پۆپۆڵیزم و چارەسەر
پۆپۆڵیزم، کۆمەڵگا دابەشدەکات بە سەر دوو گرووپی هاوسان و دژبەر، گەلی ڕاستەقینەو ئەویدی گەندەڵ، ڕەسەن بەرانبەر دوژمنانی گەل، بیرمەندی ئایدیۆلۆژیست و بژاردەی فاسد.
بۆ سیستەمی پۆپۆڵیست، هەر نووسەرێک، هەر ڕۆژنامەنووسێک، هەر چالاکێکی سیاسی یان کۆمەڵایەتی، ڕەخنە لە ڕێبەری باڵا بگرێت، جێگەو پێگەی ڕێبەری وەک مرۆڤی باڵاو خودا قبووڵ نەبێ، خەریکی هەوڵدانی ناشەرعییە بۆ لاواز کردنی گەل؛ پۆپۆڵیست بەردەوام لە تەقالای نیشاندانی گەل و ڕێبەرە وەک دوو ڕووی یەک دراو.
سیستەمی پۆپۆڵیست و فەرمانبەرە فەرمی و نافەرمییەکانی -باشترە بڵێین بڵیندگۆکانی- دژە ئێلیت و دژە مێدیاو دژە ڕاستی و دژە حەقیقەتن، وەکوو بەندبێژەکان، یەک ڕستەو یەک بەند دووپات دەکەنەوەو هەرگیز تازە نابنەوە، بۆیان نییە نوێ ببنەوە.
سیستەمی پۆپۆڵیست، پرۆپاگەندە دەکات، درۆ دەکات، جوێن ئەدات، بوختان ساز دەکات و ئەم کارە لە ڕێگای کویلەکان و مووچەبگیرەکانی بە ئەنجام دەگەیەنێت، هیچ سنوورێک ناناسێت بۆ درۆ و پرۆپاگەندەو بێڕێزی و لەم بوارەدا هەمیشە نوێیەو بەردەوام، هۆگرانی خۆی تازە دەکاتەوە.
سیستەمی پۆپۆڵیست، هەر جۆرە حەقیقەتێک کە ناڕاستی و ناشیرینییەکانی ئەو پیشان ئەدات وەک بەشێک لە پیلانی “بژاردەی ڕەش” پێناسە دەکات کە گوایە بۆ تێکدانی ئیرادەی گەل، خەریکی چەواشەن لە حاڵێکدا خۆی کارخانەی بەرهەمهێنانی ڕۆژانەی چەواشەو فریو و گەورەسازییە لە هیچ.
سیستەمی پۆپۆڵیست، بێئەخلاقە، هیچ سەرمەشقێکێکی دیاریکراوی بۆ ڕچاوکردنی مۆڕاڵیتە نییە، چەمکسازی چەواشەکارانە دەکات و بە ئەنقەست، متمانەی گشتی، لەرزۆک دەکات، بە درۆ، بە تەشهیر، بە پرۆپاگەندە، بە بۆختان؛
سیستەمی پێکهێنەری ئەو هەمیشە سەدە و لایەنی بەرانبەری ئەو هەمیشە سیفر، بگرە ژێر سیفر.
سیستەمی پۆپۆڵیست، مامۆستای شۆردنەوەی مێشکە، سەرەتا مێشکی قوربانییەکانی خۆی؛ فەرق ناکات خوێندەوار بێت یان نەزان، دواتر شۆردنەوەی مێشکی جەماوەر؛ هەرکەس کە مێشکی شۆردراوە، خودییەو ئەوەی نەچێتە ئەو قەڵەمڕەوە، ئەویدی ناخودی ناپاکی دژی گەلە.
٭٭٭٭
یەکێک لە هەرەسەرکیترین بەرنامەکانی سیستەمی پۆپۆڵیست “لاگیری ستراتژیک”ە، لە سەر ئەساسی “کردەی ئایدیۆلۆژیک”، بە “ناسنامەی دەمارگرژی ئایدیۆلۆژیک”، کەڵکوەرگرتن لە هەموو کەرەستەکانی پرۆپاگەندەو ورووژاندن، بەکارهێنانی دڕۆ و بوختان، خودی “خێر”ی ڕەها بە ناوی گەل و ئەویدی نەیاری دوژمنی “شەڕ” بە ناوی تاقم و دەستە؛ “لاگیری هۆشیارانەی ستراتژیک”، بەرچەسپ ساز کردن، پاڵدانەوە بە ئایدیۆلۆژی بە ناوی هاوسەنگی، لە ڕێگای ساز کردنی “ئەرتەشی تڕۆ کردن”، “ئەرتەشی پ.پ.ج (پۆپۆڵیسم، پڕۆپاگەندە، جوێن) و….
٭٭٭٭
بەڵام ڕێگاچارەی ڕووبەڕووبوون لەگەڵ سیستەمی پۆپۆڵیستی چییە؟
هەڵەترین کار ئەوەیە بچیتە شەڕی بەچکەو بێچووی بەرهەمی ئەم سیستەمە، فەرق ناکات نەزان بێت یان نوخبە؛ زانست و ئەزموون ئێژی، ئەوە دڵخواستی پۆپۆڵیزمە؛
چارەسەر تەنیا یەک ڕێگایە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی پۆپۆڵیزم و ڕووخاندنی سیستەمەکەی:
دەبێ بدەی لە سەری سیستەمەکە، لە تەپڵەسەری، بە شێوازی خۆی،
ئانجا ئەو شێرە بەفرینە، بە هاسانی دەتوێتەوە….