پەنج قۆناغی داڕمان
دیمیتری ئۆرلۆڤ بەم شێوازە باسی قۆناغەکانی داڕمان دەکات:
قۆناغی یەکەم: داڕمانی دارایی
باوەڕ بە “بازرگانی وەک هەمیشە” لەدەست دەچێت. چیتر وا گریمانە ناکرێت کە داهاتوو لە ڕابردوو بچێت بە هیچ شێوەیەک کە ڕێگە بدات مەترسی و ڕیسک هەڵسەنگێندرێت و سەروەت و سامانی دارایی گارانتی بکرێت. دامەزراوە داراییەکان تووشی وەرشکستبوون دەبن؛ پاشەکەوتەکان دەسڕدرێنەوە و دەستڕاگەیشتن بە سەرمایە لەدەست دەچێت. هەڵاوسانی گەورە کۆمەڵگا تووش دەکات، بێکاری دەگاتە لووتکە، ئابووری دەکەوێت، هەموو سیستەمی ئیداری، دەچێتە قۆناغی قەرزداری گەورە و ئیفلاس، گەشەی ئابووری بەرەو سیفر و ژێر سیفر دەڕوات، و چیدیکە هیچ مێکانیزمێکی ئابووری کار ناکات.
قۆناغی دووهەم: داڕمانی بازرگانی
ئەو بڕوایەی یاسای بازاڕ کە “بازاڕ دابین دەکات” لەدەست دەچێت. دراو دادەبەزێت یان کەم دەبێتەوە، کاڵاکان کۆدەکرێنەوە و ئەوەی ماوە بە تەمای سبەی گرانتر، هەنبار دەکرێت، زنجیرەکانی هاوردەکردن و فرۆشتن دەشکێن و دەکەونە دەست تاقم و مافیا، ئابووری ڕەش باڵادەست دەبێت و کەمبوونی بەرفراوانی پێداویستییەکانی بژێوی دەبێتە دیاردەی نۆرم و ئاسایی.
قۆناغی سێهەم: داڕمانی سیاسی
ئەو بڕوایە کە “حکومەت ئاگاداری تۆ دەبێت” لەدەست دەچێت. لەگەڵ ئەوەی هەوڵە فەرمییەکان بۆ کەمکردنەوەی لەدەستدانی بەرفراوانی دەستڕاگەیشتن بە سەرچاوە بازرگانییەکانی پێداویستییەکانی مانەوە، شکست دەهێنن لە گۆڕانکاری، دامەزراوە سیاسییەکان شەرعییەت و پەیوەندیدارییەتی و متمانە لەدەست دەدەن، هیچکەس وڵامدەر نییە، کێبرکێی گەندەڵی دەبێتە باو، بەرتیل دەبێتە نۆڕم و هەرکەسێک دەبێتە پارێزەری بەڕژەوەندییەکانی تاک و تاقم و دەستە و گرووپی خۆی، سازمانی نافەرمی، کۆنترۆڵی تەواو بە دەست دەگرێت، خزمەتگوزاری گشتی فەشەل دەهێنێ، درۆ دەرمانی و پڕۆپاگاندا دەبێتە سیاسەتی گشتی و دواجار، فەرمانی ڕەمەکی و پێوەندی غەریزی زاڵ دەبێت بە سەر هەموو جۆمگەکانی ژیان.
قۆناغی چوارەم: داڕمانی کۆمەڵایەتی
ئەو بڕوایە کە “گەلەکەت ئاگاداری تۆ دەبێت” لەدەست دەچێت. وەک دامەزراوە کۆمەڵایەتییە ناوخۆییەکان، جا چ ڕێکخراوە خێرخوازییەکان بن، سەرکردەکانی کۆمەڵگا بن، یان گرووپەکانی تر کە پەلە دەکەن بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی دەسەڵات، سەرچاوەکانیان تەواو دەبێت یان لە ڕێگەی ململانێی ناوخۆییەوە شکست دەهێنن.
قۆناغی پەنجەم: داڕمانی کولتووری
بڕواداری بە چاکەی مرۆڤایەتی لەدەست دەچێت. مرۆڤەکان توانای خۆیان لەدەست دەدەن بۆ “میهرەبانی، بەخشندەیی، ڕچاوکردن، سۆز، ڕاستگۆیی، بەزەیی، خێرخوازی، خێزانەکان هەڵدەوەشێنەوە و مرۆڤەکان، وەک تاکێک کێبڕکێ لەسەر سەرچاوە کەمیابەکان دەکەن. دروشمی نوێ دەبێتە “با ئەمڕۆ تۆ بمری تا من سبەی بمرم.”
ئۆرلۆڤ هاوکات ئاماژە بە چەند خاڵ دەکات:
یەک: مەرج نییە هەموو قۆناغەکان یەک بە دوای یەکدا ڕوو بدەن.
دوو: لەوانەیە قۆناغەکان هاوتەریب ڕوو بدەن.
سێ: قۆناغەکان پێوەندیدارن پێکەوە و هەر قۆناغێک، قۆناغەکانی دیکە خێراتر دەکاتەوە.
چوار: قۆناغەکان بە شێوازی تاڤگەیی ڕوودەدەن و ڕووخێنەرانە، کاریگەری لە سەر ئەوانیکە دادەنێن.
پەنج: حکوومەتەکان، هەڵە بە هەڵە قەرەبوو دەکەنەوە.
شەش: مۆدێلی تۆپەڵە بەفر، دواجار، دەبێتە هۆکاری داڕمان….
بڕوانە بۆ:
The five Stages of Collapse, Dmitry Orlov, 2013