەران و “بیانییەکان”ی دیکە، کۆنەپەرستی ئایینی دژە مۆدێرن و ئیگۆیزم لەگەڵ بەرژەوەندی خۆپەرستی ئابووریدا دەردەکەوێت. لە وڵاتانی جیهانی سێهەمدا، نێئۆناسیۆنالیزم لە بڕوا و ڕەسەنگەرایی کۆندا ڕەنگ دەداتەوە. واتە نێئۆناسیۆنالیزم یەک فۆرمی ناسیۆنالیزم نییە کە جیاواز بێت لە ناسیۆنالیزمی نەریتی. جۆرێکی دیاریکراوی ناسیۆنالیزم پەرە پێدەدات و کۆمەڵێک دیاردەی نوێی ناسیۆنالیزم باس دەکات. لە حاڵەتی یەکەمدا، ناسیۆنالیزمی ڕاستی توندڕەو (ئەوروپا) و ناسیۆنالیزمی ئینجیلی (ئامریکا) دەگرێتەوە و لە حاڵەتەی دووهەمدا، ناسیۆنالیزمی جوداییخواز لەخۆدەگرێت کە بەرژەوەندیی ئابووری و ناسیۆنالیزمی ئایینی (جیهانی سێهەم)ی تێدایە کە سیاسەتی ئیمانی بۆ بنیاتنانەوە و داڕشتنی ناسنامەی نەتەوەیی بەکاردەهێنێت.
سەرهەڵدانی ناسیۆنالیزمی ڕاستی توندڕەو
توندڕەوی ڕاستڕەو لە مێژە وەک کوتلەیەکی سیاسی وەستاوە. لە دەیەکانی ١٩٣٠ و ١٩٤٠دا، ستاتۆی خۆی وەک فاشیزم لە فۆرمێکی تەواو لە ناسیۆنالیزمی دەوڵەتیدا بەدەستهێنا، بەڵام لەگەڵ ڕووخانی ناسیۆنالیزمی توندڕەو (فاشیزم) لە دوای جەنگی جیهانی دووهەم، گەڕایەوە بۆ ڕواڵەتی سیاسی کۆنەپارێزی و بەرهەڵستکارانە. وەک چەمکێک لە فاشیزم، سەردەمانێک توندڕەوی ڕاست، لە ڕووی سیاسی و یاساییەوە بە تەواوی ڕەتکرایەوە، بەجۆرێک کە لە ماوەەیەکی درێژخایەندا، زۆرجار لەلایەن حیزبە سیاسییەکانەوە وەک ئامرازێکی گرینگ بۆ ڕەخنەگرتن و بەدناوکردن و بە شەیتانکردنی یەکتر بەکاردەهێنرا. ( Camus et al. 2017 ).
لە سەدەی بیست و یەکەمدا پرسەکانی دامەزراندن و ئاسایش و ناسنامە لە نێوان هەموو جۆرە دژایەتی و ململانێیەکدا سەریەککەوتوون. پارتە ڕاستڕەوە توندڕەوەکانی ئورووپا کە لە دوای جەنگی جیهانی دووهەمەوە پەراوێزخرابوون، دەستیانکرد بە هەڵسەنگاندنی دۆخەکە و دووبارە داڕشتنی وێنەی خۆیان. ئەوان بیرۆکەکان دەگۆڕن و ستراتیژییەکان ڕێکدەخەن لە هەوڵێکدا بۆ ئەوەی دزە بکەنە ناو ڕەوتی سەرەکی (The Economist 2018 ). لە ڕووی وێژمانی سیاسییەوە، پارتە ڕاستڕەوە توندڕەوەکان هەوڵی وێنەسازی پارتێکی ئاساییکراوە دەکەن کە گونجاوە بۆ حوکمڕانی بە نەهێشتنی توخمەکانی “لە ڕووی سیاسییەوە نادروست”ی وەک دژە جوولەکە و ڕەگەزپەرستی. (Alduy 2016 ). لە ڕووی ستراتیژی هەڵمەتی هەڵبژاردنەوە، پارتە ڕاستە ڕادیکاڵەکان بە سوودوەرگرتن لە “وزەی ئەرێنی” پارتە چەپە نەریتییەکان، ستراتیژی “پۆپۆلیستی” دەگرنەبەر. ڕووکردی تایبەت بریتییە لە گرتنەبەری ستراتیژی سیاسی تاکەکەسی و ئامانجدار. بۆ نموونە پارتە ڕاستڕەوە توندڕەوەکان لە ئاستی بنەڕەتیدا ڕەگ دادەکوتن لەو کۆمەڵگاگەلەی کە بەهۆی گواستنەوەی پیشەسازییە نەریتییەکان، تووشی کێشەی وەک دەرچوونی دانیشتووان و هەڵوەشاندنەوەی کۆمەڵایەتی دەبن.
ئەوان ژمارەیەکی زۆر لە گەنجانی بێکار هەڵدەمژن و ڕاهێنانیان پێدەکەن بۆ ئەوەی ببنە بڕبڕەی پشت، لە هەمان کاتدا تیشک دەخەنە سەر ڕەخساندنی هەلی کار و بنیاتنانەوەی کۆمەڵگا لە ستراتیژییەکانی بەسیجدا. حیزبە ڕاستە توندڕەوەکان ئاراستەی ژیان و هەستی دەستکەوت بە ئەم گەنجانە دەبەخشن و کاریگەرییەکانیان بەکاردەهێنن بۆ بەدەستهێنانی پشتیوانی کۆمەڵگاکان.
حیزبە ڕاستە توندڕەوەکان بە کەڵکوەرگرتن لە کاریگەرییە نەرێنییەکانی پڕۆسەی بەجیهانیبوون و یەکپارچەیی ناوچەیی و هەروەها هەڵەی حیزبە ترادیسیۆنەکانی ناو حوکمڕانی نەتەوەیی، دۆخی شەرمەزارکەری دوای جەنگی جیهانی دووهەمیان گۆڕیوە. بەڵام بەبێ بنەمای ڕەگەزپەرستی سپی پێست یان ناسیۆنالیزمی قەومی، ئەو زریانە سیاسیانەی کە وەڕێیانخست، بە زۆرینە، حاڵەتێکی توندڕەوی خەباتی حیزبی سیاسی، یان پارچەیەکی کاتی ناهاوسەنگی خەباتی ئایدیۆلۆژی و دوور لە جۆرێک لە ناسیۆنالیزمە. وەک پڕۆفیسۆر تامیر بارۆن گوتوویە، بەبێ ئەوەی ناسیۆنالیزمی قەومی وەک چەمکی سەرەکی خۆی، بیرمەندانی ڕاستی ڕادیکاڵ، حیزبە سیاسییەکان و بزووتنەوەکان لەنگەری جێگیری و سەقامگرتوویان نییە بۆ جێبەجێکردنی کاریگەرییە قووڵەکانی ناسیۆنالیزم (Bron, 2018). یەکخستنی پێچاوپێچ و ناڕاستەوخۆی ڕەگەزپەرستی سپی پێست کە لەمێژە ڕیسوا بووە (ناسیۆنالیزمی قەمی) لە بەرنامەی سیاسیدا کە لایەنە ڕاستە توندڕەوەکانی ئوورووپا دەتوانن هەموو ناسیۆنالیزمێکی تایبەت و مەترسیدار لە پرۆسەی کۆکردنەوەی سیاسی بەرفراواندا هان بدەن (Zhou 2016 ).
سەرهەڵدانی ناسیۆنالیزمی ئینجیلی
ناسیۆنالیزمی ئینجیلی لە ئامریکا لە بەرانبەر پاشخانێکی مێژوویی هاوشێوەی ناسیۆنالیزمی ڕاستی توندڕەودا سەریهەڵدا، بەڵام لە ڕێڕەوی گەشەسەندنی تایبەتدا، تایبەتمەندی خۆی هەیە.
