ناسیۆناڵیزمی ڕۆژانە (Everyday Nationalism)
چۆن ڕۆژانە نەتەوە ئەنجام بدەین
نەتەوەی کورد پێویستە ڕۆژانە ڕووبەڕووی نەتەوە ببێتەوە، هەمیشە بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش، بە جۆرێک کە بیرۆکە و ئایدیاڵەکانی نەتەوەبوونمان پێدەگەیەنێت. ناسیۆنالیزم پێویستە ڕۆژانە وەک هێزێکی بەهێز بچێتە قووڵایی ژیانی ڕۆژانەمان، نەک تەنها لە ساتەکانی ‘گەرم’ی ململانێ یان قەیرانەکاندا، بەڵکوو لە پەیوەندییە بەربڵاوەکانی ڕۆژانەی ناسنامە و مێژوو و بەهاکانیشدا. ژیان ئەبێ ڕەنگدانەوەی ئەوە بێت کە هەموو پڕۆسەکان، بەردەوام گێڕانەوەی گرینگی سەربەخۆیی بن و هەروەها ڕەنگدانەوەیان لە زمان و دیمەن و فەرهەنگ و پێوەندی کۆمەڵایەتی و هەڵسووکەوتی ڕۆژانەدا و بە ‘ئاڵاکردنی’ ناسنامە نەتەوەیی بێت بۆ هاووڵاتیان و شارۆمەندانی کوردستانی، گێڕانەوەیان بۆ بکرێت، بە سێناریۆ بکرێن، پراکتیزە بکرێن، و ببن بە چالاکی و کێبڕکی و ئالنگاری تاکەکانی نەتەوەی کورد.
ناسیۆناڵیزمی ڕۆژانە بۆ نەتەوەی کورد، پێویستە، بچێتە نێو پڵاتفۆڕمەکانی سۆشیاڵ میدیا، ئەو دامەزراوانەی وا ئێستا تاکەکانی نەتەوە تێیدا نیشتەجێن، کارلێکەکانی ڕۆژانە، پێکهاتەکانی گوتار و وێژمان و ئایدیۆلۆژی هەر لە بنەماڵە تا تەواوی ڕەهەندەکانی کۆمەڵگا و هەر لە منداڵی تا پیری مرۆڤی کورد بە شێوازی سۆزداری و عەقڵانی.
ناسیۆناڵیزمی ڕۆژانەی کورد پێویستە سەرنج بخاتە سەر هێماکان، سەر ناسنامەی نەتەوەیی، سەر گێڕانەوەکان، سەر داینامیکی دەروونی تاک، سەر کەسایەتی کۆمەڵایەتی، سەر ئەو گوتارانەی کە ژیانی ڕۆژانە درووست دەکەن، و بێت بە فۆڕم و قاڵبی ژیانی ڕۆژانە و هێوا و پێویستی و بەڕژەوەندی تاکەکانی نەتەوەی کورد.
ناسیۆناڵیزمی ڕۆژانە پێویستە ببێت بە خاڵی دەسپێک و کۆتایی بۆ مانا بەخشین بە ژیان لە فەزا و زەمەن و قسە و کردەوە، لە سەرنج و پاڵنان و ڕاکێشان، بۆ شەرعییەتدان بە ژیان.
ناسیۆناڵیزمی ڕۆژانە پێویستە لە کات و شوێن و ئیمکان، بەردەوام بەرنامەدار بکرێت، نەخشەی زەینی و دەروونی بۆ دابنرێت و بەناسنامەی مەعریفی بکریت بۆ وڵامدانەوە بەم پرسیارە کە: “چۆن شارۆمەندانی نەتەوەی کورد، ڕۆژانە، نەتەوە ئەنجام دەدەن؟” لە ڕووی چۆنییەتی دەربڕینی نەتەوە، من کێم، ئێمە کێین، جیاوازی نەتەوەییمان چین، کامانەن، چۆن چاو لە نەتەوەمان بکەین، چۆنییەتی خستنە ڕووی خۆمان، خودی ئێمەی کورد و ئەویدی ناخودی ئێمە، بەدیهێنانی وێنەی نەتەوەمان لە جیهانی نەتەوەکان، مانا ڕەمزییەکانمان، توخمە جیاوازەکانمان، دەزگای مرۆڤیی کوردستانی، چە کەردەن، و هتد.
بڕوانە بۆ:
From Banal to everyday Nationalism, Daniel Hammett, 2021
Banal and everyday Nationalism in Children`s mundane and instutional Lives, Zsusza Millei, 2021
Everyday Nationalism, Eleanor Knott, 2016