ڕۆژهەڵات- باشوور- ئێران و ترۆمای هەڵبژێردراو
یەکێک لە پاڵنەرە بەهێزەکانی کاردانەوەی توندوتێژانە، هەڵسووکەوتێکە کە گرووپێک لە دژی سووکایەتیپێکردن نمایشتی ئەکەن.
سووکایەتی پێکردن کاتێک کە دەبێت بە لێدانی “شوناسی قوربانی” لە بەستێنێکی سیاسیدا، دواتر دەبێت بە کاتالیزۆری توندوتیژی و دواجار، تەقینەوەیەک لە توندوتیژی ڕادیکاڵ درووست دەکات کە بەستێنەکەی نەفرەتەو قوربانی، چیدیکە بیر لە عەقڵ ناکاتەوە یان عەقڵەکەی دەخاتە خزمەتی.
ڕۆحی بریندارو ویژدانی زەخمار، کردەوە تێکەڵ بە هەست دەکات و ئەزموونی سووکایەتی کردن بە گرووپ، کارەسات درووست دەکات.
قۆناغێک بوونی هەیە لە ڕۆحی سووکایەیپێکراو ئازاردراوا کە پێیدەگوترێت “ترۆمای هەڵبژێردراو”؛ بە واتای نواندنەوەی زەینیی هاوبەشی ڕووداوێک لە مێژووی هاوبەشی گرووپێک کە بە دەستی ئەویدی تووشی زەبر، سووکایەتی و داماوی کراون. کاتێک ترۆمای هەڵبژێردراو دەروونی دەبێتەوە سەرەنجامەکەی هەڵگرتنی یەک ئایدیاو یەک بیری هاوبەش دەبێت لە مێنتالیتەی گرووپ دا:
“سووکایەتی دەبێت قەرەبوو بکرێتەوە.”
٭٭٭٭
حاکمییەتی ئێرانی بەجوانی توانیویەتی بە کەڵکوەرگرتن لە هەموو هۆکارەکان و دەرەنجامەکان، “سیاسەتی بە کوردستانی کردنی شەڕ”، جێبخات، سنوورە زەینییەکانی نێوان باشوورو ڕۆژهەڵات، زەقتر بکاتەوە، سووکایەتیپێکردن بکات بە ڕووداوێکی ڕۆژانەو تەنانەت بەرەو بەسیستەمیکردنیش ڕێنوێنی بکات و تا ئاستی مەترسیداری ترۆمای هەڵبژێردراو، ڕێنوێنی بکات.
کوردی ڕۆژهەڵات ئێستا هەستی قوربانیبوون لە ڕەوانیدا چێ بووە، سووکایەتی پێدەکری، لەکەدا کراوەو خراوەتە پەراوێزێک کە بە سیاسەتی داگیرکەرو بکەریی دەسەڵاتی باشوور جێبەجێ دەکرێت.
سنووری سیاسی دەسکرد، بووگە بە سنووری تڕۆمای هەلبژێردراو بێتوو دەسەڵاتدارانی باشوور، درێژە بەم ڕەوتە بدەن، یەک ئاکامی ناسراوی دەبێت کە لە مێژوودا کارەساتی لێکەوتووەتۆ:
سووکایەتی پێویستە قەرەبوو بکرێتەوە.
دڵنیام کە لە دواڕۆژی ڕۆژهەڵاتێکی ئازادکراو، تڕۆمای هەڵبژێردراو، مێکانێزمێکی چالاک دەبێت.
هیوادارم هەڵە بم…..