ناسیۆنالیزمی ئینجیلی لە مەسیحییەتی ئینجیلییەوە سەرچاوەی گرتووە، کە پاڕامێترێکی زۆر گرینگە و کاریگەری لەسەر ژیانی سیاسی و فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی ئامریکا هەیە. لە مێژووی زیاتر لە ٢٠٠ ساڵەی ئامریکادا، مەسیحییەتی ئینجیلی هەمیشە وەک هێزێکی کۆمەڵایەتی کاریگەر لە گەشەسەندنی سیاسەتی ئامریکادا کاری کردووە. لە سەرەتاکانی سەدەی ١٨ و ١٩ ئینجیلییەکان کاریگەرییان لەسەر بەهاکانی کۆمەڵگەی ئامریکا هەبوو و لە قاڵبیان دا لە شێوەی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی وەک بەخەبەربوونەوە و بەئاکابوونەوەی گەورەدا. لە سەرەتای سەدەی بیستەم، ئینجیل تەوەری بە بانگەوازێکی ئایینی تاڕادەیەک تایبەت، گۆڕانکارییەکی سیاسی گەورەی بەخۆیەوە بینیوە بۆ ناسیۆنالیزم کە گوزارشت لە بانگەواز و خواستە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی گروپە سپی پێستەکان دەکات. وردتر بێژین، هێدی هێدی لە کۆنەپەرستی ئایینیەوە گۆڕاوە بۆ ڕەگەزپەرستی سپی پێست. نموونەیەکی ئاشکرا دۆسییەی دادگای باڵای ساڵی ١٩٥٤ە کە کۆتایی بە هەڵاواردنی ڕەگەزی لە نێوان قوتابخانە ڕەشپێستەکان و سپیپێستەکان لە ئامریکا هێنا، کە بنەمای یاسایی “جودا بەڵام یەکسان”ی ڕاگەیاند و بڕیاری دا کە پێچەوانەی دەستووری بنەڕەتییە. دواتر، سپی پێستەکانی باشوور کە ئامادە نەبوون لەگەڵ ڕەش پێستەکاندا بخوێنن، قوتابخانە حکوومییەکانیان جێهێشت و قوتابخانەی تایبەتی خۆیان لە ژێر ناوی قوتابخانەی تایبەتی سپی پێستەکان دامەزراند. پاشان، زۆرینەی ئەخلاقی کە بە بەها ئاینی و ئەخلاقییەکانی هێڵی توند و کۆنەپەرست ناسراوە، دامەزرا. لە ساڵی ١٩٨٠ ئەو ڕێکخراوە بە یارمەتی ڕۆناڵد ڕیگان بۆ کۆنترۆڵی کۆشکی سپی وەک هێزێکی سیاسی ناسێندرا. لەو کاتەوە، ئەو کوتلە مەسیحییە کە زۆرینەیان سپی پێستن و نوێنەرایەتی نزیکەی چارەکێکی دانیشتوانی ئامریکایان دەکرد، بۆ هەر هێزێکی سیاسی جێگەی پشتگوێخستن نییە. لە ساڵی ٢٠١٦دا، ئینجیلی تەوەری وردە وردە پەرەی سەند بۆ ناسیۆنالیزمی ئینجیلی، و هاوکات، پاڵپشتی بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی دۆناڵد ترەمپ کۆکردەوە (Zhou 2017 ) وەک دەرئەنجامی تێکەڵاوی هۆکارە جیاوازەکان (کۆچی نایاسایی، بەرخۆدانی کرێکاران و جووتیارانی لەبیرکراو لە بەجیهانیبووندا، لیبرالیزمی بوێرانە و تەنانەت ڕادیکاڵیزم لە جیهاندا، دەوڵەتی دیموکراتیک و میراتی قورسی پرسە ڕەگەزییەکان و هتد).
ناسیۆنالیزمی ئینجیلی دەربڕینێکی زۆر ناسکە لە ڕەگەزپەرستی سپی پێست یان باڵادەستی سپی پێست لە ژێر هەلومەرجی مێژوویی نوێدا. لە ناوخۆشدا کەمینە نەتەوەییەکان و کۆچبەران و ژنان و هەروەها گرووپە هاوڕەگەزخوازەکان بە ڕێگەی پاراستنی “ئازادی ئایینی” سەرکوت دەکات. لە ڕووی دەرەکییەوە لە ژێر ئاڵای “ئەمریکا یەکەم” هێرش دەکاتە سەر چەند بەرەیەک، وەک سیاسەت، سەربازی و بازرگانی. ناسیۆنالیزمی ئینجیلی کۆمەڵێک تایبەتمەندی و ڕێکاری تێکنیکی تەواوە بۆ کاروباری ناوخۆ و دیپلۆماسی و بەهاکانی.
بەسیاسیکردنی دراماتیکیی ئینجیلیزمی ئامریکایی تەنیا بابەتی پەیوەندییەکانی کلیسا و دەوڵەت نییە. ناسیۆنالیزمی ئینجیلی جۆرێکی سەردەمی نوێی ڕەگەزپەرستی نەریتی سپی پێستە: لە ڕێگای جەختکردنەوەی سیاسی بەرهەڵستکاری مەسیحی و پلەیەکی دیاریکراو لە بەسیجی نەتەوەیی؛ بەرهەڵستکاری ئینجیلی ئامریکی لە هێزێکی کۆنەپارێزی ئایینیەوە گەشەی کردووە و بووەتە فۆرمێکی تەواو لە ناسیۆنالیزم. ناسیۆنالیزمی ئینجیلی لە سەدەی بیست و یەکەمدا دەربڕینێکی نوێ بە حکوومەتی ئامریکایی (ناسیۆنالیزم) دەدات
سەرهەڵدانەوەی ناسیۆنالیزمی جوداییخواز
ناسیۆنالیزمی جوداییخواز کێشەیەکی درێژخایەنی تاڕادەیەک باو و ئاساییە کە ڕووبەڕووی وڵاتانی جیهان دەبێتەوە و مێژووەکەی نزیکەی هێندەی دەوڵەت-نەتەوە دوور و درێژە. لە سەرەتای دامەزراندنی دەوڵەتە نەتەوەییەکان لە ئوورووپای ڕۆژئاوا، کە بزووتنەوەی هەوڵدان بۆ جیابوونەوە لە دەوڵەتە نەتەوەییەکان هەبوو، هەرگیز نەوەستاوە. لە ژێر کاریگەری ڕوانگەی دەوڵەت- نەتەوەی “یەک نەتەوە، یەک دەوڵەت” لە ئەوروپای ڕۆژئاوا، ناسیۆنالیزمی جوداییخواز نەک هەر لە وڵاتانی پێشکەوتووی ئورووپایی و ئامریکادا ماوەتەوە، بەڵکوو کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر ژمارەیەکی زۆر لە وڵاتانی تازەپێگەیشتوو هەبووە. جا چ لە وڵاتانی پێشکەوتووی ئوورووپا و ئامریکا بێت یان لە وڵاتانی تازەپێگەیشتودا، ناسیۆنالیزمی جوداییخواز بە گشتی بەدواداچوونی سەربەخۆیی/ئۆتۆنۆمی خاک یان سیاسی (فەرهەنگی) دەکاتە ئامانج.
ناسیۆنالیزمی جوداییخواز لە سەدەی بیست و یەکەمدا جارێکی دیکە چالاک دەبێتەوە. جگە لە پاڵنەرە نەریتییەکان، ئەمە بە ڕوونی پەیوەستە بە کۆمەڵێک دەرئەنجامەوە کە گلۆبالیزاسیون هێناویەتە ئاراوە، وەک جەمسەرگیری نێوان دەوڵەمەند و هەژار، قەیرانی کۆچبەری (پەنابەران)، ئاسایش و ناسنامە. لە نێو تایبەتمەندییە جیاوازەکاندا، ناسیۆنالیزمی جوداییخواز، بەهۆی ناسیۆنالیزمی ئابووری یان خودگەرایی دەجووڵێتەوە، کە لە هەندێک ناوچەی بڕێک وڵاتی پێشکەوتوودا وەک سکاتلەند لە بەریتانیا، کاتالۆنیا لە ئیسپانیا و هەرێمی فلاندێرز لە بلژیکدا دیارە. لەم وڵاتانەدا شوناسی سیاسی و فەرهەنگی ئیتر پرسێکی گرینگ نییە (کە بە شێوەیەکی کاریگەر لە ڕێگەی پلەی بەرزی ئۆتۆنۆمی ناوچەییەوە کەم دەبێتەوە) و لە ئێستادا خودگەرایی ئابووری و شۆڤێنیزم بە شێوەیەکی سەرەکی بۆ کۆکردنەوەی هێزە یەکگرتووەکانی جیابوونەوە بەکاردەهێنرێت.
جگە لە پاڵنەرە ئابوورییەکان، بەدواداچوون بۆ ئەمنییەتی خۆ، پاڵنەرێکی گرینگی ناسیۆنالیزمی جوداییخوازیشە لە سەدەی بیست و یەکەمدا. جگە لەوەش بەجیهانیبوونی دیمۆکڕاسیش دوای حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو، شەرعییەت بە ناسیۆنالیزمی جوداییخواز دەبەخشێت. جا چ لە وڵاتانی پێشکەوتوو بێت یان لە وڵاتانی جیهانی سێهەم، “دیموکراتیزەکردن” و “حیزب سازی”، ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕن لە هاندانی بزووتنەوە جوداییخوازەکان.
پەرەسەندنی ناسیۆنالیزمی ئایینی لە جیهانی سێهەم
پەرەسەندنی ناسیۆنالیزمی ئایینی لە جیهانی سێهەمدا یەکێکە لە تایبەتمەندییە گرینگەکانی نێئوناسیونالیزم لە سەدەی بیست و یەکەمدا. زۆربەی وڵاتانی جیهانی سێهەم لە ماوەی مێژوویەکی تاڕادەیەک کورتی دەوڵەتداریدا لە دوو پرۆسەی بنیاتنانی دەوڵەتی نەتەوەیی و دیموکراتیزەکردندان. دوای چوونە ناو سەدەی بیست و یەکەم، بە ئیلهام وەرگرتن لە نموونەی ناسیۆنالیزمی ڕاستی توندڕەو و ناسیۆنالیزمی ئینجیلی بە تایبەتی لە وڵاتانی پێشکەوتوودا، ناسیۆنالیزمی ئایینی لە هەندێک وڵاتی گەشەسەندوودا پەرەی سەندووە وەک هیندستان (Zhou 2018a )، میانمار، سریلانکا (Zhou 2015 )، و سودان. لە پاکستان، و تورکیا. پارتە حوکمڕانەکان یان ئەرتەش، بە “ئایینی باڵادەست” دەستکاری زۆرینەی دانیشتوان دەکەن بۆ هاندانی هەستی ئایینی دەنگدەران (جەماعەتەکان) لە هەڵبژاردنە سیاسییەکان و پرسە گەورەکانی دیکەی ناوخۆدا کە ئەمەش دەبێتە هۆی گرژیی ئێتنیکی و ناسەقامگیری سیاسی لەناو وڵاتدا.
