زمانی یەکگرتوو و شوبهاندنی زاراوەکان بە زمان
پەنج هەنگاوی مرۆڤ داماڵینەری تۆتالیتاریزم
یەک: “ریشارد لگوتکو” لە کتێبی “شەیتان لە دێمۆکڕاسی، وەسوەسەکانی تۆتالیتەر لە کۆمەڵگای ئازاد” باسی ئەوە دەکات کە وێکچوونیکی سەیر هەیە نێوان دێمۆکراسی و سیستەمی تۆتالیتەر بە جۆرێک کە کۆمەڵێ دروشم و پرۆپاگەندەو خوێندنەوەی هەڵە -بە نەزانی یان ئەنقەست- دەکرێت بۆ ئەتۆمی کردنی کۆمەڵایەتی، فەردی کردنی ڕادیکاڵ، گۆشەگیر کردن، تێکدانی پێوەندی کۆمەڵایەتی و درۆی گەورەی دێوەزمەیی.
دوو: پەنج هەنگاوی مرۆڤ داماڵێنەری تۆتالیتاریسم بریتین لە:
خولقاندنی سیاسەت و ئامرازی سیاسی بۆ بڵاوەپێکردنی ترس و دڵەڕاوکێ،
ڕەتکردنەوەی نەرم،
ڕەتکردنەوەی ڕەق،
پاساوی بە زڕەبەڵگەو زڕە دۆکۆمێنت،
وێران کردنی کۆمەڵایەتی و فیزیکی
سێ: کەڵکوەرگرتن لە دێمۆکڕاسی بۆ پێکانی مەبەستەکانی تۆتالیتەر، یاری کردن لە نێو مەیدانی پاوانخواز، هەوڵدان بۆ ئەتۆمی کردنی کۆمەڵایەتی و فەردی کردنی ڕادیکاڵ، گۆشەگیر کردن و تێکدانی پێوەندی کۆمەڵایەتی و درۆی گەورەی دێوەزمەیی لە ڕێگای لێدان لە زمانی یەکگرتوو، لە ڕێگای بە زمان شوبهاندنی زاراوەو بن زاراوەکانی زمانی کوردی، و هەوڵدان بۆ ترازاندنی زمانی کوردی وەک کۆڵەکەی نەتەوەیی، هەروەها مەغڵەتەکردن وەک ئەمرێکی دێمۆکڕاتیک، نموونەگەڵێکن بۆ ئەو باسە کە چۆن بە ناوی دێمۆکڕاسی، خزمەت بە ئامانجەکانی پاوانخواز دەکرێت.
چوار: درووست کردنی ترس کە گوایە لە کوردستانی داهاتوو تووشیاری فاشیزمی زمانی دەبین، ڕەتکردنەوەی نەرم وەک ستەملێکراو پیشاندانی ئاخێوەران بە زاراوەو بن زاراوەکان و بە دێو کردنی زاراوەی سۆرانی، تاوانبار کردنی هۆگرانی زمانی یەکگرتوو لە قاڵبی فاشیست و تاکڕەو وەک ڕەتکردنەوەی ڕەق، زڕە دۆکۆمێنت و زڕەهۆکارو زڕەبەڵگەی بێ بنەما هاوردنەوە وەک شوبهاندنی کوردستان و زاراوەکان بە وڵاتانی فرە زمان -ئەویش بە دەستی ئێلیتێکی ئاکادەمیک-، یان وێکچوون ساز کردن نێوان کوردستان و مێترۆپۆلەکان، یان شوبهاندنی پێوەندی سۆرانی و بن زارەکان بە لاساییکردنەوەی ئێرانشاری و ئاتاتیسمی تورک، نموونەگەلی ئەو هەنگاوانەن کە وەک هەنگاوەکانی مرۆڤ داماڵێنەری سیستەمی پاوانخواز بەکار دێن.
پەنج: ئاشکرایە کە تۆتالیتەر لە قۆناغێکدا، چیدیکە پێویستی بە دەستێوەردانی دەرەکی نامێنێت و بە دەروونی کردنەوەی خۆی لە ناخی داگیرکراو، لە قوربانیانی خۆی کەڵک وەردەگرێت بۆ سەقامگیر کردنی خۆی.
ت.ب: دوو پیلانی “سووکایەتی بە کەسایەتیەکانی کورد بەتایبەت پێشەوا قازی محەمەد”و هەروەها بەزمان شوبهاندنی زاراوەو بن زاراوەکان و دژایەتی زمانی یەکگرتوو، دوو دەیە پێش ئێستا، بەرنامەی بۆ داڕێژراوەو کەسی دیاری ئەم پیلانە وەک کارگێڕ، “ئێحسان هووشمەند”ە.
the Dynamics of insitutionalized dehumanazation
