پێویستی شوناسی کاریگەر
لە ڕوانگەی کارڵ ڕۆجێرز، کەسایەتی مرۆڤ لە “شوناسی واقیع” و “شوناسی خوازرا” یان “خودی واقێع” و “خودی ئایدیال” پێکهاتووە. خودی واقێع، تۆیت بە بەسەرهات و ڕابردوو و بوونی تۆ وەک ئەوەی کە هەیت و خودی خوازراو، ئامانج و خواست و خولیاکانی تۆیە کە ئەتەوەێ بە چی ببی. لەوانەیە بتوانین باس لە “خودی وێنا”یش بکەین کە ئاوێتەیەکە لە شوناسی واقێع و شوناسی خولیا کە تێکەڵە وێنایەکە لە بوونی من و دەسکەوتی من و ئامانجی من و خواستەکانی من.
شوناسی واقێعی کورد لە ڕوانینی سیاسیدا، هەڵگری لەتبوون، چەوسانەوە، داگیرکاری، سەرکوت و کارەساتی یەک لە دوای یەک بووەو بە ئاشکراو بە شارەوە، کاریگەری لە سەر تاک و کۆی کورد داناوەو ئەم بەسەرهاتە وەک تڕۆمایەک، پێوە دیارە.
شوناسی خولیای کورد وەک خواست و ئامانج، لە ژێر کاریگەری شوناسی بوون بەڵام، فرەجۆرەو
کۆمەڵێک کەس و کەسایەتی دروست کردووە کە پێناسەی جیاوازیان بۆ ژیانی سیاسی هەیە و بەو پێیەش، ڕەفتاری سیاسی تایبەت بە خۆیان دەردەبڕن کە شوناسی وێنای تایبەتیان پێدەبەخشێ.
ئەوەی کە لێرەدا گرینگە هەوڵدانە بۆ ئەوەی کە چۆناوچۆن و لە چ ڕێگایەک -بە هزرو بە کردەوە- بتوانرێ قەناعەتپێهێنانێک بخولقێندرێ کە یەکبوون لە هەمان فرەیی بەرهەم بێنێت و وێنای یەکپارچە درووست بکات. لێرەدایە کە پێویستی چەمکێکی دیکە دەبینرێت لە ژێر ناوی “شوناسی کاریگەر” (Effective Identity).
پێویستی هەنووکەیی ئێمە، شوناسی کاریگەرە….
ت.ب گرینگ: ئەم نووسراوە خوێندنەوەی منە لە تیۆری کارڵ ڕۆجێرزو لەوانەیە نوقسانی تێدا بێت.
بڕوانە بۆ:
Carl Rogers Humanistic Theory