شایانی باسە کە ناسیۆنالیزمی ئایینی جیهانی سێهەم “ناتیڤیزمی باستانی” دەهێنێتە گۆڕەپانەکەوە لە هەمان کاتدا بیروباوەڕی ئایینی بۆ دروستکردنی “ئەوانی دیکە” بۆ داڕشتنی ناسنامەی نەتەوەیی بەکاردەهێنێت. بزوێنەری سەرەکی ناسیۆنالیزمی هیندوو، پارتی بەهاراتیا جاناتا (BJP) دەڵێت کە هیندووەکان هەزاران ساڵ لەمەوبەر لە هیندستان ژیاون: “نەتەوەی ڕاستەقینەی هیندستان” زیاتر لە هەزار ساڵ پێش ئەوەی موسڵمانان و کەمینە نەتەوەییەکانی دیکە “دەستدرێژی و کۆلۆنیالیزم” بکەن، وەک هێندستان بوونی هەبووە. ئەرکی بی. جەی. پی گەڕاندنەوە و پێشخستنی ئەم وڵاتە دێرینەیە بەرەو” یەک ڕەگەز، یەک گەل، یەک زمان، یەک ئایین، یەک کولتوور، یەک هیوا، یەک نەتەوە” ( Misra, 2000 ).
هەروەها ناسیۆنالیستە بوداییەکانی بۆرما خۆیان وەک “ئەربابەکانی کۆن”ی ئەم خاکە دەبینن و ڕۆهینیگیاکان بە بێگانە یان تەنانەت “کۆلۆنیالیست” دەزانن. دیارە ناسیۆنالیزمی ئایینی جیهانی سێهەم، ناسیۆنالیزمی نەریتی ئەوروپای ڕۆژئاوا بەرەو جەمسەرگیری پاڵدەنێت و لە هەمان کاتدا سوود لە بیرۆکەی “یەک نەتەوە، یەک گەل”ی خۆی وەردەگرێت.
تایبەتمەندییەکانی نێئوناسیۆنالیزم
بە بەراورد لەگەڵ ناسیۆنالیزمی نەریتی، نێئوناسیۆنالیزم تایبەتمەندی خۆی هەیە، لەوانە ئایدۆلۆژیا یان بەهاکانی پشتەوە، مەیدانی ڕوودان، کاراکتەری سەردەم، میکانیزمی پاڵنەر، کارکرد، شێوازی پەیوەندیکردن و نفووز(دزە). بزووتنەوە ناسیۆنالیستییە نەریتییەکان بە شێوازێکی سەرەکی، داوای “ئازادی”، “یەکسانی” و “دادپەروەری”یان دەکرد، و بەرژەوەندی و غروور و نیشتمانپەروەری نەتەوەییان لەگەڵ بەدواداچوونی “دادپەروەری” لە مەودایەکی فراوانتردا تێکەڵ دەکرد. نێئوناسیۆنالیستەکان لە سەدەی بیست و یەکەمدا بە ئاشکرا بەرژەوەندییەکانی خۆیان دەخەنە پێش بەرژەوەندی گرووپ و وڵاتانی دیکە و بە ئاشکرا وەک “ئامریکا یەکەم “و “هێندوو یەکەم” لە پێناو بەرژەوەندی خۆیاندا دەجووڵێن. ئەوان بە بردنە ژێر پرسیاری بنەماکانی بەها و دەستکەوتەکانی شارستانییەتی سیاسی کە هەن، “ڕاستی سیاسی” نکۆڵی لێدەکەن و تەنانەت بە ڕوونی بانگەشە بۆ شایستەیی و یاسای جەنگەڵیش دەکەن. ئەم جۆرە فڕێدانی بەهاکان، مەترسییەکی توند لەسەر کۆدەنگی نێودەوڵەتی و نەزمی سیاسی جیهانی دروست دەکات.
لە ڕوانگەی کاراکتەری سەردەمییەوە، بزووتنەوە ناسیۆنالیستییە نەریتییەکان بە گشتی لەگەڵ پێداویستییەکانی سەردەمی دەوڵەت-نەتەوەدا دەگونجان، و زنجیرەیەک دەوڵەتی نەتەوەیی مۆدێرنیان لێکەوتەوە کە بناغەی نەزمێکی نوێی نێودەوڵەتییان دانا. ناسیۆنالیزمی نوێ لەگەڵ دژە جیهانیبوون یان داماڵینی جیهاندا دەگونجێت و هەوڵدەدات سەردەمی دەوڵەتی نەتەوەیی بگەڕێنێتەوە بە وێرانکردنی حوکمڕانی سەروو نەتەوەیی لەسەر بنەمای دەوڵەتی نەتەوەیی (لەوانەش یەکگرتنی ناوچەیی و حوکمڕانی جیهانی)، بۆیە لە بنەڕەتدا بە پێچەوانەی ڕەوتی مێژوویی دەجووڵێت.
لە ڕووی میکانیزمی پاڵپێوەنەرەوە، ناسیۆنالیزمی نەریتی پشت بە نوخبەگەرایی دەبەستێت، لە کاتێکدا ناسیۆنالیزمی نوێ پەنا بۆ پۆپۆلیزم دەبات. ناسیۆنالیزمی نەریتی زیاتر “شۆڕشی سیاسی”یە بە ڕەنگی “شۆڕشی دیموکراسی”. نوخبەی ناسیۆنالیستی بەشێوەیەکی کاریگەر ئەو شۆڕشە سیاسییەی کە پرۆسەی مێژوویی و نەخشەی جیهانی (هەرێمی) دەگۆڕێت، داڕێژراو و کۆکردنەوە و پاڵپشتییان کردووە. لەبەرامبەردا نیئوناسیۆنالیزم زیاتر وەک جۆرێک لە بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی دەردەکەوێت. لەم بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەدا کە بە سەرانسەری جیهاندا بڵاوبووەتەوە، خەڵکی ئاسایی کە لە ژێر کاریگەریی هێزە ڕاستڕەوەکاندا بوون، پاڵنەرێکی گەورەیان لێداوە یان تەنانەت ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوەیان گێڕاوە.
لە ڕوانگەی کارکردییەوە، نێئۆناسیۆنالیزم بە گشتی نەرێنی بووە بەهۆی پاشەکشە لە ڕێنماییکردنی ئایدۆلۆژیا یان بەهاکانەوە. لە بزووتنەوەیەکی سیاسی دژە فێئۆداڵی و دژە تیۆکراتیکەوە بۆ سەربەخۆیی نەتەوەیی یان ئۆتۆنۆمی لە سەردەمی ناسیۆنالیزمی نەریتیدا گۆڕاوە بۆ ئامرازێک بۆ گەمەی حیزبی (سیاسی). لە بزووتنەوەی جوداییخوازیدا، ناسیۆنالیستەکان بەتایبەت لە وڵاتانی ڕۆژئاوا، تاڕادەیەکی زۆر لەبری چارەنووسی سیاسی و فەرهەنگی، هەوڵی زۆرترین بەرژەوەندی ئابووری دەدەن. لە بزووتنەوەی ڕاستی توندڕەودا ناسیۆنالیزم تەنیا ئامرازێکی دژە دامەزراوەییە بۆ بەدواداچوونی دەسەڵاتی سیاسی. لە بزووتنەوەی ئینجیلیدا، ناسیۆنالیزم بووەتە کاریگەرترین ڕێگا بۆ تڕامپی کۆمارییەکان بۆ گەڕان و پاراستنی دەسەڵاتی دەوڵەت. لە بزووتنەوەی ئایینی جیهانی سێیەمدا، ناسیۆنالیزم وەک گرینگترین ئامراز بۆ چەسپاندنی دەسەڵات و پارتی ئۆپۆزسیۆن بۆ دەستبەسەرداگرتنی دەسەڵات کاردەکات. لێرەوە گەشەسەندنی ناسیۆنالیزمی نوێ نەک هەر یەکگرتن و سەقامگیری سیاسی لەناو وڵاتانی پەیوەندیداردا تێکدەدات بەڵکوو تادێت نەزمی جیهانی هەبوو و ئاسایشی نێودەوڵەتیش دەخاتە مەترسییەوە.
لەسەر شێوازی پەیوەندیکردن، نێئوناسیۆنالیزم بە باشی سوود لە ئینتێرنێت و سۆشیال میدیا وەردەگرێت بۆ ئیندۆکترینکردنی ڕاستەوخۆی ڕووبەڕوو بۆ داڕشتنی بەهاکان لە نێو خەڵکدا، ئەمە جگە لە ئیندۆکترینکردنی ناڕاستەوخۆ و بڵاوکردنەوەی لە ڕێگەی میدیای کلاسیکە. لە ژێر ئەم شێوازەی پەیوەندیکردنەدا، جەماوەر وەک بڵاوکەرەوەی هۆشیار لە پێشەنگی نێئوناسیۆنالیزمدا مامەڵە دەکات. وردە وردە ئەو شێوازەیە کە نێئوناسیۆنالیزم دەتوانێت لە پارادایمی نوخبەیی ناسیۆنالیزمی نەریتی تێپەڕێنێت و هەست و شوناس و بانگەوازی ناسیۆنالیستی لە ڕێگەی بەشداری ڕاستەوخۆی جەماوەرەوە بۆ ئەوپەڕی گەورە بکات.
