ویستم بێژم پیرۆز نەوێت بەڵام
گرفتە گەورەکە لەوەدایە کە لێکداونەوەی دژبەرانی کوشتن لە سەر شەرەفیش، بە ئەندازەی مێشکی بکووژەکان کۆنەو ناتوانن بە پێی زانستی سەردەم و تێگەیشتن لە ئاڵۆزیەکانی جیهانی نوێ، خوێندنەوەی بۆ بکەن. هیچ ژنێک و هیچ ڕێکخراوەیەکی ژنان، هەوڵی “تواناسازی پیاوان”ی نەداوەو تەنیا دژایەتی پیاو دەکات، هەرگیز باسی ئەوە ناکرێت کە ژنان، خۆیان چەندە تاوانباری ئەو حاڵەتەن، “ئەسڵی دەسەڵاتی پیاو”، بە تەواوی نابەنە ژێر ڕەخنەو پرسیارو تەنیا بابەتیانە، لێی دەڕوانن، وەک فیلەکەی مەولانا لە تاریکیدا، هەرکەسەو کێشەکە لەو سۆنگەوە دەبینێت کە دەستی پێداهێناوەو هیچکەس وێنا گەورەکە سەیر ناکات، نازانن کە “ئالوودەبوون بە فەرهەنگی داسەپاو”، ئەنجامەکەی دەبێت بە “جینایەت بە هۆکاری شەوق”، هەرگیز نەمدیوە، داکۆکیکارێکی مافی ژن، خوێندنەوە بۆ “سێکوچکەی ترس و شەرم و سترێس” بکات، دەروونناس و دەروونشیکارو دەروونپزیشک، تا ئێستەیشی لەگەڵدا بێت نازانن “ڕەوانپەریشی کۆمەڵایەتی” و “خەلەلی سترێسی حاد”و “بێهەستی سۆزدارانە”و “خەلەلی کەسایەتی سنووری” چین و چ کاریگەرییەکیان لەسەر کوشتنی نامووسی هەیە، هیچ کۆمەڵناسێک، باسی ئەوە ناکات کە “مێنتالیتەی کولتوورێک کە بە وڕاوە بەهێز بووە، دەتوانێ ببێتە هۆکاری ڕوانگەی مەترسیدار”، تێگەیشتنی درووست لە “پاڵنەرەکان” بوونی نییە، هیچ داکۆکیکارێکی مافی ژن، بە وردی لێیناکۆڵێتەوە کە بۆچی کوشتنی شەرەف، بەئەنقەستە، بیری لێکراوەتۆ و بە تەواوی بەرنامە بۆداڕێژراوە، تا ئێستا نەمبیستووە هیچ ڕێکخراوەیەکی ژنان، پێناسەی “سێندرۆمی پیاوی گەنج” بکاتن بڵێ ڕکابەری بۆ شانازی و جێگەوپێگەو داهاتوو، چۆن برایەکی گەنج بەرەو کوشتنی شەرەف، ڕێنوێنی دەکات، هیچ لێکۆلەرێک، جوابی ئەم پرسیارە ناداتەوە بکوژەکان، بۆچی پەشیمان نابنۆ و بۆچی کۆشتن بە کردەی شەرافەت دەزانن.
تاکوو ئێستا بیستووتانە ئەم هەموو ڕێکخراوەی ژنان و ئەم هەموو داکۆکیکارە، تەنانەت یەکجاریش باسی “پازێڵی تەواوکەر” بکەن کە چۆن سێ تیکەی “شەرافەت” و “شەرم” و “نەنگ”، پازێڵی پاڵنەری کوشتنی نامووسی تەواو دەکەن و براو باوک بەرەو جینایەت دەبەن؟
بەڵێ، ژنانیش ڕۆڵیان هەیە لە قەتلی نامووسی و ئەمە زانست و لێکۆڵینەوە، نیشانی داوە. کوا شتێک، نووسینێک، یاداشتێک، لەم بارەوە بە پێوەری زانستی سەردەم؟
تا ئێستا چیکراوە بۆ چارەسەر کردنی ئەم پرسە کە “بنەماڵەی خۆبە بێ ئابڕووزان، لە مەترسی دوورخستنەوە لە کۆمەڵگایەو هۆکارەکەی فەرهەنگی جیهانی لە حاڵی گەشەی تۆرە کۆمەڵایەتییەکان؛دایە.
٭٭٭٭
ژن تا ئێستەیش لە هەموو گۆی زەوی ئۆبژەی مەیلی جینسییە، مافی یەکسانیی نییەو توندوتیژی دژ دەکرێ. ئامریکا ئەگەر هەر ئێستا دەست بە یەکسان سازی بکات ۱۳۰ ساڵ دەخایەنێت تا بگاتە ئامانج، لە ئاڵمان، ساڵانە ۱٤٦ کەس بە هۆکاری نامووس لە لایەن شوو یان شەریکی ژیان، بە بێدەنگی دەمرن، بە واتا هەر پەنج ڕۆژ دوو ژن؛ کوشتنی شەرەف لە بەریتانیا لە هەڵکشاندایەو لە کانادا، وەک مەترسی بەردەم گەشەو داهاتوو، سەیر دەکرێت. کوردستانیش لەم دەردە بێبەش نییە بەڵام جیاوازییەکە ئەوەیە ئەوان تەواوی فیلەکە دەبینن و خوێندنەوەی بۆ دەکەن و پسپۆڕانە بۆی دەڕوانن بەڵام ئێمە، وەک سیاسەتەکەمان، وەک حکوومەتداریمان، وەک هەموو شتێکمان، وەک خەبات و بزووتنەوەی رزگاریخوازیمان، بە گۆترەو لە گۆترە، هەر ئەیشێلین.
٭٭٭٭
ژنان پێویستیان بە یەک شۆڕش هەیە، بەوەی کە هەر ڕۆژێکی ساڵ، بکەن بە ڕۆژی خۆیان و بەڕای من، ئەم شۆڕشە، لە یەک چەمکدا، دەتوانێت کۆتایی بە هەڵاواردن و توندوتیژی و ستەم و کوشتنی شەرەف بێنێت:
گلۆبالیزمی ژن
ویستم بێژم ڕۆژی ژنان پیرۆز نەوێت لێتان بەڵام دیسانەوە نەمتوانی ئەو بەشە بچووکەتان لێناخۆش بکەم کە ۳٦٤ ڕۆژی هی ئێمەیەو ڕۆژێکیشی بۆ ئێوەی ژنان.
هەشتی مارستان پیرۆزە بە دڵێکی شادو دڵێکی خەمگین…..
Women Globalization
وێنە:
Tummy Nukku- Matti Heiniemi