سێ میحوەری چوارچێوەی ئەخلاقی بریتین لە:
باوەڕمەندی بە بەهای ژیانی مرۆڤ،
چ جۆرە ژیانێک شایەنی مرۆڤەو،
ئەو کەرامەتەی کە دەیدەین بە خۆمان،
بە ڕوانین بەم سیانە، ئەتوانین ئاوڕێک لە خۆمان وەک نەتەوەی کورد بدینەوە کە ئەگەرچی خەباتێکی گەورەمان بۆ ئازادی کردووە بەڵام کەمتر گرینگیمان بەم بنەما ئەخلاقییانە داوە.
کەمتر گرینگیمان داوە بە بەهای ژیانی مرۆڤی کوردو بە شێوازێک، وامانلێهاتووە کە گوایە بۆ مردن درووست کراوین نە بۆ ژیان، ڕاهاتووین بە کوژران و بە گوێرەی پێویست، کوژرانی ڕۆژانەمان، ڕامانناچڵەکێنێت. گوایە هەموومان بەو قەناعەتە گەیشتووین کە “بەرخی نێر بۆ سەربڕینە”.
لە مێحوەری دووهەمداو ئەوەی کە شایانی چ ژیانێکین و بژاردەی چۆنییەتی ژیان کە هەموو هەڵبژاردن و کردارەکانمان دەگریتەوە، ئەگەرچی زۆر هەوڵمانداوە بۆ ژیانێکی شیاوی مرۆڤ، بەڵام نرخاندنی ئازادی و سەروەری لە لای ئێمە، لەوانەیە بە ئەندازەی نرخی ئازادیی نەبووە بۆیە هێشتا نەتەوەیەکی ژێر دەستەو ژێر دەسەڵاتی داگیرکەرانی کوردستانین، و لەو کەرامەتەی کە دەیدەین بە خۆمان و چۆنییەتی هەستکردن بە ڕۆڵ و سوودی خۆمان بۆ شۆێن و جێگەمان لە پلانێکی گەورەتردا، کەرامەتمان بە خۆمان نەداوە.
ئێمە ئیرادەمان هەبووە، بەڵام پێویستە زیاتر بیر لە کوالیتی ئیرادە (the quality of the will) بکەینەوە. هەر لەبەر ئەمەشە، لە هەندێک حاڵەتدا، داواکارییەکانی پلە دوومان گۆڕیوە بە داواکارییەکانی پلە یەکمان، واتە ئازادی و سەربەخۆیی.
ڕەنگە بوونناسیەکی نوێی مرۆڤی کورد پێویست بێت کە بەرەو ئاستێکی بەرزتری هەڵسەنگاندنی بەهای ژیانی کورد و چۆنیەتی ژیان و ئەو کەرامەتەی بۆ خۆی دەیناسێت و دەیبەخشێت ڕێنمایی بکات بۆ هەبوون و سازماندانێکی نوێ بە زەینی خۆ و عەقڵی خۆ و ئامانجی خۆ.
لەوانەشە تەنانەت ئازارە مێژووییەکانمان وایکردبێت کە بە ئەنقەست هۆشیاریمان لەبیر بکەین لەو پلەبەندییەی کە لە یارییەکەدا هەیە بۆ ئەوەی ئەو هەڵسەنگاندنەی بۆ خۆمان دەیکەین ئارامی زیاترمان پێببەخشێت.
ئێمە بۆ ئەوەی دووبارە لە شوناسەکەمان تێبگەین، بۆ شوناسێکی مۆدێرن، پێویستمان بە “دیمەنی مانا” (landscape of meaning)ی نوێ هەیە تاکوو بەسەر شکاندن و پارچەپارچە بوون، بەسەر پەرشوبڵاوی و دژایەتی، یان خۆگەمژەکردن زاڵ بین.
پاشان دەتوانین بەدوای تەواوی و یەکڕیزیدا بگەڕێین…..
بۆ خوێندنەوەی زیاتر:
Dr. Gordon E. Carkner, Charles Taylor and the Late Modern Search for Identity, 2019
چوارچێوەی ئەخلاقی و پرسی شوناس
August 29, 2022
2 Mins Read
135
Views