کۆڕ و گردبوونەوە و چالاکییە هاوپشتییە ئانلاینەکان بە ناوی جۆراوجۆرەوە، پرسە بەرزەکانی پیشەیی لە بوارە تایبەتەکاندا بۆ دانوستانە سیاسییەکان کردووە بە بابەتگەلێکی پۆپۆلیستیی کۆنترۆڵنەکراو. بۆ ئەوەی ڕاستەوخۆ و لە کاتی خۆیدا ئیلهامبەخش بن و وڵامی لایەنگران بدەنەوە، سەرکردە نێئوناسیۆنالیستەکان، یەکجار فرە گەشەیان کردووە و بوونەتە “وەستا”ی پۆپۆلیزمی نیشتمانی تەکنەلۆژیای بەرز بە بەکارهێنانی میدیای نوێ.
لە ڕوانگەی کارتێکەرییەوە، بزووتنەوەی نەریتی ناسیۆنالیستی زۆرجار لە وڵات و ناوچە تایبەتەکاندا سنووردارە. بەڵام نێئوناسیۆنالیزم، بەتایبەتی ناسیۆنالیزمی ڕاستی توندڕەو و ناسیۆنالیزمی ئینجیلی، ئامانج و چالاکییەکانی دەرەوەی وڵاتانی دیاریکراو دەگرێتەوە. بە حوکمدان لە بازنەی دزەکردن و کاریگەرییەوە، درێژبووەتەوە و بووەتە هۆکارێکی سەرەکی کە کاریگەری لەسەر نەزمی سیاسی ناوچەیی و تەنانەت جیهانی و ئاسایشی سیاسی هەیە.
لە کاتێکدا کە “وڵاتانی کێشەدار”ی ناسیۆنالیزمی نەریتی زیاتر پۆلێن دەکرێن بۆ جیهانی سێیەم، نیشانەکانی ناسیۆنالیزمی نوێ لە سەدەی بیست و یەکەمدا لە وڵاتانی ڕۆژئاوادا دەبینرێن، لەوانە ناسیۆنالیزمی جوداییخواز، ناسیۆنالیزمی ڕاستڕەوی توندڕەو و ناسیۆنالیزمی ئینجیلی لە ئێستادا. لە ڕاستیدا بوونی چالاکتری ناسیۆنالیزمی جوداییخواز و ناسیۆنالیزمی ئایینی لە جیهانی سێهەمدا لە سەدەی بیست و یەکەمدا لە پاڵپشتی و نیشاندان و پاڵنەری ناسیۆنالیزمە جۆراوجۆرەکان لە وڵاتانی ڕۆژئاوا دابڕاوە. نێئوناسیۆنالیزم بەرهەمی دژایەتی ئاشت نەکراوە لە نێوان تیۆری دەوڵەتی نەتەوەیی وڵاتانی ڕۆژئاوا، حوکمڕانی دەوڵەت و حوکمڕانی سەروو نەتەوەیی (لەوانەش تێکەڵبوونی ناوچەیی و گلۆباڵیزاسیۆن) کە وڵاتانی ڕۆژئاوا زاڵن بەسەریاندا.
دوای کۆتایی هاتنی بزووتنەوەی کۆلۆنیالیزم، ئەرک یان ڕۆڵی ناسیۆنالیزم بە گشتی نەرێنی بوو. لە ڕووی گوتارەوە، ناسیۆنالیزم بە هەمان شێوە بوو بە ئامرازێکی گرینگ بۆ ململانێ ئایدیۆلۆژییە ناوخۆیی و دەرەکییەکان. ماوەیەکی زۆرە وڵاتانی ڕۆژئاوایی هەمیشە بە مەبەست یان بێ مەبەست، ناوی “ناسیۆنالیزم”یان بە وڵاتانی تازەپێگەیشتووی جیهانی سێهەمەوە بەستووە، بۆ ئەوەی تیشک بخەنە سەر باڵادەستی “دیموکراسییە لیبراڵەکانیان”. بەڵام جێگای سەرسووڕمانە کە وڵاتانی ڕۆژئاوا خۆیان لە سەدەی بیست و یەکەمەوە کەوتوونەتە ناو نەخشەی دانراوی ناسیۆنالیزمی نوێ.
جگە لەوەش، نێئۆناسیۆنالیزم لە سەدەی بیست و یەکەمدا تایبەتمەندییەکی دیکەی جیاوازی هەیە: ناسیۆنالیزمە جۆراوجۆرەکان ئیلهامبەخشن و کێبڕکێ لەگەڵ یەکتر دەکەن، کاریگەرییەکی سەریەکخراو لەڕووی کاریگەرییەوە بەرهەمدەهێنن. بەم مانایە دەتوانرێت ناسیۆنالیزمی نوێ لە سەدەی بیست و یەکەمدا وەکو شلەمەنییەکی ئاڵۆزی ناسیۆنالیزم سەیر بکرێت.
ناسیۆنالیزمی نوێ و سیاسەتی شوناس
جگە لەو تایبەتمەندییانەی کە لە سەرەوە باسمان کرد، نێئوناسیۆنالیزم جۆرێکە لە سیاسەتی ناسنامەی چڕی بەرز. بۆ ماوەیەکی زۆر سیاسەتی ناسنامە بە ئاگاداری یان نائاگاهانە گرێدراوە بە بزووتنەوەی مافی مەدەنی و بزووتنەوەی فێمینیست و بزووتنەوەی مافی یەکسانی گرووپە هاوڕەگەزخوازەکان، کە لە ساڵانی شەست و حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا لە ئامریکا سەریهەڵدا. ئەمە بە بزووتنەوەیەک لە دژی سیاسەتی شارۆمەندی دادەنرێت کە خەڵکی لە یەک ڕەگەز، نەتەوە، نەژاد یان ئایینێکی دیاریکراو لە ڕووی سیاسییەوە لەگەڵ باڵی چەپدا یەکدەگرن بۆ ئەوەی بەرگری لە بەرژەوەندییەکانی خۆیان بکەن. بەڵام بە چاوخشاندنێک بە مێژووی دوورترەوە بۆمان دەردەکەوێت کە ئەوەی پێی دەوترێت سیاسەتی ناسنامە، لە بنەڕەتدا بەرهەمێکی ڕاستەوخۆی بزووتنەوەی دەوڵەت-نەتەوەیە کە ناسیۆنالیزم لە دوای چاکسازی سەدەی ١٦ەوە پشتی پێدەبەستێت. ئەگەر بزووتنەوەی بنیاتنانی دەوڵەتی نەتەوەیی “سنوور دیاریکردن بەپێی ئێتنیک” نەبێت سیاسەتی ناسنامە بە مانای مۆدێرن نەدەبوو. ڕێک ئەو هەڵسوکەوتی بنیاتنانی دەوڵەتی نەتەوەییە کە لەسەر بنەمای ناسنامەیەکی دیاریکراو دامەزراوە کە پێشڕەوی سیاسەتی ناسنامەیە. بە واتایەکی تر هێزی بزوێنەری سەرەکی سیاسەتی شوناس لە ناسیۆنالیزمەوە سەرچاوە دەگرێت کە بزووتنەوەی دەوڵەتی نەتەوەیی بەرەوپێش دەبات.
سیاسەتی ناسنامەی ناسیۆنالیزمی نوێ بە بەراورد لەگەڵ ناسیۆنالیزمی نەریتی جۆرێک لە تایبەتمەندی نیمچە بناژۆخوازانەی هەیە. ئەم بنەما بەها سەرەکییەکانی ناسیۆنالیزمی نەریتی و بەرچەسپی بنەڕەتی کۆمەڵگای پەروەردەکرا فڕێدەدات (Rose 2019 )، و هەندێک هۆکاری جەوهەری مەترسیدار و تەنانەت شێتانەی ناسیۆنالیزم لە سەردەمی نوێدا دەهێنێتە ئاستی توندڕەوی (Luo 2015 ).
جگە لەوەش لە ژێر ئاڵای فریودەرانەی پاراستنی خەڵکی ناوخۆ و گەڕانەوە بۆ ئایین و فەرهەنگی نەریتی، کاریگەری و دەوری تێکدەرانەی ناسیۆنالیزمی نوێ بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز بووەتەوە، چونکە ژمارەیەکی زۆر لە دەنگدەرانی وەسەت کە نە ناسیۆنالیستن و نە ڕەگەزپەرستن، لەناو ئەم ئۆردوگایەدا تێوەگلاون.
بەهۆی سنوورداربوونی فەزا، لێرەدا شیکارییەکی کورت بۆ ئەم جەختکردنەوە لە ڕێگەی نموونەیەکی ناسیۆنالیزمی ئینجیلییەوە دەکرێت.
دوای ئەوەی تڕامپ لە ساڵی ٢٠١٦دا بە سەرۆکی ئامریکا هەڵبژێردرا، پڕۆفیسۆر مارک لیلا لە زانکۆی کۆڵۆمبیا لە وتارەکەیدا کە لە ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزدا بڵاوکرایەوە، هیلاری بە “لەدەستدانی ئەو دیدە گەورەیە و خلیسکاندنە ناو ڕیتۆریکی فرەچەشن“ی تاوانبار کرد. ئاماژەی بەوەشکرد کە لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیدا هیلاری بەڕاشکاوی بانگەوازی بۆ دەنگدەرانی ئافریقایی-ئامریکایی، لاتین، ئێڵ.جی.بی.تی و ژنان کرد و چینی کرێکاری سپی پێست و ئەوانەی کە باوەڕێکی بەهێزی ئایینییان هەیە بەجێهێشت. لە ئەنجامدا دوو لەسەر سێی دەنگدەرانی سپی پێست کە بڕوانامەی زانکۆیان نەبووە دەنگیان بە ترامپ داوە، هەروەها زیاتر لە 80%ی ئینجیلییە سپی پێستەکان دەنگیان بە ترامپ داوە. “لەم ساڵانەی دواییدا لیبرالیزمی ئامریکایی خۆی خستە ناو جۆرێک لە ترس و دڵەڕاوکێی ئەخلاقی سەبارەت بە ناسنامەی نەژادی و ڕەگەزی کە پەیامی لیبرالیزمی شێواندووە و نەیهێشتووە ببێتە هێزێکی یەکگرتوو کە توانای حوکمڕانی هەبێت و هاودەنگی پێویست بۆ جێگرتنەوەی سیاسەتی ناسنامەیی لیبراڵ. (Leyla, 2018).
هەروەها فرانسیس فۆکویاما پرۆسەی سیاسی گرووپە پەراوێزخراوەکانی کۆمەڵایەتی کە داوای یەکسانی دەکەن لە سیاسەتی ناسنامەدا پۆلێن کردووە لە دوو لێکۆڵینەوەی گرینگی توێژینەوەییدا کە لە ساڵی ٢٠١٨دا بڵاوکراونەتەوە (Fukuyama, 2018). جیاوازییەکە ئەوەیە کە فوکویاما بە گشتی دژی سیاسەتی ناسنامە نییە و دەڵێت “هیچ شتێکی خراپ نییە لە سیاسەتی ناسنامەییدا؛ وڵامێکی سروشتی و حەتمییە بۆ نادادپەروەری. تەنها کاتێک هەڵە دەبێت کە بۆ خزمەتکردنی هەندێک مەبەستی دیاریکراو بەکاربهێنرێت” (Abrams 2019 ). چارەسەرەکە بریتییە لە پێناسەکردنی “ناسنامەی نەتەوەیی گەورەتر و یەکگرتووتر” (Fukuyama 2018 ) یان بەکارهێنانی “ناسنامەی نەتەوەیی لەسەر بنەمای باوەڕ” بۆ زۆرترین “بەستێنی هاوبەش لەنێوان شارۆمەنداندا” (Abrams 2019 )، بەجۆرێک کە سنووردارکردن و ڕێنماییکردنی هاووڵاتییان بەدیبهێنرێت.
بەڕوونی هەردوو لیلا و فوکویاما هۆکاری سەرهەڵدانی ناسیۆنالیزمی ئینجیلیی ترامپیان لەگەڵ ئینجیلییەکان بۆ سیاسەتی ناسنامەی کەمینەکان و چەپەکان گەڕاندەوە. بە بۆچوونی ئەوان، سیاسەتی ناسنامەی کەمینەکان یان گرووپە پەراوێزخراوەکان کە چەپەکان یان پێشکەوتنخوازان زاڵن بەسەریاندا هۆکاری سەرەکی لە پشت سەرهەڵدانی ناسیۆنالیزمی ئینجیلی یان سیاسەتی شوناسی سپی پێستەکانی تڕامپەوەیە. فوکویاما زیاتر چوارچێوەی ئەم تیۆرییەیەی لە سیاسەتی شوناس پەرە پێدا. ئەو پێی وابوو کە “ئارەزووی بەفەرمی ناساندن”، ڕۆڵێکی گەورەی بزوێنەری لە پرۆسەی مێژوویی گەشەسەندنی مرۆڤدا گێڕاوە. ئەمە دوو جۆری هەیە: “ئیزۆتێمیا” بریتییە لەو داواکارییەی کە لەسەر بنەمای یەکسان لەگەڵ کەسانی دیکەدا ڕێزی لێبگیرێت؛ و “مێگالۆتیمیا” خواستی ئەوەیە کە وەک باڵادەست بناسرێت. (Abrams 2019 ) یەکەمیان هێزێکی بزوێنەر دەدات بە لیبراڵ دیموکراسی، دووهەمیان مەترسییەکی گەورە لەسەر لیبراڵ دیموکراسی دروست دەکات. فوکویاما لە درێژەدا ئاماژەی بەوەدا کە لە جیهانی هاوچەرخدا سیاسەتی ناسنامە بووەتە چەمکی باڵادەست کە زۆربەی کاروباری نێودەوڵەتی ڕوون دەکاتەوە. تا ئەو جۆرە دیموکراسییە لیبڕاڵانە نەتوانن کار بکەن بۆ گەڕانەوە بۆ تێگەیشتنە گشتگیرترەکان لە کەرامەتی مرۆڤ، ئەوا خۆیان- و جیهان- مەحکوم دەکەن بە بەردەوامی ململانێ (Fukuyama, 2018).
شایانی باسە، لە ڕوانگەی زۆرێک لە زانایان لەوانەش فوکویاما، چ خەباتی کەمینەکان بێت یان گرووپە پەراوێزخراوەکان بۆ مافی یەکسان، یان “بەرخۆدان”ی گرووپە سەرەکییە سپی پێستەکان لە پێناو “یەکسانی” یان تەنانەت “باڵاتر”دا، هەردووکیان دەتوانن بچنە سەر “سیاسەتی ناسنامە”- تەنانەت پۆلێنکردنی یەکەمیان وەک “سیاسەتی ناسنامەی سەرەتایی” و دووهەمیان وەک “سیاسەتی ناسنامەی کاردانەوەیی”.
گومانی تێدا نییە کە ناسیۆنالیزم یان ڕەگەزپەرستی گرووپە سەرەکییە سپی پێستەکان، جۆرێکی تایبەتە لە سیاسەتی ناسنامە. بەڵام ئەمە بە هیچ شێوەیەک “بەئاگاهاتنەوەی هۆشیاری پاسیڤ و نەرێنی” و “خۆپاراستن” نییە وەک هەندێک لە زانایان دەڵێن، بەڵکوو لە ڕووی مێژووییەوە خۆئاگایییەکی قووڵی چەسپاوە.
لە ڕاستیدا لە ڕوانگەیەکی بۆماوەییەوە، سیاسەتی ناسنامەی ناسیۆنالیزمی سپی پێست یان ڕەگەزپەرستی ئیلهامبەخش بوو بۆ سیاسەتی ناسنامەی کەمینەکان و گرووپە پەراوێزخراوەکان، نەک بە پێچەوانەوە. بە وەرگرتنی ئامریکا وەک نموونە، ستەملێکراوی خەڵکی ڕەنگاوڕەنگ، بەتایبەتی ئامریکاییە ئافریقاییەکان و ژنان، لەلایەن ڕەگەزپەرستی و پیاوسالاری سپیپێستەکانەوە بەدرێژایی زۆربەی مێژووەکەی بەدی دەکرێت. لە ڕاستیدا ئەوە تەنیا سیاسەتی ناسنامەی سەرەتایی درێژخایەنە کە بووە هۆی بەرخۆدانی گرووپە کەمینەکان، واتە ژنان، کە بووە هۆی شۆڕشی مافە مەدەنییە سەرتاسەرییەکان لە ساڵانی شەستەکاندا. ستایسی ئابرامز، ژنە سیاسەتمەدارێکی ئافریقایی-ئامریکایی، پێیوابوو کە سیاسەتی ناسنامە لە خەباتی کەمینەکانی قوربانی هەڵاواردن و گرووپە پەراوێزخراوەکان دژی گرووپە سەرەکییەکان سەریهەڵداوە. بەم مانایە سیاسەتی شوناس هێندە لەلایەن چەپەکان یان کەمینەکان و گرووپە پەراوێزخراوەکانەوە دروست نابێت، ئەوەندە لەلایەن گرووپە سەرەکییەکانەوە سەپێنراوە. ئابرامز سیاسەتی ناسنامەیی وەک “ئامرازێک بۆ گرووپە چەوساوەکان بۆ خەباتکردن بۆ مافە دیموکراسییەکان و بەرگریکردن لە کەرامەتی یەکسان” سەیر دەکرد و پێیوابوو کە “خەباتی لەو شێوەیە بەهێزتر دەکات نەک هەڕەشە لە دیموکراسی بکات” (Abrams 2019 ). لە مێژووی ئامریکادا، ڕێک بەهۆی بەرخۆدانی چەپ و کەمینەکان و گرووپە پەراوێزخراوەکانەوەیە کە سیستەمی دیموکراسی و لیبڕاڵی ئامریکایان بەرەو پێشەوە برد و لە کۆتاییدا “باوەڕی ئامریکایی”یان بە مانا مۆدێرنەکەی هێنایە ئاراوە (Sides et al. 2019 ).
سیاسەتی ناسنامە بریتییە لە “فۆرمێکی سیاسی کە خزمەت بە داواکاری ناسنامەیەکی دیاریکراو دەکات، یان ناسنامەیەکی دیاریکراو وەک ڕچاوکردنی سەراتی و تەنانەت پێوەرێکی سیاسیش وەردەگرێت، یان بەهۆی دەربڕینی خودی شوناسێکی دیاریکراوەوە دەجووڵێت” (Tan, 2020 ). خەباتی خۆڕاگری چەپەکان و کەمینەکان و گرووپە پەراوێزخراوەکان هەندێک تایبەتمەندی سیاسەتی ناسنامەی هەیە، بەڵام وەک سیاسەتی ناسنامەی گرووپە سەرەکییەکان نییە. یەکەمیان هەوڵدەدات بۆ هەمان “مامەڵەی یەکسان” وەک گرووپی زۆرینە و بزووتنەوەی سیاسی ئاڕاستەکراوی یەکگرتن بە شێوەیەکی تایبەت وڵاتەکە دادپەروەرتر و گشتگیرتر دەکات. دووهەمیان بەدوای “یەکسانی” یان تەنانەت “باڵادەستی” خۆپێناسەکراودا دەگەڕێت، بە مەبەستی گۆشەگیری یان تەنانەت دەرکردن نەک ئاسیمیلەکردن. لە ڕووی ئایدۆلۆژیا و بەهاکانەوە، سیاسەتی ناسنامەی کەمینەکان و گرووپە پەراوێزخراوەکان لە ژێر سەرکردایەتی چەپدا، سەرنج دەخاتە سەر لیبرالیزم و یەکسانیخوازی و پێشکەوتنخوازی، لە کاتێکدا سیاسەتی ناسنامەی گرووپە سەرەکییەکان زۆرجار دەکەوێتە سەر ناسیۆنالیزم و تەنانەت ڕەگەزپەرستی. دیارە ئەمە لە ئامریکادا دەرکەوتووە، چ لە مێژوودا و چ لە واقیعدا.
بە تایبەت جێگای سەرنجە کە ناسیۆنالیزمی ئینجیلی لە سەرووی تایبەتمەندییە گشتییەکانی سیاسەتی شوناسییەوە تایبەتمەندییەکانی “سیاسەتی ئیمان”ی هەیە. هەرچەندە ئامریکا لە مێژە بانگەشەی ئەوە دەکات کە “دیموکراسییەکی لیبڕاڵی سێکۆلار”یە، بەڵام مەسیحییەت هەرگیز لە پرۆسەی سیاسی دوور نەکەوتووەتەوە (Zhou, 2014 ). بۆ ماوەیەکی زۆر لە دوای جەنگی جیهانی دووهەم، لە ترسی هەژمۆنی لیبرالیزم، هێزە کۆنەپەرستە سیاسییە مەسیحییەکان لە ژێر باڵی کۆنەپەرستییدا دەژین. لە حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا، بزووتنەوە ڕاستڕەوە ئایینییەکانی ئامریکا هەوڵیان دا کەڵک لە کۆنەپارێزی و بەرهەڵستکاری وەربگرن بۆ “جەنگی فەرهەنگی توند و درێژخایەن”، بەڵام بەهۆی سروشتی “لیبراڵ”ی کۆنەپارێزی و بەرهەڵستکاری ئامریکاییەوە سەرکەوتوو نەبوون. تا سەرهەڵدانی “ڕاستی جێگرەوە” لە ساڵی ٢٠١٠، دواجار ڕاستی ئایینی هاوپەیمانی بەهێزی دۆزییەوە کە دەتوانن لە کۆنەپارێزی نەریتی ڕزگاریان بێت و لە هەمان کاتدا بەرانبەر چەپی پێشکەوتنخوازانە بوەستن.
ئینجیلییە تەواو سیاسییەکان بڕبڕەی پشتی ڕاستی ئایینی پێکدەهێنن. ڕاستی ئایینی ئینجیلی هەم ڕەنگی ناسیۆنالیزمی سپی پێستی هەیە و هەم تایبەتمەندی بەهێزی سیاسەتی ئیمانی هەیە، کە ناسیۆنالیزمی ئینجیلی زیاتر تایبەت دەکات.
ناسنامەی مرۆڤ پرۆسەیەکی “سروشتی” یان خۆبەخۆ نییە، بەڵکوو “ئەنجامی پراکتیکی سیاسییە لە سنوورە تایبەتەکاندا” و “دەرکەوتنێکی کارایی دەوڵەتی مۆدێرن”. بە سیاسەتکردنی بەردەوام و هەمەلایەنەی ناسنامەی دامەزراوەکان یان گرووپە سەرەکییەکان ڕەنگە ببێتە هۆی پەراوێزخستنی زیاتری کەمینەکان و گرووپە لاوازەکان و لەوەش جددیتر، دابەشبوون و پشێوی توندی هەموو کۆمەڵگا و تەنانەت داڕمانی دەوڵەتی هەبوو.
“کاتێک دەوڵەتی هەنووکەیی دەڕووخێت، پێوەندی نێوان گرووپە نەتەوەییەکان هاوشێوەی پێوەندی دەوڵەت دەبێت لە سیستەمێکی نێودەوڵەتیدا: گرووپە نەتەوەییە جیاوازەکان یەکتر دەخۆن بۆ خۆپاراستن لەگەڵ نەمانی جیاوازی نێوان بەسیجی ئێتنیکی بەرگریکار و هێرشبەرانە” (Ge, 2016 ). تا ئەو کاتە دەوڵەت پاشەکشەی دەکرد بۆ “کۆمەڵگایەکی جەنگەڵی”. ئەمەش جددیترین دەرئەنجامی سیاسەتی ناسنامەی دامەزراوەکان یان گرووپە سەرەکییەکانە.
بۆیە پێویستە وریایی و ڕەنگدانەوەی بەرز لەسەر پرسی سیاسەتی ناسنامە لەسەر دامەزراوەکان یان گرووپە سەرەکییەکان بێت. سەبارەت بە عەقڵ، تەنیا سیاسەتی ناسنامەیی دامەزراوەکان یان گرووپە زۆرینەییەکان، ئاراستەیەکی بەرزی بۆ ناسیۆنالیزم و تەنانەت ڕەگەزپەرستی هەیە و زۆر وێرانکەرتر بۆ وڵاتێکی دیاریکراو و تەنانەت نەزمی سیاسی جیهانیش لە سیاسەتی ناسنامەی کەمینەکان و گرووپە پەراوێزخراوەکان لە ژێر سەرکردایەتی چەپەکاندا. ئەمەش نەک هەر بەو کارەساتە سەختە مێژووییانەی کە بەهۆی ناسیۆنالیزمەوە دروست بووە، سەلمێنراوە، بەڵکوو دەتوانرێت لە هەڕەشەکانی ئێستای ناسیۆنالیزمدا بەدی بکرێت، لەوانەش هەڕەشەی ناسیۆنالیزمی ئینجیلی بۆ سەر نەزمی ناوخۆیی و دەرەوەی ئامریکا، هەڕەشەی ڕاستی توندڕەو بۆ سەر نەزمی ئووروپایی، و مەترسی گەورەی (جیهانی سێهەم) ناسیۆنالیزمی ئایینی لەسەر ئاسایشی وڵات و ناوچە ناوخۆییەکان.
ڕەوتەکانی ناسیۆنالیزمی نوێ
لە کاتێکدا کە نێئۆناسیۆنالیزم لە ڕەوتی گشتیدا پێکەوە پێشدەکەوێت و پاشەکشە دەکات، بەڵام چوار فۆڕمە تایبەتەکەی تا ڕادەیەک لە ئاراستەی گەشەکردندا جیاوازن.
ناسیۆنالیزمی ڕاستی توندڕەو و ناسیۆنالیزمی ئینجیلی لە مێژووی دەوڵەتە نەتەوەییەکانی ڕۆژئاوا و لە مێژووی حوکمڕانی بەناو “دیموکراسی” و سەروو نەتەوەیی، بابەتی گرنگییەکی زۆریان هەیە. بوونی ئەوان ئەوەمان بۆ دەردەخات کە لیبراڵ دیموکراسی ڕۆژئاوا ناتوانێت پرسی نەتەوەیی (نەتەوەگەرایی) یەکجارەکی و بۆ هەمیشە چارەسەر بکات. “مێژوو زۆر دوورە لە کۆتایی” لەسەر پرسی ناسیۆنالیزم. سەرهەڵدانی ناسیۆنالیزمی ڕاستی توندڕەو و ناسیۆنالیزمی ئینجیلی ڕەنگدانەوەی کەموکوڕییە سروشتییەکانی دەوڵەتە نەتەوەییەکانی ڕۆژئاوا و دیموکراسییە لیبراڵەکان و مۆدێلی حوکمڕانی ڕۆژئاواییە کە لە دوای جەنگی جیهانی دووهەمەوە زاڵ بووە و بە ناوەندی ڕۆژئاوایی زاڵ بووە و بە ئایدۆلۆژیای نیولیبراڵ و فەرهەنگی بەکارهێنەر و کۆمەڵایەتی دیاری کراوە.
ناسیۆنالیزمی ڕاستی توندڕەو و ناسیۆنالیزمی ئینجیلی سنوورە نەتەوەییە هەبووەکان نکۆڵی لێناکەن یان پرسیاریان لێناکەن، بەڵکوو ناسیۆنالیزم لە ژێر هاندەری بزووتنەوە سەروو نەتەوەیی وەک گلۆبالیزاسیۆن و ئیدغامی ناوچەییدا لێکدەدەنەوە. لە کاتێکدا کە دان بە شەرعییەتی سنوورە نیشتمانییەکانی ئێستادا دەنێن، پێیان وایە ئاسایشی سنوورە نیشتمانییەکان کەوتۆتە ژێر هەڕەشەی دانیشتوانی نایەکسانەوە کە بەهۆی لێشاوی کۆچبەران و دۆخی ئێستای حوکمڕانی سەروو نەتەوەییەوە دروست دەبێت (Eger et al. 2015 ).
ڕۆژئاوا شوێنی لە دایکبوونی ناسیۆنالیزمە. وڵاتانی ڕۆژئاوا پێشەنگی دەوڵەتە نەتەوەییەکانن. سەدان ساڵە باجێکی مێژوویی گەورەیان داوە بۆ دەستەمۆکردنی ناسیۆنالیزم. لە ناوەڕاستی سەدەی بیستەمەوە لیبرالیزمی (دیموکراسی) وڵاتانی ڕۆژئاوا لە بنەڕەتدا چارەسەری کێشەکانی ناسیۆنالیزمی نێوان وڵاتان و هەموو جۆرە ناسیۆنالیزمێکی ناو وڵاتەکانی کردووە.
لە سەدەی بیست و یەکەمدا، پرسەکانی بەرژەوەندی (کار و خۆشبژیوی)، ئاسایش (تیرۆریسم) و ناسنامە (فەرهەنگی و دەروونی) لە وڵاتانی ڕۆژئاوادا لە ژێر کاریگەریی یەکگرتووی قەیرانی قەرزداری ئورووپا و قەیرانی دارایی و قەیرانی پەنابەراندا یەکتریان گرتووە. ئەم جۆرە کارلێککردنە دەگمەنانە بە سەختی ئەو نەخشە سیاسی و ئیکۆلۆژی سیاسییەی کە لە دوای جەنگی جیهانی دووهەمەوە پێکهاتووە، هەژاندوویە و لاوازی کردووە. بەم مانایە ناسیۆنالیزمی ڕاستی توندڕەو و ناسیۆنالیزمی ئینجیلی تەنیا بەرهەمی سەرمایەداریی لیبڕاڵ نین. ئەوان کۆمەڵێک ڕووداویان هەیە وەک مەرجی پێویست، لەوانە دابەزینی ئابووری، خراپی تێکەڵبوونی کۆچبەران و قەیرانی پەنابەران. بۆیە پێشبینی دەکرێت لەگەڵ بووژانەوەی وردە وردەی ئابووری وڵاتانی ڕۆژئاوایی و زیادبوونی تێکەڵبوونی کۆچبەران، بەتایبەتی کەمبوونەوەی وردە وردەی قەیرانی پەنابەران، ناسیۆنالیزمی ڕاستی توندڕەو و ناسیۆنالیزمی ئینجیلی کەمتر دەتوانن کاریگەرییان لەسەر ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی وڵاتانی ڕۆژئاوا هەبێت بەهۆی لاوازبوونی بناغەی کۆمەڵایەتی بە شێوەیەکی بەرچاو هەبێت.
لە بەرانبەردا ناسیۆنالیزمی جوداییخواز ئالنگارییەکی درێژخایەنە بۆ وڵاتانی ڕۆژئاوا. لە سەدەی بیست و یەکەمدا ناسیۆنالیزمی سەربەخۆییخوازی ڕۆژئاوا مەیلێکی گەشەسەندوو بۆ ناسیۆنالیزمێکی خۆپەرستانە و ئابووری سەربەخۆ نیشان دەدات. سەرەڕای ئەوەش، سەرچاوە ئابوورییەکان و دەسەڵاتەکان کە دەتوانرێت لە حکومەتی ناوەندی بگوازرێنەوە، تادێت سنووردار دەبن. بە لەبەرچاوگرتنی سیستەم و میکانیزمە دیموکراتییە حزبییەکان و میکانیزمەکانی سیاسەتی نێوان نەتەوەکان (Zhou 2018b )، ئەستەمە بۆ وڵاتانی ڕۆژئاوایی کە ڕوانگەی دەوڵەت-نەتەوەیی ڕەگداکوتاوی “یەک نەتەوە، یەک دەوڵەت”یان هەیە، کۆت و بەندەکانی ناسیۆنالیزمی جوداییخوازانە لە داهاتوویەکی نزیکدا هەڵبشێوێنن.
بەهۆی ئەو داخوازییە ئاڵۆزانەی لە سیاسەت و فەرهەنگ و ئابووریدا هەیە، ناسیۆنالیزمی جوداییخواز لە وڵاتانی جیهانی سێهەمدا بە بەراورد لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژئاوا چڕتر و ئالنگارییەکی گەورەترە. لەم وڵاتانەدا، بەدواداچوون بۆ دابڕان یان سەربەخۆیی، “چارەی خۆنووسین”ی سیاسی و فەرهەنگی پاڵپشتە و خۆسەروەری و ئابووری سەربەخۆ پشتیوانیی لێدەکرێت. لە پڕۆسەی دووانەی بنیاتنانی دەوڵەتی نەتەوەیی و دیموکراتیزەکردندا، زۆربەی ئەو وڵاتانە تووشی ناسەقامگیری سیاسی دەبن و جارجارە تووشی دەستێوەردانی ژیئۆپۆلیتیکی زلهێزە گەورەکان دەبن.
لە نێو جۆرە جیاوازەکانی ناسیۆنالیزمدا، لە هەموویان کێشەدارترینیان ناسیۆنالیزمی ئایینی وڵاتانی جیهانی سێهەمە. ئەم وڵاتانەی کە مرۆڤە ئایینییەکان زاڵن بەسەریاندا، لە ڕۆژئاواوە فێری ناسیۆنالیزم بوون، بەڵام فێری ستراتیژی و حیکمەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ناسیۆنالیزمدا نەبوون. بۆ ئەوەی یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی و یەکێتی دەوڵەتە نەتەوەییەکان درووست بکەن، پێدەچێت تاکە سەرچاوەیەک کە دەتوانن سوودی لێ وەربگرن، ناسیۆنالیزمی ئایینی زۆر تایبەت بێت. بەڵام ناسیۆنالیزمی ئایینی لە هەمان کاتدا کە ناسنامەی نەتەوەیی دروست دەکات گرووپە ئایینی و نەتەوەیی و فەرهەنگییە جیاوازەکانی ئەو وڵاتانە دابەشدەکات. جگە لەوەش لەژێر کاریگەری حیزبایەتی و سیاسەتی هەڵبژاردندا، پارتە ناسیۆنالیستە ئایینیەکان لە هەندێک وڵاتدا زۆرجار ڕووداوەکانیان لە ناوچەکانی دەوروبەر وروژاندووە کە بووەتە هۆی دروستبوونی گرژی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و تەنانەت ئاسایشی ناوچەکەشی خستووەتە مەترسییەوە.
زۆری دەوێت تا ناسیۆنالیزمی ئایینی لە وڵاتانی جیهانی سێهەمدا پاشەکشە بکات. وڵاتانی ڕۆژئاوا وەک “مامۆستا ڕێزدار”ی دەوڵەتە نەتەوەییەکان، پێویستە پێشەنگ بن لە چارەسەرکردنی کێشەکانیان لە ناسیۆنالیزمی نوێی خۆیان.
ئەنجام
لە ڕووی مێژووییەوە، ناسیۆنالیزم، دەوڵەتی نەتەوەیی بە مانا مۆدێرنەکەی هێنایە ئاراوە و وەک هێزی سەرەکی پێکهاتنی سیستەمی جیهانی مۆدێرن کاری کردووە. بەم مانایە بێگومان نوێنەرایەتی هێزی پێشکەوتنخوازانە دەکات. بەڵام پێویست ناکات بڵێین ناسیۆنالیزم کارەساتی بێ وێنەی لەم پڕۆسە مێژووییەدا بەدوای خۆیدا هێناوە. دەسەڵاتی وێرانکەری گەورە زنجیرەیەک ڕووداوی گرتۆتەوە، لە شەڕە ئایینییە بەرفراوانەکان و ئازارە ئاینییە بێکۆتاکانەوە لە دوای چاکسازی لە سەدەی ١٦ تا دوو جەنگی جیهانی لە نیوەی یەکەمی سەدەی بیستەمدا کە سەدان ملیۆن کەسی کوشت و پاکتاوکردنی دانیشتووان و تەنانەت ژینۆسایدی دواتر لە زۆرێک لە وڵاتانی تازەپێگەیشتودا هەموویان بە هێزی ناسیۆنالیزمەوە ڕژاون. بۆ دەستەمۆ کردنی ناسیۆنالیزم کە کارەساتی گەورەی بەسەر مرۆڤایەتیدا هێنا، وڵاتانی ڕۆژئاوا پێشەنگ بوون لە دامەزراندنی سیستەمێکی نوێی ڕێسا نێودەوڵەتی (ناوخۆییەکان) لە دوای جەنگی جیهانی دووهەم: یەکەم: داڕشتنی نۆرمەکانی نێودەوڵەتی بۆ دوورکەوتنەوە لە ناسیۆنالیزم لە نێوان وڵاتان، وەک جاڕنامە لە نەتەوە یەکگرتووەکان، کە دیاری دەکات کە “هەموو وڵاتان، گەورە و بچووک” یەکسانن، و پێشێلکردنی سەروەری وڵاتانی دیکە قەدەغە دەکات؛ دووهەم: دامەزراندنی سیستەمێکی یاسایی نێودەوڵەتی مافەکانی مرۆڤ بۆ خۆپاراستن لە ناسیۆنالیزم، بەتایبەتی ڕەگەزپەرستی، لەناو وڵاتێکدا، کە ئەوە ڕوون دەکاتەوە کە “هەموو مرۆڤەکان لەدایک دەبن بە ئازادی و یەکسان لە کەرامەت و مافدا” و “هەر دەوڵەتێکی ئەندام لەم کۆنفرانسەدا بەڵێن دەدات کە ڕێزگرتن و دڵنیابوون لە هەموو تاکەکانی ناو خاکەکەی و مسۆگەرکردنی ئەو مافانەی لەم ڕێککەوتننامەیەدا دانیان پێدانراوە، بەبێ جیاوازی بە هیچ جۆرێک، وەک نەژاد ڕەنگ، ڕەگەز، زمان، ئایین، سیاسی یان بۆچوونی دیکە، نەتەوەیی یان بنەچەی کۆمەڵایەتی، دارایی، لەدایکبوون یان پێگەی دیکە”.
بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی کاریگەر ڕێگری لە زیانەکانی ناسیۆنالیزمە جۆراوجۆرەکان بکرێت لە ناوخۆ و دەرەوە، نەتەوە یەکگرتووەکان بە دەزگا پەیوەندیدارەکانییەوە، هەروەها دامەزراوە و سیستەم و میکانیزمی وەک ئەنجومەنی ئاسایش و دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان و تۆمەتی نێوان دەوڵەتانی و قبووڵکردنی سکاڵای تاکەکەسی.
دوابەدوای دامەزراندنی نەتەوە یەکگرتووەکان و سیستەمی نێودەوڵەتی مافی مرۆڤ، زۆربەی وڵاتانی ڕۆژئاوا چوونەتە سەردەمی بەناو سەردەمی لیبراڵ دیموکراسی. یەکێک لە تایبەتمەندییە سەرەکییەکان ئەوەیە کە هەڵوێستێکی بێلایەن لەمەڕ پرسە نەتەوەییەکان دەگرنەبەر و ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی خەڵک بەگوێرەی ئەو ماف و ئازادییە مەدەنییانەی لیبرالیزم بانگەشەیان بۆ دەکات ڕێکدەخەن. زانایانی ڕۆژئاوایی ئەم پرۆسەیە بەم شێوەیە کورت دەکەنەوە: “سەرکەوتنی لیبرالیزم بەسەر ناسیۆنالیزمدا”. تا ئێستا پێدەچێت وڵاتانی ڕۆژئاوایی بە تەواوی لە کۆت و بەندەکانی ناسیۆنالیزمی سەد ساڵەیان لەرزۆک کردبێت و لە هەموو ڕوویەکەوە دەستیان کرد بە هەنگاونان بەرەو سەردەمی “دەوڵەتی مەدەنی” کە لیبرالیستەکان تامەزرۆی بوون.
لە ڕوانگەیەکی ترەوە، دامەزراندنی بیرۆکە و سیستەمی دەوڵەتی شارمەندی، ئەوەش نیشانەی ئەوەیە کە سیاسەتی ناسنامەی سەد ساڵەی دوای چاکسازی دەست دەکات بە کۆتایی هاتنی. لەو کاتەوە پێدەچێت لە دونیای ڕۆژئاوادا نازناوی “دەوڵەتی کاتۆلیک”، “دەوڵەتی پرۆتێستانی”، “دەوڵەتی مەسیحی”، “دەوڵەتی سپی”، یان “دەوڵەتی ئەنگلۆساکسۆن” نەبێت. ئەم وڵاتانە لەبری ئەوە نازناوێکی نایابیان دەبوو- “دەوڵەتی مەدەنی” یان “دیموکراسی لیبڕاڵ”. تەنانەت فوکویاما دوای کۆتایی هاتنی شەڕی سارد بە گەورەیی سوێندی خوارد کە ئەم مۆدێلە لە دیموکراسی لیبڕاڵ بخاتە جیهان.
لە سەدەی بیست و یەکەمدا، “دەوڵەتی ناسیۆنالیستی شارمەندی” کە وڵاتانی ڕۆژئاوایی لە دوای جەنگی جیهانی دوهەمەوە بە زەحمەت بنیاتیان ناوە، دەستی کرد بە لەرزین و تەنانەت وەرچەرخان لە ژێر کاریگەریی یەکگرتووی چەندین هۆکار، لەوانەش کاریگەرییە نەرێنییەکانی بەجیهانیبوون، شەپۆلی پەنابەران بە لەشکرکێشی یان دەستێوەردانی ڕاستەوخۆی زلهێزەکان و لادانێکی وردە وردەی هێزە لیبڕاڵ و چەپەکانی کلاسیک. لە ئامریکا، مەسیحییە ئینجیلیەکان کە نزیکەی چارەکێکی کۆی دانیشتوانی پێکدەهێنن بە شێوەیەکی توند بە سیاسی کراون، ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی بزووتنەوەیەکی ناسیۆنالیستی ئینجیلی کە ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر سیاسەتی ناوخۆیی و دەرەوەیی ئامریکا هەیە. لە ئوورووپای ڕۆژئاوای زۆر سیکۆلاردا، هەستی دژە کۆچبەری (دژە پەنابەر) و دژە یەکێتی ئوورووپا دەبنە ئامرازێکی بەهێز بۆ کۆکردنەوەی خەڵکی ناوچەکە، بەتایبەتی کۆنەپارێزانی سپی پێست و کرێکارانی پشتوێن ژەنگاوی. ناسیۆنالیزمی ڕاستی توندڕەو لە وڵاتانی ئوورووپای ڕۆژئاوادا بە خێرایی بەرز و بڵاو بووەتەوە. لە هەمان کاتدا، بزووتنەوە جوداییخوازەکان کە هێشتا وەسواسیان بۆ “یەک نەتەوە، یەک دەوڵەت” هەیە، هیچ نیشانەیەکی کەمبوونەوەیان نییە، بەڵکوو باڵی ئیگۆی ئابووری و تەردگەراییان زیاد کردووە.
لە کاتێکدا ناسیۆنالیزم و تەنانەت ڕەگەزپەرستی لە وڵاتانی ئوورووپا و ئامریکادا پەرەی سەندووە، ناسیۆنالیزم بە ناوی جۆراوجۆر لە هەندێک وڵاتی “جیهانی سێهەم”دا گەشەی کردووە کە هەمیشە “لە ڕۆژئاواوە فێربوون”. جێگەی نیگەرانی تایبەت ناسیۆنالیزمی ئایینییە لە هیندوستان و میانمار، کە ناسنامەی دەوڵەت یان نەتەوەیی نەک هەر پێویستی بە ناسینەوە لەگەڵ بەها یان ڕەگەز، زمان و فەرهەنگێکی دیاریکراو هەبووە، بەڵکو پێویستی بە هیندوو یان بودایییەکی دڵسۆز بووە. ئەمەش بە تەواوی ئەوە دەردەخات کە ناسیۆنالیزمی ئایینی زۆر تایبەتمەندە.
ئەنیشتەین (Viereck 1929 ) دەڵێت: “ناسیۆنالیزم نەخۆشییەکی کۆرپەیە، سوورێژەی مرۆڤایەتییە”. ڕۆبێرت ساپۆلسکی بە قووڵی ناڕەحەت بوو لە بەشداربووانی مەعریفی لە ناسیۆنالیزمدا، ئاماژەی بەوەدا کە “پێدەچێت مرۆڤەکان لە ڕووی سەر بە گرووپییەوە زۆر لە شامپانزە دوور نەبن: ئەوان ئاسوودەن لەگەڵ ئاشناکان و بە غەریزەیی بەرەنگاری نامۆکان دەبنەوە. بۆ زاڵبوون بەسەر ئەمەدا، ڕێگەی پێچەوانە پێویستە” (Leyla 2016 ).
لە قۆناغێکی گرینگدا بۆ گەشەسەندنی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی، ژمارەیەکی زۆر لە کێشەکان، پێویستیان بە چارەسەرکردن یان سووککردنە لە ڕێگەی هەوڵە هاوبەشەکانی هەموو وڵاتانی جیهان. بەڵام دیمەنێکی وەهامان بینی: وڵاتانی ڕۆژئاوا وەک “سەرکردە”ی دیموکراسییە لیبراڵەکان لە گێژەڵووکەی ناسیۆنالیزمدا گیریان خواردووە و هەندێک وڵاتی جیهانی سێهەمیش کە گەشەیەکی باشیان هەبووە، هەروەها لە پاژنەی ئەو وڵاتەدان.
لەوەش نیگەرانکەرتر ئەوەیە کە بەجیهانیبوون کە لە ئێستاوە ناجێگیرە و شێوازی کاراکردنی داهاتووی پەیوەندیدار بە یەکتری مرۆڤەکان لە سەرانسەری جیهاندا لە نێوان پەتا جیهانییەکەی کۆڤید-١٩دا ڕووبەڕووی ئاستەنگی توندتر دەبنەوە. ئەمڕۆ له سەدەی بیست و یەکەمدا، پرسێکی سەڕەکی نیگەڕانی جیهانی، ئەوەیه که ئایا دەوڵەته نەتەوەکانی مۆدێرن که له لایەن ڕۆژئاواوه نوێنەڕایەتی دەکرێت دەتوانن به دەسەڵاتی وێرانکاری گەوره و ئینێرسی مێژوویی به ڕز خۆیان له کێشه و پەیوەندییەکانی ناسیۆنالیزم ڕزگار بکه ن، واته زاڵبوون به سەڕ“ نه خۆشی کۆرپەڵانه ” لە ناسیۆنالیزم و دەربازبوون لە دووڕیانێکی مەعریفی “شامپانزە”.
ئەم وتارە وەرگێڕانەکە لە:
The origins, characteristics and trends of neo-nationalism in the 21st century, Shaoqing Zhou, International Journal of Anthropology and Ethnology 6, Article number: 18 (2022)